سەلامی: ئەمریکا ویستی لە هەرێمەوە بەشێک لە خاکی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات

سوپای پاسداران دەڵێت پێشوەخت پلانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان پوچەڵ کردوەتەوە

حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران

یەک ساڵ لەمەوپێش



فەرماندەیەکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی رایدەگەیەنێت کە ئەمریکا ویستویەتی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لە خاکی ئێران داببڕێت بەڵام پلانەکەیان شکست پێهێناوە.

حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبونەوەی فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکە رایگەیاند؛ هێزی سوپای پاسداران تەنها موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نییە ئەزمون و توانای زۆریان هەیە بۆ بەرەنگاربونەوە نەیارانیان.

سەلامی لەو کۆبونەوەیەدا وتی: ئەمریکا پلانی هەبوە لە هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لە خاکی ئێران پارچە بکات و تەنانەت بەشێوەیەکی کاتی ئەو ناوچەیە لە خاکی وڵاتەکە داببڕێت و چەند شارێک بە تەواوتی کۆنتڕۆڵ بکرێن.

ئاماژەی سەلامی بە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە کە بە وتەی ئەو ئەمریکا پلانی دابڕانی لە خاکی ئێرانی بۆ داڕشتوە و جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری پێشوی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دانی بەو سیناریۆیەدا ناوە.

حسێن سەلامی وتوشیەتی: هێزی وشکانی سوپای پاسداران ئەو پلانەی بە هێرشی پێشوەخت پوچەڵ کردوەتەوە و ئەوەش بوەتە هۆی تێکچونی رێکخستن و پلانەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانەوە دژی ئێران.

لێدوانی سەلامی لە کاتێکدایە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران، سوپای پاسداران چەند جارێک بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی لە برادۆست، هەولێر، کۆیە و زڕگوێز-ی موشەکباران کردوە و بە فڕۆکەی خۆ کوژ هێرشی کردوەتە سەریان کە زیاتر 20 کوژراو و نزیکەی 70 برینداری لێکەوتوەتەوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی پارتەکانی رۆژهەڵات و نەیارانی دەسەڵاتی ئێران تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێکردنی پلانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار