سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر شەڕی لە دژی سوپای رووسیا راگەیاند

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گرووپی ڤاگنەر لە رووسیا یاخی بوون و شەڕیان دژی مۆسکۆ راگەیاند و دەڵێن: رووسیا ئازاد دەکەین.

فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، هێزەکانیان دژی چوونەتە ناو خاکی رووسیاوە و دەیانەوێت "گەلی رووسیا ئازاد بکەن".

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، کاتێک کە لە شەڕی ئۆکراینادا بوون، رووسیا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەریان و ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدارەکانی کوشتوون

رۆژی هەینی 23-6-2023، ژمارەیەک نامەی دەنگی یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر بڵاوبوونەوە کە یەکێکیان پەیامی شەڕ لە دژی سوپای رووسیای لەخۆگرتووە.

پریگۆژین دەڵێت، "ئەنجوومەنی فەرماندەیی ڤاگنەر بڕیارێکی دەرکردووە: ئەو خراپەکارییەی لەلایەن سەرۆکایەتیی وڵاتەکەوە دروستبووە دەبێت بووەستێنرێت."

لەبارەی تۆڵەکردنەوەش لە سوپای رووسیا دەڵێت، "ئەوانەی، کوڕەکانیان کوشتین، دەیانیان لێ کوشتین، دەبێت بزانن لە بەرامبەردا بە ژیانی دەیان هەزار سەربازی رووسی سزادەدرێن. داوا دەکەم، کەس نەیەتە سەر رێمان."

سەرۆکی ئەو گرووپە چەکدارییە لە ڤیدیۆیێکدا کە رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، پاشماوەی زیانی یەکێک لە هێرشە مووشەکییەکانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بۆ سەر پێگەیەکی سەربازیی گرووپەکە نیشاندەدات.

دیار نییە پریگۆژین لە هێرشکردنە سەر رووسیا مەبەستی کوێیە، بەڵام دەڵێت، "ئێمە 25 هەزار چەکدارین و دەچین بزانین ئەم ئاژاوەیە چییە دروستکراوە لەم وڵاتەدا. کێ دەیەوێت بەشداریمان لەگەڵ بکات با بێت، پێویستە ئەم بێسەروبەرییە کۆتایی پێبێنین."

لەلایەکی دیکەوە، دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی رووسیا، تۆمەتی یاخیبوونی دایە پاڵ ێڤگینی پیریگۆژین و فەرمانی دەستیگیرکردنی بۆ دەرکرد، بەتۆمەتی یاخی بوون دژی سوپا.

هاوکات، ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆش لە شەقامەکانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بڵاوەیانپێکراوە و هێزە ئەمنییەکانی شارەکە خراونەتە ئامادەباشییەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار