هەواڵگریی ئێران: تۆڕێکی تیرۆریستیی ئیسرائیل دەستگیر کراون
ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی کارکردن بۆ ئیسرائیل لە رۆژهەڵات دەستگیرکراون
یەک ساڵ لەمەوپێش
هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی رایدەگەیەنێت تۆرێکی سەر بە ئیسرائیلی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکردوە کە ویستویانە بە بۆم لە چەندشارێک و لە کۆڕ و کۆبونەوەکاندا تەقەینەوە ئەنجام بدەن.
وەزارەتی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) ئەمرۆ دووشممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە؛ ژمارەیەک کەس لە پارێزگاکانی تاران، کرمان، ئەسفەهان، کۆهگیلۆیە و بۆیرئەحمەد، مازەندەران و پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون کە ئامانجیان بوە هێرشی سەربازیی و تەقینەوە ئەنجام بدەن.
لە بەیاننامەکەی ئیتلاعاتدا هاتوە؛ ئەو کەسانە سەر بە تۆڕێکی بەربڵاوی ئیسرائیل بون و زیاتر لە 43 بۆمبی بەهێزیان پێوە گیراوە کە ویستویانە کاری تێکدەرانە لەو پارێزگایەنە ئەنجام بدەن.
بە پێی بەیاننامەکە ئەو کەسانە پێشتریش هێرشیان بۆ سەر دامودەزگاکانی حکومەت ئەنجام داوە و دەستیان هەبوە لە سوتانی چەند بنکە و بارەگایەکی بەسیجی سەر بە سوپای پاسدارن و تۆماری ڤیدیۆیی کارەکانیان بۆ بەرپرسەکانیان لە وڵاتی دانیمارک و هۆڵندا رەوانە کردوە.
بڵاوبونەوەی بەیاننامەکەی ئیتلاعات لە کاتێکدایە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەندامانی پارتە نەیارەکانی خۆی بە بەکرێگیراوی ئیسرائیل و ئەمریکا ناودەهێنێت و لە ماوەی رابردودا ژمارەیەک لە گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی ئەندامێتی لە پارتە نەیارەکاندا لە لایەن دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکانەوە دەستگیر کراون.