گەنجان و پزیشکانی ئێران کۆچ دەکەن

ساڵانە 86 هەزار کەس کەوڵاتەکەیان جێهێشتوە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ناوەندی چاودێریی کۆچ لەئێران ئاشکرای کردووە؛ ساڵانە 86 هەزار کەس کەوڵاتەکەیان جێهێشتوە داوای مافی مانەوەو پەنابەرییان لەئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا کردووەو رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ بۆ دەرەوەی وڵات 75% بەرزبووەتەوە.

محەمەد موقیمی، سەرۆکی زانکۆی تاران بە رۆژنامەی (خوراسان) لەوڵاتەکەی راگەیاندووە؛ شێوازی پەروەردەکردنی خوێندکارانی زانکۆ لەئێران لەئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو رێژەی کۆچی خوێندکاران و بەتایبەت دەستەبژێرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بووە.

بەوتەی موقیمی: رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لە 20 ساڵی رابردوودا 75% بەرزبووەتەوەو لەساڵی 2000 نزیکەی 17 هەزار خوێندکاری زانکۆ وڵاتەکەیان جێهێشتووەو لەساڵی 2020 ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوەو زیاتر لە 66 هەزار خوێندکاری وڵاتەکە کۆچیان کردووەو ئەوەش وادەکات سەرمایەو هێزی مرۆیی لەئێران زۆر کەم ببێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری تورکیا تەنها ساڵی 2021 زیاتر لە 80 هەزار هاوڵاتیی ئێران بۆ ئەو وڵاتە کۆچیان کردووە.

چاودێریی کۆچ لەئێران ئەوەی خستووەتەڕوو کەسەرەڕای خوێندکاران  73%ی پزیشکانی و پەرستارانی ئەو وڵاتە خواستی کۆچیان هەیەو هاوشانی ئەوانیش زیاتر لە 60%ی مامۆستایانی زانکۆ دەیانەوێت کۆچ بکەن بەرەو وڵاتانی رۆژئاواو دەرکەوتووە 59% خوێندکارانی زانکۆ، 69%ی مامۆستایانی زانکۆ تەنها بەهۆی دۆخی ئابورییەوە دەیانەوێت ئێران جێبهێڵن و بەرەو وڵاتانی دیکە کۆچ بکەن.

بەهۆی کوچ و جێهێشتنی وڵاتەوە ئێران رووبەڕووی کێشەی کەمیی پەرەستار بووەتەوەو رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) لەئێران بڵاویکردووەتەوە ؛ وڵاتەکە پێویستی بە 70 هەزار پەرستار هەیەو حکومەت رازیی بووە بەدامەزراندنی 25 هەزار پەرستار، بەڵام کەمترین خواست و  داواکاریی بۆ دامەزراندن پێشەکەشدەکرێت.

کۆچی پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستیی لەساڵی رابردودا دوو هێندە بەرزبووەتەوە و نزیکەی 10 هەزار پزیشک ئێرانیان بەمەبەستی کۆچ و کارکردن لەوڵاتانی دەرەوە جێهێشتووەو تەنها لەیەک ساڵدا نزیکەی 30 هەزار پەرەستارو خوێندکاری بواری تەندروستیی وڵاتەکە روویان لەوڵاتانی کەنداوو ئەمریکاو ئەوروپا و کازاخستان و هەولێر لەهەرێمی کوردستان کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار