ڕێکەوتنەکەی ڤاگنەر لەگەڵ ڕوسیادا چی بوو؟ چۆن کشایەوە؟
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەو یاخیبونە چەکدارییە بە سەرۆکایەتیی یڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی سەربازی تایبەتی ڤاگنەر کە لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردودا لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بە نێوەندگیری ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکایەتی سەرۆکی بێلاڕوسیا ڕێککەوتن لەسەر پێنج خاڵ کۆتایی هات.
حکومەتی رووسیا دەڵێت، سەرۆکی ڤاگنەر دەچێتە بێلاڕووس و رووبەڕووی هیچ تۆمەتێک نابێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە جموجووڵی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ وەستاند.
ئەو ناکۆکییەی لە نێوان یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر و بەرپرسانی سەربازیی رووسیادا هەبوو، دوێنێ تەقییەوە، بە جۆرێک کە هێزەکانی ڤاگنەر رۆژی شەممە بارەگایەکی گرنگی سوپایان لە باشووری رووسیا کۆنترۆڵکرد و بەرەو باکوور بە ئاراستەی مۆسکۆ کەوتنەڕێ.
ڤلادیمیر پووتین هۆشداری لە دروستبوونی شەڕی نێوخۆی دا؛ بەرپرسانی مۆسکۆ بە خەڵکی شارەکەیان گوت شەقامەکان چۆڵ بکەن و کیێڤیش بە تەنگژەی دوژمنەکەی ئاسوودە بوو.
بەڵام دواتر بە شێوەیەکی کتوپڕ پریگۆژین رایگەیاند، "هێزەکانمان دەگەڕێنینەوە سەربازگەکان" بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی رێگری لە دروستبوونی خوێنڕێژی لە مۆسکۆ بکات.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرێملین) گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاروسیای ئاشکرا کرد کە کۆتای بە بەرەوپێشچونی گروپی ڤاگنەر کرد بەرەو مۆسکۆ.
یەکەم: بەشێک لە چەکدارانی ڤاگنەر، کە هەر لەسەرەتاوە رەتیانکردەوە بەشداری "کەمپینەکەی پریگۆژین" بکەن، ئەگەری پەیوەستبونیان بەریزەکانی هێزە چەکدارەکانی روسیا و گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگرییان دەبێت.
دوەم: هیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایییان لەسەر نابێت.
سێیەم: هێزەکانی ڤاگنەر دەگەڕێنەوە بۆ ئۆردوگاکانیان.
چوارەم: ئەو بەشەی کە نایەوێت بگەڕێتەوە بارەگا و کەمپەکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری روسیا رێککەوتن واژۆ دەکات.
پێنجەم: داخستنی دۆسیەی تاوانی پریگۆژین و ئەویش بەرەو بێلاڕوسیا بەڕێدەکەوێت.
هەروەها وتەبێژی کرێملین بەڕونی ئەوەی خستەڕو، کە سەرۆکەکانی روسیا و بیلاڕوسیا لەسەر نێوەندگیری مینسک لە پڕۆسەی یەکلاکردنەوەکەدا رێککەوتون و ئاماژەی بەوەدا، کە نێوەندگیرییەکە "دەستپێشخەرییەکی شەخسی سەرۆکی بیلاڕوسیا بوە".
هاوکات لە ئۆکراینا، بەرپرسانی حکومەت کاردانەوەیان هەبوو:
میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئۆکراینا لە تویتێکدا نووسی، "پریگۆژین، پووتین و حکومەتەکەی ریسوا کرد."
لە کاتێکدا کە رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، یاخیبوونەکە هیچ کاریگەرییەكی لەسەر هێرشی سەر ئۆکراینا نابێت، کیێڤ گوتی نائارامییەکە بووەتە "پەنجەرەی دەرفەت" بۆ هێزە ئۆکراینییەکان کە سەرقاڵی هێرشێکی پێچەوانەی لەمێژە چاوەڕوانکراون.