ترەمپ بەهۆی وێنەیەکەوە حەوت ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەهۆی وێنەیەکەوە کە لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی ئەمریکا گیراوە حەوت ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە وتەبێژی کەمپینی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2024 رایگەیاندووە، لەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەکەی دۆنالد ترەمپ، حەوت ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەخشراوە بە کەمپینەکەیان.
کەمپینەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆکردنەوەی بودجەیە تا بتوانێت ببێتە بەربژێری سەرەکی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بۆ ساڵی 2024. لە ئێستادا ترەمپ یەکێکە لە کاندیدە لەپێشینەکانی کۆمارییەکان.
وێنەکەی ترەمپ پێنجشەممەی رابردوو بڵاوبوویەوە کاتێك لە بنکەیەکی پۆلیس لە شارۆچکەی فوڵتن سەر بە ویلایەتی جۆرجیا دەستبەسەر کرا و وەک تۆمەتبارێک وێنەی گیرا. دەستگیرکردنی ترەمپ بە تۆمەتی هەوڵدانیەتی لە دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2020 لە ویلایەتی جۆرجیا. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جگە لەم تۆمەتە چەندین تۆمەتی تریشی لەسەرە کە یەکێکیان هاندانی لایەنگرانییەتی بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا. ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە لە مێژوودا کە وێنەی تۆمەتباری بگیرێت لە بنکەی پۆلیسدا.
بەپێی وتەی وتەبێژی کەمپینەکەی ترەمپ تا ئێستا کەمپینەکایان توانیویەتی 20 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە کە مەبەست لێی یارمەتیدانی ترەمپە بتوانێت ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2024.
هاوکات ترەمپ دوای ئازادبوونی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە پێشتر بە تویتەر ناسرابوو، داوای لە لایەنگرانی کرد کە پارە ببەخشن بە کەمپیەنەکەی لەڕیگەی فرۆشتنی تیشیرتەوە کە وێنەکەی لەسەر بێت.
ئەو وێنەیەی دۆناڵد ترەمپ کە حەوت ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە: