ئێستا؛ نوێترین زانیارییەکان لەسەر دۆخی ڕوسیا

سەرۆکی ڤاگنەر: بنکە سەربازییەکانی رۆستۆڤمان کۆنترۆڵکرد

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، هێزە چەکدارەکانی گەیشتوونەتە نێو شاری رۆستۆڤ لە باشووری رووسیا و بنکە سەربازییەکانی ئەو شارەیان کۆنترۆڵکردوون.

ئەمڕۆ شەممە 24-6-2023، یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، خۆی و هەزاران چەکداری بە مەبەستی لابردنی فەرماندە سەربازییەکانی رووسیا لە پۆستەکانیان بەرەکانی جەنگیان جێهێشتووە و چوونەتە نێو رووسیا. 

پریگۆژین لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "ئێستا لە نێو فەرماندەیی سوپاداین؛ ئێستا کاژێر 7:30 خولەکی بەیانییە"؛ گوتیشی، بنکە سەربازییەکانی رۆستۆڤ و فڕۆکەخانەیەکی سەربازی کۆنترۆڵکراون.

هاوکات ئەمڕۆ شەممە پایتەختی ڕوسیا ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی لە دوای بانگەوازی پریگۆژین بۆ یاخیبونی چەکداری توندترکرد.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ دەڵێت، "چالاکی دژە تیرۆر" لە شارەکەدا بەڕێوەدەچێت و ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بەهێزترکراون و ڕێوشوێنی دژە تیرۆر لە مۆسکۆ گیراوەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە ڕوداوەکان.

ئیگۆر ئارتامۆنۆڤ، پارێزگاری ناوچەی لیپێتسکی ڕوسیا ئەمڕۆ شەممە بەهێزکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ناوچەکەی ڕاگەیاند و داوای لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کرد کە خۆیان لە گەشتکردن بە ئاراستەی باشور بە تایبەت بۆ ناوچەی ڤۆرۆنیژ بەدور بگرن.

هەروەها پێگە پەیوەندییەکان و کەناڵەکانی "تەلەگرام" کلیپی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئۆتۆمبێل و تانکەکان لە بەردەم بینای وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لە شاری ڕۆستۆڤ وەستاون.

سەرچاوەکانی ڕۆستۆڤ بڵاویانکردەوە، کەسانی نەناسراو بە جلوبەرگی کامۆفلاجی سەربازییەوە گەمارۆی بارەگای ناوچەی سەربازی باشور و بارەگای سەرەکی وەزارەتی ناوخۆ و بینای ئیدارەی شارەکەیان داوە.

ئەو بنکە سەربازییانەی پریگۆژین بانگەشەی کۆنترۆڵکردنیان دەکات رۆڵێکی گەورەیان لە شەڕی دژ بە ئۆکراینادا هەیە، چونکە شوێنی جووڵەپێکردن و رێکخستنەوەی هێزەکانی سوپای رووسیان و فڕۆکەخانە جەنگییەکەش بۆ فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بەکاردەهات کە لە شەڕی ئۆکراینادا بەشدارییان هەبوو. 

پریگۆژین دەڵێت، هیچ جمووجووڵێکی سەربازیی زەوینی و ئاسمانیی پەیوەست بە شەڕی ئۆکراینایان نەوەستاندووە.

سەرۆکی ڤاگنەر ئاماژە بەوەش دەکات، فڕۆکەخانە سەربازییەکەیان کۆنترۆڵکردووە تاوەکو رێگری بکرێت لەوەی لەو فڕۆکەخانەوە هێرش بکرێتە سەر چەکدارانی گرووپەکەی و داوا لە هاووڵاتییانی رووسیاش دەکات بڕوا بەوە نەکەن لە تەلەڤزیۆنەوە پێیان دەگوترێت. 

بڕیارە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی ئەو کێشەیە گوتارێک پێشکێش بکات. 

 

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان :

کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە نزیکەوە بەدواداچون بۆ پێشهاتەکانی ڕوسیا دەکات لە دوای لێدوانەکانی پریگۆژین.

کۆشکی سپی دەڵێت، "ئێمە چاودێری بارودۆخی ڕوسیا دەکەین، بایدنیش لە کورتەیەک لە هەنگاوەکانی ڤاگنەر لە دژی سەرکردایەتی سوپای ڕوسیا ئاگادار کرایەوە".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار