لەسەر ناڕەزایی کوژرانی گەنجێک لە لایەن پۆلیسەوە، 150 کەس دەستگیرکراون

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە دوای کوژرانی شوفێرێکی تەمەن 17 ساڵ بە ھۆی تەقەی پۆلیسەوە لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، ناڕەزایەتی لە چەندین شاری ئەو وڵاتە بەڕێوەچو، بەپێی ئامارەکان تائێستا 150 کەس دەستگیرکراون.

وەزیری ناوخۆیی فەڕەنسا، جێرالد دارمانین لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوژرانی شوفێرێکی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی نایل م. لەلایەن پۆلیسەوە لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، دەستیپێکردووە.

وتیشی، خۆپیشاندەران هێرشیان کردۆتە سەر هۆڵەکان و قوتابخانەو بنکەی پۆلیسەکان و چەندین شوێنی جیاوازی دیکەی شارەکە و بەم هۆیەوە 150 کەس دەستگیرکراون و زیاتر لە 24 پۆلیسیش برینداربوون.

جێرالد دارمانین جەختیشی لەوە کردەوە کە نزیکەی 40 ئۆتۆمبێل، شارەوانییەک و چەندین تەنەکەیەکی خۆڵ سوتێندراون.

وەزیری ناوخۆیی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشدا کە دوێنێ ھەزار و 200 و ئەمڕۆش دوو ھەزار کارمەندی ئەمنیی خراونەتە بەر ئەرک و داوای ھێوربوونەوەی کرد و وتی گەر ئەو پۆلیسەی تەقەی لە ئەو گەنجە هەرزەکارە کردووە بە پێی یاسا بسەلمێندریت خەتابارە ئەوا سزا دەدرێت.

دوای ئەوەی لە مانگی سێی ئەمساڵدا تەمەنی خانەنشینی بەرزکرایەوە لە لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ  ئەوەش شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەندیکاکان و فەرمانبەرانی لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا ھێناو خۆپیشاندانەکان تا دێت فراوانتر دەبن و ئاڵۆزییان تێدەکەوێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار