ژمارەى قوربانییەکانى نقوم بوونی کەشتییەکەى دەریاى ناوەڕاست بەردەوامە لە بەرزبوونەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاند، پاش ئەوەى لە ڕۆژى ١٤ـی ئەم مانگە کەشتییەکى گواستنەوەى کۆچبەران لە دەرباى ناوەڕاست ژێر ئاو کەوت، تا ئێستا ٧٩ تەرم دۆزراونەتەوە و ٣٥٠ کەسى دیکەش بێسەروشوێنن، دەشڵێت، پێدەچێت کەشتییەکە زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەرى هەڵگرتبێت.
لەبەرەبەیانی ١٤ ی ئەم مانگە کەشتییەکی گەورەی ماسیگرتن لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی هەڵگرتبوو، بەڵام لە باشوری ڕۆژئاوای پیلۆس لە یۆنان ژێر ئاوکەوت.
لەوبارەوە حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاندووە، بەپێى زانیارییە فەرمییەکان، تا ئێستا ١٠٤ کەس ڕزگارکراون، ٧٩ تەرم لە دەریادا دۆزراونەتەوە و زیاتر لە ٣٥٠ کەسیش بێسەروشوێنن.
نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان ئاماژەى بەوەشکردووە، پێدەچێت کەشتیەکە زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەرى هەڵگرتبێت، کە سەرنشینەکانى بە زۆری خەڵکى پاکستان، میسر و سوریان.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکانى ناوچەکە لەگەڵ پاسەوانانی کەنار دەریا و سوپا بەشدارن لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی سەرنشینانى کەشتیەکە .
لە کۆتاى قسەکانیدا نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان وتویەتى، تەرمى قوربانیەکان گوازراونەتەوە بۆ ناوچەى کالاماتا و لە ئێستاشدا کارمەندانی پزیشکی لە بەندەرەکە جێگیرکراون بە مەبەستى یارمەتیدانى ڕزگاربووەکان.
لە ساڵی 2019دا 80,454 کۆچبەر گەیشتنە یۆنان، بە ئامارەکانەوە دیارە کە تاوەکو ساڵی 2023 ژمارەکان داکشاون، لە 2022دا بۆ 12,758 کۆچبەر دابەزیوە، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی یۆنان، لە ساڵی 2022دا پۆلیسی وڵاتەکە رێگریی لە 256 هەزار کۆچبەری نایاسایی کردووە بچنە نێو خاکی وڵاتەکەی، هەروەها 1300 کەسی دیکەشیان دەستگیر کردووە کە قاچاخچی بوون.