ئەردۆغان: مافی خۆمانە ئۆپەراسیۆن بکەین و تا ئێستا 194 پێگەمان لە باکوری سوریا و هەرێمی کوردستان لەناوبردووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکوری سوریا و هەرێمی کوردستان 194 پێگەی پەکەکە و یەپەگە لەناوبراون و 162 "چەکداریش کوژراون."

لە وتارێکیدا لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا، ئەردۆغان باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کرد کە دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سوریا ئەنجامیداوە و وتی، "194 پێگە لەناوبراون و 162 تیرۆرستیش کوژراون."

ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، "مافی شەرعی تورکیایە کە بەردەوام بێت لە ئۆپەرسیۆنە سنور بڕەکانی هەتا ئەوکاتەی پەکەکە ریشەکێش دەکەین، داوا لەو هێزانە دەکەین کە نزیکن لە لایەنەکانی پەکەکەوە خۆیان بەدووربگرن تا لە ئۆپەراسیۆنەکانماندا زیانیان پێ نەگات."

لەدوای هێرشەکەی 1ی ئەم مانگەوە تورکیا بە سەختی بۆردومانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و رایگەیاندووە کە دوو هێرشکارەکەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە سوریاوە هاتوون، بەڵام بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەم قسەیەی بەرپرسانی تورکیا رەتدەکەنەوە و بە بەهانەی دەزانن تا ئەنقەرە هێرشیان بکاتەسەر. 

تورکیا لەبۆردومانەکانیدا خەڵکی سڤیل بە ئامانج دەگرێت و بەرپرسانی رۆژائاوا دەڵێن کە دامەزراوەی مەدەنی لەناو دەبات. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، دەڵێت، تەنها ئەمڕۆ "تورکیای داگیرکەر ئەکادێمیای ئاسایشی ناوخۆی لە دێرک بەئامانج گرت و لە ئەنجامدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر شەهیدبوون. ئەمە تاوانێکی قێزەونە و پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە کە ناتواندرێت چاوپۆشیی لێبکرێت." 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار