مەکگۆرک: دەستخۆشی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەم
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆشکی سپی رایگەیاند برێت مەکگۆرک، جێگری یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبووەتەوە و "دەستخۆشی" لە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولیر کردووە سەبارەت بە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لە راگەیاندراوێکدا کۆشکی سپی دەڵێت، هەردوولا باسیان لە چەند بابەتێکی نێوان هەردوو وڵات کردووە و کۆبونەوەکە مەبەست لێی ئەوە بووە جەخت لە هاوبەشیەتی بەهێزی ئەمریکا بکرێتەوە بۆ عێراق.
لە بەشێکی گفتوگۆکانیاندا برێت مەکگۆرک "دەستخۆشی" لە رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم کردووە سەبارەت بە دابینکردنی موچە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە "بەزوترین کات بۆری نەوتی عێراق-تورکیا بکرێتەوە."
هەفتەی رابردوو شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ سودانی کۆبونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەناردنی پارە لەلایەن بەغداوە.
دوای کۆبونەوەکان هەردوولا، سەرەتایی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ 700 ملیار دیناری مانگانە بنێرێت بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.