مەردوک؛ سەرجڤاتی خواکانی بابل

7 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

 

مەردوک (ماروتوک، بە یەهوودی مەردۆخ) سەرجڤاتی خواکانی بابلی و خوای دادپەروەری، ساڕێژکردن و جادوو بووە؛ لەخوایەکی کشتوکاڵی ناوچەییەوە گۆڕا بۆ بەهێزترین و گرنگترینی خوای بابلییەکان لەهەزارەی یەکەمی پێش زایینداو دواتر کاریگەری لەبنیاتنانی یەکتاپەرستیدا داناوە.  ئەم خوایە زۆرجاریش وەکو خوای زریان و هەورەبروسکە و کشتوکاڵ ئاماژەی پێدراوە، ناوەکەی بەسۆمەری واتە گۆلکی خۆرو خۆیشی زیاتر بە بێل ناودەبرا کە بە سامییەکەی بەواتای فەرمانڕەوا دێت، وشەی بێل لەبنەڕەتدا لە بەعلی کەنعانییەوە وەرگیراوە. ناوەکەی بە ماروتوک دەخوێندرایەوە بەواتای کوڕی ئوتو-ی خوای سۆمەری خۆر. مەردوک دوو پەرستگای هەبووە؛ یەکەمیان پەرستگا بەناوبانگەکەی، زیگورات پێدەچێت هەمان ئەو تاوەرەی بابل بێت کە لەتەوراتدا باسکراوە. دووەمیان ئیساگیلا کە دواتر پەرستنە چڕەکەی لەمە دەبێت و هەموو ساڵێک لەجەژنی ساڵی نوێ دەقی ئینوما ئیلیشی لێ خوێندراوەتەوە.

لەڕووی مێژووییەوە، مەردوک لەسەرەتاکانی هەزارەی سێیەمی پێش زایینەوە وەکوو خوایەکی ناوچەیی دەپەرسترا، بەڵام کاتێک بابل بوو بەپایتەخت لەسەردەمی شانشینی بابلی کۆن لەژێر حکومڕانی حاموڕابیدا لەسەدەی هەشتی پێش زایین (واتە هەزارەی دووەمی پێش زایین)، ئەمیش بوو بەخوایەکی مەزن هەروەها پاشاکانی ئەو سەردەمە بەچڕی دەیانپەرست و پێشکەشکردنیان بۆ دەکرد هەربۆیە بوو بە خوای شاهانەیی ئەو سەردەمە.  دەتوانین بڵێین بەگشتی پەرستنی مەردوک لەگەڵ حاموڕابیدا (١٧٩٢-١٧٥٠ پێش زایین) بەزەقی لەبابل سەرهەڵدەدات لەکاتێکدا پێشتر لەبابل و تەواوی میزۆپۆتامیا مێخوای سێکس، بڕشتی و خۆشەویستی ئینانا دەپەرسترا.

دەقی ئینوما ئیلیش دەقی ئافڕاندنی بابلییەکانە، پێدەچێت لەسەردەمی نەبوخەزنەسری یەکەمدا (١١١٩-١٠٩٨ پێش زایین) نووسرابێتەوە.  سەرەتاکەی باسی لەدایکبوونی مەردوک دەکات و ئافڕاندنی گەردوون و سەرجەمی مرۆڤایەتی دەداتە پاڵی. گێڕانەوەی ناو دەقەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئافراندن و سەرەتای دروستبوونی کات کەهەموو بوون لەزەریای سوێری بەرایی هەمیشە جوڵاو (مێخوا تیامات) کە نوێنەرایەتی ئەزەلئاژاوەی دەکردو ئاوی شیرین (نێرخوا ئاپسو)دا بوو. دواتر ئەم دووە خواکانی تر دەخەنەوە؛ مەردوکیش بە یەکێک لەوەچەکانیان دادەنرێت. بەهۆی ناکۆکییەکەوە منداڵەکان ئاپسو دەکوژن و دواتر تیامات دژیان دەوەستێتەوە و رووبەڕووی مەردوک دەبێتەوەو دواجار لەکوشتارێکی دڕندانەو خوێناویدا جەستەی تیامات پارچە پارچە دەکات.

جێی سەرنجە کەئەم هەوڵەی مەردوک لە ئینوما ئیلیشدا نەک تەنها ساتەوەختێکی مێژووییە لە لەناوبردنی دەسەڵاتی مێینە (تیامات) بەدەربڕینێکی تر دایکڕەچەڵەکی بەڵکو لەناوبردنی فرەخوداییە و تواندنەوەی خواگەلە جیاوازەکانە بۆ ناو یەکخوا و بردنی هەر ٥٠ ناوەکەیە بۆ خۆی. هەر بۆیەشە نامۆ نییە کەدواتر پەرستنی مەردوک کاریگەری  لەسەر یۆنانی دێرین دادەنێیت و رێخۆشدەکات بۆ ئایینە یەکتاپەرستییەکانی یەهوودیەت و مەسیحی.  جێرمی بلاک دەنوسێت: «سەرهەڵدانی پەرستەی مەردوک بەستراوەتەوە بەگۆڕانی سیاسییەوە کاتێک شاری بابل  دەبێتە پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتەکە. لەسەردەمی کاشییەکاندا مەردوک  گرنگ و گرنگتر دەبێت بەجۆرێک دانەرە بابلییەکەی ئەفسانەی ئافراندن دەتوانێت بڵێت کە مەردوک نە تەنیا پاشای خواکانە بەڵکو زۆرینەی خواکان هیچ نین جگە لەتایبەتمەندییەکانی ئەو».

مەردوک لەداستانە شیعری دیکەشدا ناوی هاتووە لەوانە لەشیعری ئازاردەری سەرحەق کە پەسن و پیاهەڵدانی مەردوکە. بەڵام یەکێک لەداستانە شیعرییە گرنگەکان «وەحی مەردوک»ە ، گوایە بۆ ٧١٣- ٦١٢ پێش زایین دەگەڕێتەوە بەڵام لەڕاستیدا خۆی لەسەردەمی حکومڕانی نەبوخەزنەسری یەکەمدا (١١٢٥-١١٠٤ پێش زایین) نووسراوە. داستانەکە بەشێوەیەکی دێرینیانە گوایە باس لەڕووداوی دزینی پەیکەرێکی مەردوک دەکات لەداهاتوودا لەلایەن ئیلامییەکانەوە (١١٦٠ پێش زایین) ؛ دواتر دەگوێزرێتەوە دەستی هیتییەکان (١٥٩٢ پێش زایین) ؛ ئاشوورییەکان (١٢٢٥ پێش زایین). بەڵام دواجار وەحییەکە لەوێدایە کەگوایە پاشایەکی مەزنی بابلی پەیدا دەبێت و پەیکەرە پیرۆزەکە دەباتەوە بۆ شوێنی راستەقیەنی خۆی و ئەو پاشایە وەحپێدراوەش نەبوخەزنەسر خۆیەتی. لەکۆتاییدا پەیکەرەکە لەسەردەستی ئیمپڕاتۆڕێکی ئەخامینییەکان خێرخیسی یەکەم (٤٨٠-٤٦٥ پێش زایین) لەبەرانبەر یاخیبوونی بابلییەکان پەیکەرەکەی مەردۆک دەشکێنرێت و ئاڵتوونەکەی ناوی بۆ داهاتی شاهانە تاڵان دەکرێت.

ئەم کاریگەرییەی مەردوک لەسەر کلتوورو یەزدانناسی ناوچەکانی دەوروبەری دایدەنێت کە لەکاتی گواستنەوەو بەریەککەوتن و داگیرکارییەکاندا روودەدات دواتر درێژە دەکێشێت و دەبێتە سەرهەڵدانی یەکتاپەرستی. ئەوەی گرنگە دەربارەی مەردوک دوو خاڵی جەوهەرین: یەکەمیان، لەتلەتکردنی جەستەی زەریایی بەرایی تیامات کە دواتر لەچیرۆکگەلی وەکو کوشتنی ئەژدیهای ئاوی لویتان لە یەهودییەتدا بەرجەستە دەبێتەوەو دوومیان وەرگرتنی تایبەتمەندی و٥٠ ناوی خواکانی تر بۆ خۆی و هێشتنەوەی لەیەکدا کە مەردوکە دواتر لەیەهوودیەتدا یەهوە هەمان شت لەگەڵ بەعل، ئاشور، ئیل و خواکانی تر دەکات و ئەمە لەناو خودی تەوراتدا هەیە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار