ئاشور: مەزنترین خوای ئاشورییەکان

7 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

ئاشور (ئاشور یاخود ئەنشار) خوایەکی ئاشوورییەکانە کەهاوشێوەی زۆربەی خوایەکان، سەرەتا لەخوایەکی ناوچەییەوە - شاری ئاشوور - گۆڕاوە بۆ بەهێزترینی جڤاتی خوای ئاشوورییەکان. ئاشوورهەڵگری تایبەتمەندیگەلی زۆر دووری وەکوو شەڕ، ژیری، دادپەروەری، کشتوکاڵ و پاشایەتی بوو چونکە لەبنەڕەتدا تایبەتمەندییەکانی لەخواکانی سۆمەرییە دێرین و بابلییەکانەوە وەرگیرابوون.

ژیاننامەی خوا ئاشور لەسەر ژیاننامەی ئان و ئینلیلی سۆمەری و مەردوکی بابلی داڕێژراوە؛ هێزو دەسەڵاتە زۆرەکەی دەقاودەق ئاوێنەی ئان و ئینلیلە و لەوردەکاری بنەماڵەکەیدا لەمەردوک دەچێت: هاوسەری ئاشور ناوی نینلیلە (هاوسەری ئینلیل) و کوڕەکەیشی نەبو ( کوڕەکەی مەردۆکە. بەم پێیە بێت ئاشور وەکو خوا سۆمەری و بابلییەکان نییە  مێژوویەکی ژیاننامەیی بۆ خۆی هەبێت بەڵکو ئەوەی هەیەتی لەوانی وەرگرتووە، بەواتایەک هەموو خواکانی لەخۆیدا تواندووەو خۆی کردووە بەیەک، بۆ ئەوەی خوایەکی تەواو یەکتاپەرستی لێ دروست ببێت. تەنانەت جێرمی بلاک دەنووسێت:»خوائاشور بەوپێیەی دەیخواست تایبەتمەندی هەموو خواکانی ترو ئوستووڕەکانیانی بۆ خۆی بەرێت هەربۆیە وەکو خوایەکی ناڕوون بەبێ نەریت یاخود کارەکتەرێکی دیاریکراو دەمێنێتەوە».

بەوپێیەی ئاشور خوای شاری ئاشور (شاری قەڵعەت شەرقاتی ئیمڕۆ لەعێراق) بووەو شارەکەش لەسەر گردۆچکەیەک بووە بۆیە رێیتێ دەچێت ئاشور بەو گردەوە بەسترابووبێتەوە لەمەوە بووبێت بەخوای شاخ و زاناکان بەگشتی بنەچەی سەرهەڵدانی خواکە بۆ ١٧٠٠ پێش زایین دەگێڕنەوە. هێشتاکە لەسەر بنەچەی ناوەکەی کۆک نین و هەندێک دەڵێن لەوشەی ئەنشار واتە کێڵگەی ئاو یاخود لەپیرۆزو خوای بەخشندەوە هاتووەو هەندێکیش بەسادەیی ناوەکەی دەگێڕنەوە بۆ دیالەکتێکی تری وتنی ئەنشاری بابلی کە لەئوستووڕەی پەیدابووندا دواتر ئاشوورییەکان لەمانەوە وەری دەگرن.

