رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: لانیکەم ٩٠ رۆژنامەنووس و ٦٠ پارێزەر لە ئێران دەستگیرکراون
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵیادی دەستپێکردنی بزووتنەوەی " ژن، ژیان، ئازادی"دا راگەیاندنێکی بڵاو کردۆتەوە .
لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راگەیاندراوێکدا لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی بە ئاماژەدان بە کوشتنی سەدان خۆپیشاندەر و دەستدرێژی و دەستبەرکردنەکان، ئەشکەنجەی دەیان هەزار کەس لە ساڵی رابردوودا، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بەرامبەر ئەو تاوانانە بێدەنگنەبن.
لە راگەیاندراوەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە:"سەرەڕای ناڕەایەتییەکانی یەکساڵی رابردوو لە ئێران دژی حیجابی زۆرەملێ، بەرپرسانی ئەو وڵاتە هێشتا "پۆلیسی ئەخلاق" وەک ئامرازێک بەکار ئەهێنن بۆ بێبەریکردنی ژنان لە مافی هەڵبژادنی جل و بەرگ.
هەروەها باسلەوەشدەکات کە :" بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی جگە لەوەی دەیان هەزار کەسیان دەستگیرکردووە، لانیکەم ٩٠ رۆژنامەنووس و ٦٠ پارێزەریان دەستبەسەر کردوەو دەستگیرکردنی سەرەڕۆیانەی بنەماڵەی کوژراوەکانی شۆڕشی ژینا و گوشار بۆ سەر خوێندکاران توندتر بۆتەوە."
دیانا تەحاوی، جێگری سەرۆکی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا وتوویەتی :" بەرپرسانی ئێران لە ساڵی رابردوودا بە بێبەزەییانەترین شێوە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا هەڵسووکەوتیان کردوەو تەنانەت لێکۆڵینەوە لە یەک بەرپرس نەکراوە چ بگا بەوەی سزابدرێت.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەم راگەیاندنە نوێیەدا لەگەڵ ئەوەی باس لەوە دەکات کە هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بە تەقەی راستەوخۆ بوون بە هۆی نابینابوون و کەمئەندام بوونی خۆپیشاندەران، بە شێوەی راستەوخۆ دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەو ئازاری هەزاران خۆپیشاندەری دەستگیرکراو لە زیندان.
رێکخراوەکە ، وێڕای ئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامی "لەسێدارەدانی" وەک "کەرەستەیەک بۆ سەرکوت و ترساندن" بەکار ئەهێنێت، باسیان لەوەکردووە کە دادگای باڵای وڵات، سزای ناڕەوای لەسێدارەیان بەسەر ٧ خۆپیشاندەردا داسەپاندووە بێئەوەی بەڵگەیەکیان بەدەستەوە بێت یان لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە کرابێت و تەنها ئەوە بووە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دان پێدانانیان کردوون.