کۆشکی سپی وەڵامی لێدوانەکانی پوتن سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی دەداتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆشکی سپی وەڵامی لێدوانەکانی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیای سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دایەوە و رایگەیاند، واشنتن هیچ دەستکارییەکی لە دۆخی ئەتۆمی خۆیدا نەکردوە.
کۆشکی سپی لەوەڵامی لێدوانەکانی ڤلادیمیر پوتن، ڕایگەیاند، "ئەمریکا لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا هیچ دەستکارییەکی لە دۆخی ئەتۆمی خۆیدا نەکردوە".
ئۆلیڤیا داڵتۆن، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی، پابەندبونی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای بە بنەمای بەرگریکردن لە یەکتر لە ناتۆ پشتڕاستکردەوە.
ئەو لێدوانانە دوای ئەوە هات، کە پوتن رایگەیاندبو، کە ڕوسیا دەتوانێت "لە ڕوی تیۆریەوە" چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت ئەگەر مەترسی لەسەر یەکپارچەیی خاکی یان بونی هەبێت، بەڵام لە ئێستادا پێویستی بەو شتە نییە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆڕبەندی ئابووریی سان پیتەرسبۆرگ رایگەیاند، رووسیا بۆمبی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو کۆتایی هاوینی ئەمساڵ، ژمارەیەکی دیکە چەکی ئەتۆمی لەو وڵاتە جێگیر دەکرێن.
پووتین گوتی، "لەگەڵ هاوپەیمانەکەمان لۆکاشینکۆ، گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی بەشێک لە چەکە ئەتۆمییە ستراتیژییەکەمان بگوازینەوە بۆ نێو خاکی بێلاڕووس؛ ئەوەش روویداوە". پووتین گوتیشی، "ئەوە رێوشوێنێکی خۆپارێزییە بۆ هەموو ئەوانەی کە بیر لە رووسیا و شکستە ستراتیژییەکەی دەکەنەوە."
لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "روسیا ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بەشێک لە ناوەڕاستی کیێڤ لەناوببات لە وەڵامی ئیستفزازەکاندا، بەڵام ئەو کارە ناکات"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا هیچ چانسێکی سەرکەوتنی نییە".
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 14-6-2023، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا بەشێک لە چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە و گوتی، "هیچ دوودڵ نابین لە بەکارهێنانی ئەو چەکانە ئەگەر رووبەڕووی شەڕەنگێزی ببینەوە."
لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و جگە لە یارمەتی دارایی، چەندین جۆر چەک و کەرەستەی سەربازییان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە.