بەردنووسی کەلاکخۆرەکان: یەکەمین تۆماری مێژوویی جەنگ

11 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

بەردنووسی کەلاکخۆرەکان دەستسازێکی هونەری دێرینی سۆمەرییە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی  سەرەتای شانشینیی سێیەم (٢٦٠٠-٢٣٥٠ پێش زایین). ئەم بەردنووسە، وێنەی سەرکەوتنی دەوڵەت-شاری لاگاش بەسەر دەوڵەت-شاری ئوممای دراوسێیدا نیشان دەدات. لەم نەخشێنراوەدا، چەندین دیمەنی جۆراوجۆری شەڕو ئایینی کێشراوە، ناوەکەشی لەوێنەی ئەم کەلاکخۆرانەوە نراوە کە لەسەر نەخشێنراوەکەدا دەبینرێن. ئەم نەخشێنراوە لەسەرەتادا لەسەر بەردەقسڵێکی یەکپارچەی تەخت هەڵکەندراوە، بەڵام لەئێستادا تەنیا حەوت پارچەی لێ ماوەتەوە. ئەو پارچانە لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لەپارێزگای زیقار (گیرسوی کۆن) لە باشووری عێراق دۆزراونەتەوە و ئێستا لەمۆزەخانەی لۆڤەر، هەڵگیراوە. ئەم بەردنووسە وەک مۆنۆمێنتی سەرکەوتنی پاشای لاگاش، ئیاناتۆم بەسەر ئوشی پاشای ئومما دانراوە. ئەم بەردنووسە، لەلایەن شوێنەوارناسان و مێژوونوسانی میزۆپۆتامیا، بەیەکەمین تۆمارکراوی جەنگ دادەنرێت لەمێژوودا. ئەم جەنگە لەنێوان هەردوو دەوڵەت-شاری لاگاش و ئومما، لەسەر ناوچەیەکی بەپیتی کشتوکاڵی و لەوەڕگایەکی فراوان بووە بەناوی گۆدینا. ئەم ناوچە تەخت و پان و بەرینە دەکەوتە نێوان هەردوو شارەکەو هەر یەکێکیان بانگەشەی خاوەندارێتی دەکرد، لەکاتێکدا کەچەندجارێک لەلایەن پاشای دەوڵەت-شاری تری ناوچەکە هەوڵی چارەسەری کێشەکە دراوە، لەوانە مێسەلیمـی پاشای کیش و دابەشکردنی ناوچەکەو دیاریکردنی سنوریش بۆ هەردوو دەوڵەت-شارەکە، کەچی کێشەو ناکۆکی و جەنگی نێوان ئەم دوو دەوڵەت-شارە لەسەر گۆدینا بۆ ماوەی ١٥٠ ساڵ بەردەوامی هەبوو.

هەردوو لایەکانی بەردەکە هەڵکەنراون و دوو دیمەنی جیاواز دەنوێننەوە. لەهەر لایەک دیمەنی جیاواز هەیە. دیمەنەکانی لایەک مێژوویی یان زەمینی لێکدراوەتەوە، هەروەها، وا بیردەکرێتەوە دیوەکەی تریش ئوستورەیی یان دەرەزەمینی بێت. هەردوو دیوی بەردەنووسەکە پەیوەستن بە ئیاناتۆمی پاشای لاگاش، بەڵام تەنیا لایەنە مێژووییەکەی هەڵکەندراوەکە جێگای سەرنجی مێژوونوسانە چونکە هەندێک زانیاری سەرنجکێش سەبارەت بەمێژووی جەنگ و شەڕ پێشکەش دەکات. «جەنگ»، لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژەیە بۆ توندوتیژی رێکخراوو بەتایبەتی ئەم شێوە جەنگیەی کە لەلایەن دەوڵەت-شارەکانی سۆمەرییەوە پەیڕەوکراوە.

