سەرۆکی ڤاگنەر: ویستمان سەرنجی سەرۆکایەتی ڕوسیا بۆخۆمان راکێشین

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی ڤاگنەر لە تۆمارێکی دەنگیدا هۆکاری هێرشکردنە سەر مۆسکۆی ئاشکرا کرد.

یەڤگینی پریگۆژین، لە تۆمارێكی دەنگیی 11 خوولەکیدا گوتی، "لە دوای رزگارکردنی شاری باخمووت لە هەرێمی دۆنێتسک، وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوشاری خستەسەرمان بۆ واژۆکردنی گرێبەستی تایبەت لەگەڵ وەزارەتەکە، نە من و نە چەکدارەکانم ئامادەی واژۆکردنی گرێبەستەکە نەبووین و بە پاساوێک بۆ کۆنترۆڵکردنمان و دانانمان لە ژێر رکێفی وەزارەتی بەرگریمان دانا." 

وتیشی بەرپرسانی بەرگریی سوپای رووسیا رێگرییان لە گەیشتنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی بە چەکدارەکانمان دەکرد؛ ئەوان بەرپرسن لە چەواشەکردن و هەڵخەڵەتاندنی گەلی رووسیا، زانیاری هەڵە بە سەرۆکایەتی وڵات دەدەن و هۆکارێكن بۆ لە دەستدانی زەوی لە بەرەکانی شەڕدا.

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر باسی لەوەش کرد، "ئێمە بەو جووڵەیەمان نەماندەویست کودەتا بەسەر دەسەڵاتی سیاسییەوە بکەین، بەڵکو ویستمان سزای ئەو کەسە سەربازییانە بدەین کە چەندین هەڵەیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە ئەنجامداوە".

ئەوەشی ڕونکردەوە کە رۆیشتنیان بەرەو مۆسکۆ و نزیک بوونەوەیان لە پایتەخت بەبێ ئەوەی رووبەڕووی هیچ رێگرییەکی راستەقینە ببنەوە، بوونی کەلێنێکی گەورەی ئەمنی لە وڵاتدا دەردەخات.

ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، گرووپی ڤاگنەر هێرشی پێچەوانەی بۆ ڕوسیا دەستپێکرد و توانی "بەبێ خوێن ڕشتن" هەرێمی رۆستۆڤیان کۆنتڕۆڵبکات و و دواتر بەرەو پایتەخت کەوتنەڕێ. چەکدارانی گرووپەکە تەنیا 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوور بوون، هەڕەشەی دەستگیرکردنی وەزیری بەرگری و سوپاسالاریان دەکرد کە پریگۆژین تۆمەتباری کردوون بە هۆکاری کوژرانی هەزاران چەکداریان لەشەڕی ئۆکراینا.

دواتر بە نێوەندگیری سەرۆکی بیلاڕوسیا کشانەوە شوێنەکانی خۆیان و ڕێکەوتنێکی پێنج خاڵییان کرد.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار