ئێران داوای رادەستكردنەوەی ژمارەیەك سەركردەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە عێراق دەكات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار رایگه‌یاند كه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران داوای‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حزبه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی‌ له‌ عێراق كردووه‌.

ده‌نگی‌ ئه‌مریكا له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌کەوه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ئێران به‌ فه‌رمی لیستی به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی حزبه‌ كوردیه‌كانی ئێرانی داوه‌ به‌ حكومه‌تی عێراق و داوای ته‌سلیمكردنه‌وه‌یانی به‌ ئێران لێكردوون".

ئەو سەرچاوەیەی حزبێكی كوردستانی ئێران كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"ئەو ناوانەی ئێران داوای تەسلیمكردنەوەیان دەكات لە حكومەتی عێراق، بەرپرسانی باڵای حزبە ڕۆژهەڵاتییەكانن، كە بەشێكیان لە هەرێمی كوردستان و بەشێكیشیان لە وڵاتانی دەرەوەی هەرێم نیشتەجێن."

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ ناوه‌كان بریتین له‌: "مسته‌فای هیجری، ڕه‌زا كه‌عبی، عومه‌ر ئیلخانیزاده‌، نه‌وید میهراوه‌ر، كاوه‌ به‌هرامی، محه‌مه‌د ساحیبی، محه‌مه‌د نه‌زیف قادری، مسته‌فا مه‌ولودی، حسێن یه‌زدانپه‌نا، ئه‌مجه‌د حسێن په‌ناهی، كاكو عه‌لیار، عه‌بدوڵا ئازه‌ربار، و چه‌ند كه‌سێكی تر".

نه‌وید میهراوه‌ر، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی له‌ لیستی داواكراواندا ناوی هاتووه‌، رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاگادارن كه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ داواكراون، به‌ڵام به‌ فه‌رمی هیچ لایه‌نێك له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌ نه‌كردوون.

دەشڵێت "لە ئەگەری مەترسی لەسەر ژیانمان، خۆمان خۆمان دەپارێزین، دووەم چاوەڕوانی لە دڵسۆزان و بەرپرسانی هەرێم دەكەین وەك هەمیشە داوكارییەكانی ئێران ڕەت بكەنەوە".

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە بەشێك لە میدیا كوردییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە، كە چەند كەسێك لە سەركردەی حزبە كوردییەكانی ئێران، هەرێمی كوردستانیان بۆ دەرەوە بە جێهێشتووە بە هۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، بەڵام نەوید میهراوەر ئەوە ڕەت دەكاتەوەو دەڵێت،"ئێمە كەسمان وڵاتمان بەجێنەهێشتووە، تەنانەت ئەوانەشمان كە ناومان هاتووە."

دەشڵێت،"هەڕەشەكان بابەتێك نییە بچینە ژێر باری، لەو بەرەین كە هەموو تەمەنمان لە بەرگری لە گەلی خۆمان و مافەكانی خەڵكی هەژار بەسەر بردووە، چۆن بەدەست هەڕەشەی ئێرانەوە هەڵدێین، ئێمە هەمیشە لە مەترسی فڕاندن و تیرۆرداین، بەڵام خۆمان پاراستووە."

هەرچی حزبی دیموكراتی كوردستانیشە ڕەتی دەكاتەوە هیچ بەرپرسێكیان بە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی هەرێمی كوردستانی بەجێهێشتبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار