عێراق سزای زیندانی بەسەر 18 پۆلیسدا سەپاند بەهۆی رێگرینەکردنیان لە سوتاندنی باڵیۆزخانەی سوید

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دادگایەکی بەغدا سزای زیندانی بەسەر 18 پۆلیسی شارەکەدا سەپاند کە نەیانتوانیووە پارێزگاری لە باڵیۆزخناەی سوید بکەن لەکاتی سوتاندنیدا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دوای ئەوەی سەلوان مۆمیکا بێڕێزی و سوکایەتی بە قورئان کرد. 

لە مانگی تەمووزی 2023 دوای ئەوەی سەلوان مۆمیکا، کە بەرەگەز عێراقییە، بۆ یەکەمجار لەبەردەم مزگەوتێکی ستۆکهۆڵم سوکایەتی بە قورئان کرد و کتێبەکەی سوتاند، سەدەها خۆپیشاندەر لە بەغدا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و بینای باڵیۆزخانەکەیان سوتاند بەهۆی ئەوەی سوید رێگەیدابوو بە سەلوان مۆمیکا بێڕیزی بە قورئان بکات. 

بەپێی بڕیاری دادگاکە، سزای 18 پۆلیسەکە لەنێوان 18 مناگ بۆ سێ ساڵدایە و بە تاوانی ئەوە سزادراون کە "ئەرکەکانیان بەجێنەهێناوە لە پاراستنی باڵیۆزخانەی سوید و رێگرییان نەکردووە لەو کەسانەی هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەکە و سوتاندیان."

سوتاندنی قورئانەوە لەلایەن سەلوان مۆمیکا و دووبارەکردنەوەی ئەو کارە بۆ چەندین جار، تووڕەیەکی گەورەی لە جیهانی ئیسلامیدا دروستکرد و چەند هەفتەیەک خۆپیشاندان لە عێراق بەردەوام بوو، جگەلەوەی کە ناکۆکی لەنێوان بەغدا و ستۆکهۆڵمیش دروستبوو و دواتریش گەشتە ئەوەی حکومەتی عێراق باڵیۆزی سوید لە وڵاتەکەی دەربکات و نوێنەری وڵاتەکەش لە سوید بانگێشت بکاتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار