تورکیا هەڕەشەکانی جێبەجێکرد و دەستیکرد بە بۆردومانکردنی پێگەکانی هەسەدە لە سوریا
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فرۆکەی جەنگی تورکیا چەند جارێک دەوروبەری پاریزگای حەسەکەی بۆردومانکرد و یەکێک لە بۆردومانەکان کارگەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بوو کە بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مۆرڤ بڵاویکردەوە، دوای هەڕەشەکانی تورکیا، حکومەتی وڵاتەکە ناوچەی پیشەسازی "رەحبە عەسکەری" لەنزیک شاری حەسەکە بۆردومانکرد و دواتریش کارگەیەکی هەسەدەی بەئامانج گرت لە ناوچەی موشەریفە لە نزیک حەسەکە کە بووە هۆی برتنداربوونی سێ کرێکار.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، هەموو دامەزراوەیەکی وزە و ژێرخانی ئابوری کە لەژێر دەستی پەکەکە و یەپەگەن ئامانجی سەربازی ئەوانە چونکە ئەو دوو کەسەی تەقینەوەکەی ئەنقەرەیان ئەنجامدا لە رۆژی یەکی ئەم مانگەدا لە سوریاوە هاتوون. دواتر یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، لە وتارێکدا جەختی لە هەمان هەڕەشە کردەوە.
بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە وەڵامی وتەی بەرپرسانی تورکیای دایەوە و دەڵێت، هێرشکەرەکانی ئەنقەرە لە هەرێمەکەی ئەوانەوە نەچوونەتە تورکیا وەک ئەوەی بەرپرسانی تورکیا دەیڵێن، حکومەتی تورکیا بۆ بەهانە دەگەڕێت تا رەوایەتی بە هێرشەکانی بدات و "ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دژی ئێمە" ئەنجام بدات.