لەسەرەتادا خوایەکی ئاسایی ناوچەییەو نە خێزان و نەهیچ تایبەتمەندییەکی گرنگی نییە لەسەردەمی سەرەتایی ئاشوورییەکاندا بەڵام دواتر کاتێک شارەکە دەبێت بەنێوەندێکی بازرگانی گرنگ لەنێوان میزۆپۆتامیاو ئاناتۆڵیا وردە وردە لە ١٣٠٠ یاخود ١٨٠٠ پێش زایین بەدواوە پێگەکەی دەگۆڕێت و بەئاشکرا لەتایبەتمەندییەکانی ئینلیل وەردەگرێت بەتایبەت ئەو دەمەی فەرمانڕەوا شەمشی ئەدادی یەکەم حکوم دەکات (١٨٠٨-١٧٧٦ پێش زایین) لەسەردەمی ئاشووری ناوەڕاست و لەگەڵ خۆیدا تایبەتمەندییەکانی ئینلیل دەهێنێت و پەرستگای ئاشوور دروستدەکات. هەرچەندە وا نامێنێتەوە و کاتێک حاموڕابی بابلی شارەکە داگیر دەکات، ئەوا پەرستنەکەی سنووردار دەکات و دواتر لەحکومڕانی سەرجۆنی دووەمدا (٧٢١-٧٠٥ پێش زایین) هەوڵگەلێک هەیە تاوەکو لەگەڵ ئانشوری باوکی ئان  هاوشوناس بکرێت و بەمەش گۆڕانکاری تر بەسەر کەسایەتییەکە دێت بەجۆرێک ئەم هەوڵە زیاتر بۆ مێژووییکردن و کۆنترکردنییەتی کە گوایە ئاشووریش لەدێرزەمانەوە بوونی هەبووە تاوەکوو پێگەیەکی گرنگ پەیدا بکات. هەر بەمەشەوە ناوەستێت بەڵکو لەو کاتەی سەنحاریب بەسەر سەرجۆندا سەردەکەوێت (٧٠٤-٦٨١ پێش زایین)، کاوەخۆ سەرکەوتنەکان و دەستەکەوتەکانی مەردۆکی ئەکەدیش دەخرێنە پاڵی و تەواوی بۆنەی ساڵی نوێی بابلی کە لەبنەڕەتدا بابلییەکان لەسۆمەری وەردەگرن و دواتر ئاشوورییەکانیش لەماوەی جەنگەکەیاندا لەبابلییەکانەوە وەریدەگرن، دەگوازرێتەوە.

بەمشێوە کەسایەتییەکە زیاتر دەبێت بەخوایەکی جەنگ کەیارمەتیدەری ئاشووریەکانە لەجەنگدا لەکاتێکدا خۆی هەڵگری هیچ تایبەتمەندییەکی ناوچەو کلتووری خۆی نییە و زۆربەی لەدوژمانییەوە وەرگرتووە. هەر بۆیە خوایەکە لەخوایەکی ناوچەیی دواتر نەتەوەیی تایبەت بە ئاشوورییەکانەوە دەگۆڕێت بۆ خوایەکی جیهانی کاتێک ئیمپڕاتۆرییەتی ئاشووری برەو دەسێنێت و ناوچە دوورەدەستەکانی وەکوو میسڕ و ئاناتۆڵیش داگیر دەکات لەسەردەمی ئاشووری نوێدا واتە حکومڕانی سەرجۆنی دووەمدا. کەواتە بەگشتی ئاشور خۆی خوایەکی ناوچەیی بووەو دواتر لەگەڵ گەشەسەندنی ئاشوورییەکان و بوونیان بەئیمپڕاتۆرییەت کاتێک لەگەڵ کلتوورە جیاوازەکانی میزۆپۆتامیادا بەریەک دەکەون تایبەتمەندی خواکانی ئەوان وەردەگرێت و شێوە بەئاشوور دەدرێت.

ئایکۆنۆگرافیای ئاشور لەخوای سۆمەری ئان\ئانو(بابلی) وەرگیرابوو؛ بەتاجی پاشا یاخود تاجێکی پاشا لەسەر تەختی شاهانە وێنەی هەڵدەکۆڵدرا بەڵام جار جاریش وەکوو خوا-جەنگاوەرێک بەتیرو کەوان و قەڵغانێکی شاخدار بەسەرییەوە وێنەی دەکێشرایەوە. ئاشور تەنورەیەکی پەڕی کورتی لەبەرەو هەندێک جار وەکوو مەردۆک لەسەر پشتی مار یاخود ئەژدیهایەک وەستاوە. هەندێک فۆڕمی تریشی هەبوو لەوانە پەپکەیەک کەباڵی هەبوو و بازنەیەکی تێدابوو کە بەچوار بازنەی تر دەورە درابوو. دەشێت تیروکەوانەکە نیشانەی حەزو مەیلی ئاشوورییەکان بووبێت بۆ جەنگ و پەپکەکەش خۆر بووە کە نیشانەی بەهێزی و پیرۆزی ئاشوور بوو.

جیاوازییەکی سەرەکی هەیە لەنێوان ئاشور و خوایەکانی تری میزۆپۆتامیادا ئەویش ئەوەیە کەئاشور بەدەر لەوەی کە نە خێزان و نە نازناوی هەیەو نە هیچ سروت و ویردێکی بۆ وتراوەتەوە، بەهیچ هێزێکی سروشتیشەوە نەبەستراوەتەوە و هیچ شیعرێکی ئوستووڕەیی لەسەری نییە و وێنەکانیشی ئاژەڵ-مڕۆ نین بەڵکو تەنها  ئایکۆنی سیمبۆلین. سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی پەرستشەکانی لەپەرستگایەکی سەرەکی لەشاری ئاشور بەناوی خۆیەوە دەکران و لەپەرستگای جیاواز هاوشێوەی خوایەکانی تری میزۆپۆتامیا دەپەرسترا بەڵام پەرستگایەکی دیاریکراوی خۆی نەبوو. هەروەها ئەوەی هەبوو خوائاشور زۆر بەتوندی بە پاشاکان و جەنگەکانیانەوە بەسترابوو جیاواز لە خواکانی میزۆپۆتامیا کە زیاتر بە دیاردەی سروشتییەوە بەسترابوونەوە، هەم پاشاکان ناوەکەیان وەکو نازناو بەکاردەبرد و نزایان بۆ دەکرد بۆ نموونە ئاشوربانیپاڵ، ئاشوربانیپاڵی یەکەم، دووەم... هتد

لەسەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایین، ئاشور لەکەسایەتییەکی ئیلاهییەوە دەگۆڕێت بۆ خوا. ئاشور لەگەڵ پاشاو پیاوی ئایینیدا هاوشوناس دەکرێت و بەجۆرێک زیاتر ئەرک و رۆڵی ئەوان دەبینێت و لەبرەوسەندنی ئیمپڕاتۆرییەکەیاندا ئاشور وەکو خوایەکی هەمووشتزان و ئامادە لەهەموو شوێنێک دەردەکەوێت و لێرەوە نزیکایەتییەکانی لەگەڵ تاکخودای سامییەکان رەنگ دەداتەوە.

هەرچی دەربارەی پێگەی ژنە، کاتێک ئاشوورییەکان دێنە سەر حکوم و فینیقییەکان داگیردەکەن، پێگەی ژن زۆر دادەبەزێت و مێخوا ژنەکانیان هەموو دەکوژرێن و دەسڕدرێنەوە ئەمە لەکاتێکدا کلتووری فینیقییەکان نزیک بووە بەوەی میزۆپۆتامیا و مێخواکان تێیدا باڵا بوون و ژنانیش لەژیانی کۆمەڵایەتیدا بەرز بوون. بەتەنها لەئاست ژندا کلتووری ئاشوورییەکان جیاواز نەبوو بەڵکو لەزۆر لایەنی تریشدا نەدەچوونەوە سەریەک. لەکۆتاییدا، هەروەکوو ئاماژەی پێدرا کە ئاشور خوایەکی ناوچەیی و کەمبایەخە و لەگەڵ گەورەبوونی ئیمپڕاتۆرییەتی ئاشوورییەکاندا گرنگ دەبێت و هەر بۆیەیش لەگەڵ رووخانی ئیمپڕاتۆرییەکەدا لە ٦١٢ پێش زایین لەژێر حکومڕانی ئیمپڕاتۆرە مەزنەکەیان ئاشوربانیپاڵ، خواکەش دەکەوێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار