وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا: بەهۆی هێرشی حەماسەوە 12 هاوڵاتی فەرەنسی کوژراون و 17 کەسیش بێسەروشوێنن
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دوانزە هاووڵاتی فەرەنسی کوژراون،هەروەها تا ئێستاش ١٧ هاووڵاتیی دیکە بێسەروشوێنن.
ئان کلێر لێجێندرێ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتیشی "هیچ هەواڵێک لەبارەی ئەو 17 هاوڵاتیەوە نییە کە ونبوونیان جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە""
ئەمەش لەکاتیکدایە، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو کە لەو گەشتانەی پلانی بۆ دانراوە لە ڕۆژانی هەینی و شەممە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیە فەڕەنسیەکان منداڵانی بێ سەپەرشت، ژنانی دوگیان و ئەو کەسانەی خاوەن پیداویستی تایبەتن، هاوکات ئەوانەشی کە حاڵەتی پزیشکی لەناکاویان هەیە لە لیستی یەکەمی ئەو هاوڵاتیانەن کە دەبێت ئیسرائیل بەجێبهێڵن.
لە 7ـی ئەم مانگەوە شەڕ چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـیان دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل و لەوکاتەوەش ئیسرائیل بەردەوام کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ هێور بوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە پێنجەم رۆژی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین و ئیسرائیل ئاماری ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەکەوە گیانیان لەدەستداوە، ئاشکراکرد و رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس کوژراون.