بەریتانیا: زیاتر لە ١٦٠٠ عێراقی ئەمساڵ داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە 20 هەزار کەس بەرێگای نایاسایی هاتوونەتە بەریتانیا و هەزار و 671  پەنابەری عێراقیش داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە. 

بەپێی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، تا سەرەتایی مانگی ئابی ئەمساڵ 20 هەزار و 100 کەس بەشێوەیەکی نایاسایی لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە روویان لە بەریتانیا کردووە.

ئامارەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رێگەی قاچاخ و نایاسایی بۆ بەریتانیا کەمینەکردووە و ئەو یاسا نوێیانەی بەریتانیا دژی کۆچکردنی نایاسایی دەریکردوون نەبوونەتە بەربەست لەبەردەم کۆچبەراندا. 

دوای دەستبەکاربوونی ریشی سوناک لە کۆتایی ساڵی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا چەند یاسایەکی نوێی دەرکرد دژی کۆچکردنی نایاسایی کە گرنگترینیان رێگرتن بوو لەو کەسانەی دەچنە نێو بەریتانیەوە لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە. بەپێی یاساکە، کە هێشتا جێبەجێنەکراوە، ئەو کۆچبەرانە یان دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان یان رەوانەی وڵاتی سێیەم دەکرێن کە رواندایە. 

بەڵام بەپێی ئامارەکەی حکومەتی بەریتانیا، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا سێ هەزار و 366 پەنابەری ئەفغانی داوای مافی پەنبەرێتییان کردووە و دوای ئەوانیش ئێرانین کە سێ هەزار و 200 کەسن. هاوکات ئامارەکە دەریدەخات کە هەزار و 671 کۆچبەری عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار