واشنتن پۆست: هەواڵگری ئەمەریکا هەفتەیەک پێشتر ئاگاداری پلانەکانی ڤاگنەر بوو

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ناوەڕاستی ئەم مانگە و پێش زیاتر لە هەفتەیەک ئاگاداری پلانەکەی پریگۆژین بووە و زانیویەتی لە پوتن هەڵدەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەمەریکییەکە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا هەفتەیەک پێش هەڵگەڕانەوەی فەرماندەی ڤاگنەر لە مۆسکۆ ئاگاداری پلانەکە بوون و سەرۆکی ئەمەریکا، پێنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێسیشیان ئاگادارکردووەتەوە.

واشنتن پۆست زانیارییەکانی لە چەند سەرچاوەیەکی ناو حکومەتی ئەمەریکاوە بەدەستیکەوتوون، ئاماژەی بەوەکردووە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا تەواوی وردەکارییەکانی گەیاندووەتە لایەنە باڵا پەیوەندیدارەکان و بەگوێرەی ئەو زانیارییانە بەرپرسانی ئەمەریکا تاکە نیگەرانیان ئەوەبووە، ئەگەر پوتن لە دەسەڵات نەمێنێت مەترسی ئەوە هەیە رووسیا رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ ببێتەوە، ئەوکات کۆنترۆڵی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لەدەستی کێ دەبێت و مەترسی و لێکەوتەکانی چی دەبن، بۆ ئەمەریکییەکان جێی دڵیانیی نەبووە.

هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدنیش ئاشکرای کردووە، ئامادەکاری تەواویان بۆ هەموو سیناریۆیەک کردبوو لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی هەواڵگری ئەمەریکا لەبارەی هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر دژ بە مۆسکۆ پێیان گەیشتبوو.

ڕۆژنامەکە دەشڵێت، پریگۆژین ئەم بڕیارەی بە مەترسی بۆسەر خۆی زانیوە و دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ئاگاداری پلانەکەی بووە بۆ هەڵگەرانەوە لە وەزارەتی بەرگری و جووڵەپێکردنی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ. وەک ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا روونیکردووەتەوە، بەرپرسانی ئۆکرانیاش ئاگاداری پلانەکە بوون بەڵام بەدیاریکراوی نەیانزایوە کەی پلانەکەی جێبەجێ دەکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار