بایدن هەڵەیەکی دیکە دەکات و دەڵێت: پوتن جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئەمەریکا بەردەوامە لە هەڵەکردن لەکاتی لێدوان و قسەکانیدا لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا دەڵێت، ڤلادیمێر پوتن جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت.
دووبارەبوونەوەی چەندین جارەی هەڵەکردنی بایدن لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنووسان یان پێشکەشکردنی گوتاردا، بووەتە هۆی ئەوەی گومان لە توانای بایدن بکرێت بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئەویش تا ئێستا سوورە لە سەر ئەو بڕیارەی.
بایدن جارێکی دیکە لەکاتی قسەکردندا هەڵە دەکات و لەبری ئەوەی بڵێت سەرۆکی رووسیا جەنگی ئۆکرانیا دەدۆڕێنێت، دەڵێت جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت.
هەروەها لەبارەی پوتنەوە وتی، "سەختە بزاندرێت تا چەند لاوازبووە، بەڵام ئاشکرایە جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت، لە خاکی خۆشی جەنگ دەدۆڕێنێت".
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، "رووسیا لەلایەن جیهانیشەوە گۆشەگیر کراوە، تەنیا لەلایەن ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاوە گۆشەگیر نەکراوە، بەڵکو لەلایەن 40 وڵاتەوە، بۆ نموونە وەک ژاپۆن گۆشەگیر کراوە".
هاوکات جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2024دا تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا و بڕیاریداوە بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆیهەڵبژێرێتەوە بەڵام لە کاتی قسەکردن و مامەڵەکردنیدا بەردەوام لە بەرچاوی میدیاکان هەڵەدەکات و ئەمەش گومانی دروستکردووە لەوەی بتوانێت بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە خۆی هەڵبژێرێتەوە .