دیوە مێژووییەکەی بەردنووسەکە بەسەر چوار تۆمار یان پارچەدا دابەشکراوە، کەدەبێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە بیخوێنینەوە. لەبەشی سەرەوەی تۆماری یەکەمدا، رەوەیەکی کەلاکخۆر بەهەوادا دەفڕن و سەرو قۆڵی بڕاوی سەربازە کوژراوە شکستخواردووەکانی ئوممایان بە دەنووکەکانیان هەڵگرتووە (ئەم دیمەنە، باڵندەی ئەبابیلی سوڕەتی «فیل»ـی قورئان بە زەیندا دەهێنێتەوە). یەکسەر لەخوار دیمەنی کەلاکخۆرەکان، سەربازانی سۆمەری شاری لاگاش دەبینین کە بەشێوەیەکی رێکخراو رێدەکەن و تەرمی دوژمنە شکستخواردووەکانیان دەپەستنەوە، ئەم دیمەنە، نیشانی دەدات کەڕاستەوخۆ دوای شکستی دوژمنەکەیان لەجەنگەکەدا، روویداوە. لەدیمەنەکەدا دەردەکەوێت، سەربازەکان وەک یەک یەکە رێپێوان دەکەن و بەقەڵغانی گەورەو چوارگۆشە بەرگرییان لەخۆیان کردووە؛ سا رمەکانیان لەنێوان قەڵغانەکانەوە دەرچوون. سەربازەکانی لاگاش، لەلایەن پاشاکەیان، ئیاناتۆم پێشڕەوی دەکرێن. لەلای راستی سوپای پێشڕەوی لاگاش، سەربازانی ئومما کە بەقەبارەیەکی زۆر بچووکتر نیشان دراون، وەک قەڵاشکەری هەڵدراونەتە سەر یەک یان هەڵدێن.

لەبەشی سەرەوەی تۆماری، سەربازێکی زیاتر نیشان دەدات کەڕێپێوان دەکەن، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەمجارە بەبێ قەڵغان بن، سەربازەکان رمەکانیان بەدەستێک خستووەتە سەر شان و بەدەستەکەی تریان تەوریان بەرزکردووەتەوە. سەربازەکان بەدوای گالیسکەیەکی چەنگیدا دەڕۆن کەگوێدرێژێک رایدەکێشت، کە لەلایەن کەسێکەوە کەڕمێکی درێژی بەرزکردووەتەوە، جڵەوکراوە: وا دەردەکەوێت کە ئەم جەنگاوەرەی سەر گالیسکەکەش دیسانەوە هەر ئیاناتۆم بێت. بەشی راستی ئەم تۆمارە لەدەستچووە، بەڵام دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کەدوژمن لەساتی شەڕ یاخود هەڵاتنیانی نیشان دابێت. بەڵام، روون نییە کەئایا ئەو سوپایەی لەم تۆمارە، سوپاکەی لاگاش دژیان دەجەنگن هەمان سوپای ئومما بێت یاخود سوپایەکی تر بێت.

لەتۆماری سێیەم کەکەم تا زۆر بەشێوەیەکی شایستە پارێزراوە و ماوەتەوە، بەشێکی کەسایەتییەکی دانیشتوو لەشێوەی کاهینێکی رووت کەڕێوڕەسمی مەیپڕژی ئەنجام دەدات  نیشان دەدات، لەهەمان تۆماردا، کۆ تەرمی سەربازانی کوژراو دەبینرێت، کەدەکرێت تەرمی سەربازانی دوژمن یان هی لاگاشیش بن. هەر لەلای کۆ تەرمەکانەوە، دەستەیەک مرۆ دەبینرێن کە سەبەتەیان لەسەر سەرە، رەنگە سەبەتەکان خۆڵی تێدابێت بۆ ناشتن و ژێرخۆڵکردنی ئەو کۆ تەرمە بەکارهێنرابێت. هەروەتر، بەتەنیش پێکانی کاهینەکەوە، گایەک بەکۆڵەکەیەک بەستراوەتەوە: بێگومان گایەکە بۆ قوربانی کردن ئامادەکراوە. بەئاسانی دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین، کەکاهینی دانیشتوو، دیسانەوە ئیاناتۆم بێت، بەوردی چاودێری رێوڕەسمەکان دەکات.

شێوەو رێکخستنی سەربازەکان دەستە دەستە، ئەوە نیشان دەدات کەسەرەتا دانیشتوانی میزۆپۆتامیا، ئەم شێوە رێکخستنە دامەزراوەیان لەهونەری جەنگیاندا بەکاربردووە. ئەمە لەکاتێکدا، پێشتر، شارەزایانی مێژووی جەنگ باوەڕیان وابوو کەئەم شێوازەی جەنگ لەلایەن یۆنانی و رۆمانییەکان و بەتایبەتی شێوازی جەنگی سەربازانی ئەلکساندەری مەکدۆنی پەیڕەوکراوە. ئەم بەردنووسە کەوەک یەکەمین تۆماری مێژوویی جەنگ دادەنرێت دەریدەخات کەسەرەتایترین شەڕو جەنگەکانی مرۆڤ هاوشێوەی ئێستا پاڵنەرە بنچینەییەکەی ئابوریی بووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار