ڕاوێژکاری سودانی: لەبارەی گروپە چەکدارەکانی هەرێم و عێراق ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران کراوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، "رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا سەبارەت بە گروپە چەکدارەکان لە هەرێمی كوردستان پەیامێکە بۆ وڵاتانی دراوسێ تایبەت بە رەتکردنەوەی ئەو گروپانەی لەناو عێراقەوە هەڕەشەن بۆسەر وڵاتانی دراوسێ.
هیشام ڕوکابی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند:" ڕێكکەتن لەگەڵ ئێران دەربارەی گروپە چەکدارەکانی باکوری عێراق و هەرێم شتێکی نوێ نییە بۆ عێراق."
ئاماژەی بەوەشکرد،" عێراق هەڵوێستی نەگۆڕ و ڕونە دەربارەی بونی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سنوری عێراق و ناوچە دورە دەستەکان."
ئاشکراشیکرد، ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێراندا کراوە و سێ بەندی لەخۆیگرتوە و لەوانەش، ڕێگریکردن لە بەزاندنی سنور و پەڕێنەوەی گروپە چەکدارەکان دوای بڵاوپێکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور و ڕادەستکردنی داواکاران دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و داماڵینی چەك لە گروپە چەکدارەکان و لابردنی سەربازگەکان.