هەسەدە قەدەغەی هاتوچۆی لە دێرەزوور راگەیاند
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) قەدەغەی هاتوچۆی لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دێرەزوور راگەیاند دوای ئەوەی کە شەڕ لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و هۆزە عەرەبەکان رویداوە کە تێیدا 22 کەس کوژراون.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە پێکدادانی هەسەدە و هۆزە عەرەبەکان 64 قوربانی بوونی هەیە و 22 کەس کوژراون کە 18 کەسیان سەر بە هۆزە عەرەبەکانن و سێ کەسیان سەر بە هەسەدەن، ئەمە جگەلەوەی 42 کەسی مەدەنی، 26 چەکلداری هۆزە عەرەبەکان و 12 ئەندامی هەسەدە برینداربوون.
بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی سوریا، هەسەدە لە چەند شارۆچکەیەکی پارێزگای دێرەزوور، بەتایبەتی شارۆچکەی زیبان، قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاندووە بەبێ ئەوەی وادەی کۆتایی هاتنی دیاری بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە شەڕ لەنێوان هەردوولا دەستیپێکردەوە دوای ئەوەی کە هەسەدە لە سەرەتایی ئەم مانگەدا کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان هێنا.
بەهۆی دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور بەناوی ئەبو خەولە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی لەلایەن هەسەدەوە، لە کۆتایی مانگی ئاب شەڕ لەنیوان هەسەدە و هۆزە عەربەەکان دروستبوو کە تێیدا چەکدارە عەرەبەکان بەهاوکاری سوپای سوریا چەند ناوچەیەکیان داگیر کرد بەڵام دواتر هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەرجەم ناوچەکانی گرتەوە.