لە هەفتەیەکدا یەک ملیۆن کەس لە غەززە ئاوارە بوون
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تەنها لە حەوت ڕۆژی یەکەمی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون و ژمارەیەکی زۆریان لە لە پەناگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری ناوچەکە دەمێننەوە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جولیەت توما بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە حەوت ڕۆژی یەکەمی شەڕی غەزە ئاوارە بوون و ژمارەکە بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات".
ئەوەشی ڕونکردەوە ،" نزیکەی نیو ملیۆن لە دانیشتوانی غەزە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە پەناگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری ناوچەکە دەمێننەوە و ئاوارەبوون و بەهۆی گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئیسرائیلەوە غەززە " بەرەو وشکبوونەوە" دەچێت و وتیشی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەستیان کردووە بە دابەشکردنی ئاو.
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند گروپێکی مرۆیی نێودەوڵەتی بە توندی ڕەخنەیان لە و داوایەی ئیسرائل گرت کە داوای لە دانیشتوانی غەززە کردووە ناوچەکانیان چۆڵبکەن بەهۆی ئەنجامدانی "ئۆپراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی و ئاوی بۆ سەر ئەو ناوچەیە.
بەڕێوبەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " گواستنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوچەیەکی جەنگی چڕدا بۆ شوێنێک کە هیچ خۆراک و ئاو و شوێنی نیشتەجێبوونی تێدا نییە، کاتێک تەواوی خاکی غەزە گەمارۆدراوە، زۆر مەترسیدارە و مەحاڵە."
سوپای ئیسرائیل داوای لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دانیشتووی باکووری کەرتی غەززە کردووە ماڵەکانیان چۆڵبکەن و رووبکەن لە باشووری کەرتەکە بۆ ئەمەش دوو رێگەی دیاری کردبوو؛ لە کاتی رۆیشتنی کاروانی خەڵکی فەلەستین بەرەو باشووری کەرتی غەززە، بە هەمان ئەو دوو رێگەیەی بۆیان دیاریکرابوو، لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا، بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی فەلەستینیش، لەو بۆردوومانەدا 12 کەس کوژراون کە ژن و منداڵ بوون.
لەبارەی رووداوەکەوە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هاتەدەنگ و راگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
کات لە دانیشتوانی غەززە دەڕوات و سوپای ئیسرائیلیش داوایان لێدەکات ناوچەکە چۆڵبکەن و پەنا بۆ باشوری کەرتی غەززە نزیک سنورەکانی میسر ببەن، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەززە لە بەشی باکوری کەرتەکە دەژین، زۆربەی ئەو دانیشتوانەش لە ناوخۆی کەرتەکەدا ئاوارەبون، زۆربەیان لە مەودایەکی 583 کیلۆمەتر چوارگۆشەیدا جێگیر بون.