دوای ئەوەی ئەردۆغان پشتگیری لە پوتین کرد؛ بلینکن و فیدان کۆبونەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی بە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بلینکن و فیدان لەبارەی دۆخی روسیا قسەیان کردوو، بەڵام ناوەڕۆکی پەیوەندیەکەی بڵاونەکردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ کریملین رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا، پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا دەربڕیوە.
ئەمڕۆ گروپی ڤاگنەر، لە سوپای روسیا هەڵدەگڕایەوە و بەرەو مۆسکۆی پایتەخت دەستی بە پیشڕەوی کرد و ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
دواتر نوسینگەی راگەیاندنی ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیا بڵاوى کردەوە، یڤگنی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر پێشنیازی ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆی سەرۆكی بیلاڕوسیا بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵی هێزەکانیان لە ڕوسیا و گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قبوڵ کردوە.
یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەریش رایگەیاند "بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، ئێستا کە ئێمە 200 کیلۆمەتر لە مۆکسۆوە دوورین، بڕیارماندا چەکدارەکانمان بگەڕێنینەوە سەنگەرەکانیان".