زیاتر لەمانگێك بەسەر دەستپێكی وەرزی نوێی خوێندندا تێپەڕدەبێتو بایكۆتكردن بەردەوامە
«لەبەشێكی قوتابخانەكاندا خوێندكارانی پۆلی ١٢ دەوام دەكەن»
یەک ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
٣٥ رۆژ بەسەر دەستپێكی وەرزی نوێی خوێندنی قوتابخانەو پەیمانگاكانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام لەبەشێكی زۆری قوتابخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بایكۆتی خوێندن كراوە، لەهەندێ قوتابخانەش خوێندكارانی پۆلی ١٢ دەوام دەكەن.
پاش وەرگرتنی موچەی مانگی تەمموز لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان مامۆستایان بەردەوامن لەبایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن، دابەشكردنی موچەكانی مانگی ئاب و ئەیلول بەمەرجی چوونەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن دادەنێن، سەرەڕای بایكۆتكردنیش لەبەشێكی قوتابخانەكان خوێندكارانی پۆلی ١٢ دەوام دەكەن.
هەفتەی رابردوو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا داوای لەمامۆستایان كرد بایكۆت بشكێنن و بچنەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن، هاوڵاتی لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بەوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە كرد، ئامادەنەبوو لێدوان لەو بارەیەوە بدات.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رێگر نەبووە لەبایكۆتكردنی مامۆستایان، لەسەرەتای پڕۆسەی خوێندن ژمارەیەك لەمامۆستایان بایكۆتیان كردووەو ژمارەیەكی دیكەش لەمامۆستایان بایكۆتیان نەكردووە، ئێمە رێزمان لەهەڵوێستی هەردوولا گرتووە، هەڕەشەش لەكەس نەكراوە».
وتیشی:» مامۆستا هەیە لەفەیسبووكی خۆی یان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان توانج دەدات و هەڕەشە دەكات، ئەوە كیشەی بۆ مامۆستاكە خۆی دروستكردووەو رەنگە رێكارێك بەرامبەری گیرابێتە بەر».
ئەحمەد گەرمیانی وتی: «لقەكانمان لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان پشتگیری بایكۆتكردنی مامۆستایانیان كردووە، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە پێیان خۆشە خوێندن دەستپێبكاتەوە».
« دیارە لەوێش جۆرە هەڕەشەیەك لەمامۆستایان هەیە كەئەوەی دەوام بكاتەوە وێنەی لەفەیسبووك بڵاودەكرێتەوەو تەشهیری پێدەكرێت كەئەوەش كارێكی خراپە». سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وای وت.
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان باسی لەوەشكرد « ئێمە ئەزموونێكمان هەیە لەبایكۆتكردن كەدوو مانگیش بایكۆتكراوەو هیچ سوودی نەبووە، حكومەت كەپارەی نەبێت بەچی دوو موچەو سێ موچە بدات؟ زۆرجار مامۆستایان دەڵێن بایكۆتمان دژی حكومەتی عێراق كردووە، حكومەتی عێراق پێی خۆشە دەرگای قوتابخانەكان دابخرێن و نەخوێندەواری و نەهامەتی لەناو گەلی كورددا هەبێت، بۆیە جەنگەكە دارایی و بەڕێوەبردن نییەو سیاسییە».
بەوتەی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان بایكۆتكردن لەوە زیاتر مەترسییەكی گەورە دەخاتە سەر خوێندن دەشڵێت «ئێمە ناڵێین هەرێمی كوردستان شامی شەریفە، دەكرێ كۆمەڵێک كێشەو كەموكوڕی هەبێت، بەڵام بەگفتوگۆ چارەسەر دەبێت و پێویستە پێشوەختە چۆن مامۆستایانی بەسرەو بەغداو ئەنبار موچەیان پێدەدرێت ئێمەش موچەمان پێبدرێت».
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بایكۆتكردن بڕیارێكی خۆرسكانەی مامۆستایان بووە، چەند داخوازییەكی شەرعی و رەوای خۆیان هەیە كەموچەكانی مانگی ئاب و ئەیلوولە، تائێستا حكومەت یەك هەنگاوی نەناوە بۆ ئەوەی داخوازییەكانیان جێبەجێبكات، هەر ئەمەش وایكردووە كەزۆربەی مامۆستایان بەردەوام بن لەبایكۆتكردن».
جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وتیشی: «ئێمە پشتگیری سەرجەم داواكارییەكانی مامۆستایانین، ئومێدەواریشین حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارانەتر مامەڵە بكات و هەنگاوێكی جددی و كرداریانە بنێت بۆ جێبەجێكردنی داواكاریەكانی مامۆستایان».
هاوڵاتی پەیوەندی بەلقی دهۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان لەو بارەیەوە بدەن بەبیانووی هەستیاری بارودۆخەكەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بەشێك لەقوتابخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی قوتابیانی پۆلی نۆو ١٢ دەوام دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە كەساڵانی رابردووش مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان دەكرد خوێندكارانی پۆلی ١٢ دەوامیان دەكردو پاش ماوەیەكیش لەبایكۆتكردن مامۆستایان بۆ خوێندكارانی پۆلی نۆیەم بایكۆتیان دەشكاند.
ئەحمەد فازیل، مامۆستا لەسنووری پەروەردەی كۆیە بەهاوڵاتی وت: «لەسنوری پەروەردەی كۆیە ٢١٥ قوتابخانە بایكۆتیان كردووە، لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكەی ئێمەدا هیچ مامۆستایەك هەڕەشەی لێنەكراوەو بایكۆتكردن لە ١٣ی ئەیلوولەوە بەردەوامە، خوێندكارانی پۆلی١٢ هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی وەرزی نوێوە دەوام دەكەن».
عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لەكۆبوونەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەكاندا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی داوای لەبەڕێوەبەری قوتابخانەكان و مامۆستایان بەتایبەت ئامادەییەكان كردووە كەدەرگای خوێندنگاكان بكەنەوە، ئەوەش راگەیەندراوە كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەوەردەی سلێمانی رێكار دژی هەر كەسێك دەگرێتەبەر كە بێڕێزی بەرامبەر مامۆستایان ئەنجامبدات».
ئەو مامۆستایە وتیشی: «ئێمە درێژە بەبایكۆت دەدەین تا ئەوكاتەی كەداواكارییەكانمان جێبەجێدەكرێن، لەو باوەڕەشدا نین كەقۆناغی بنەڕەتی و قۆناغەكانی دیكە وا زوو دەست بەدەوام بكەنەوەو ئومێدیشمان هەیە كەدەستپێنەكاتەوە تا ئەوكاتەی لەبەغداوە پرسی موچە چارەسەری ریشەیی بۆ دەدۆزرێتەوەو مامۆستایان و فەرمانبەران لەمساڵدا هیچ موچەیەكیان نەفەوتێت».
هاوكات، دەستەی مامۆستایانی وانەبێژی ناڕازی لەڕاگەیەندراوێكدا شكاندنی بایكۆتیان رەتكردەوەو رایانگەیاند «پەكخستنی پڕۆسەی خوێندن لەئەستۆی سەرۆكی حكومەت و لایەنە بەشداربووەكانی حكومەتە، بایكۆت و خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبن تا ئەوكاتەی حكومەت بەفەرمی وەڵامی داواكاریەكانیان دەداتەوە».
لەساڵی ٢٠١٤وە پاش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستان و پاشەكەوت و لێبڕینی موچە، ساڵانە مامۆستایان بەتایبەت لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ماوەیەك بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن و دواتر دەچنەوە ناوەندەكانی خوێندن و بەشێكی پڕۆگرامی خوێندنیش كەمدەكرێتەوە.
زۆرترین بایكۆتیش ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ بوو كەمانگی (11) كانوونی دووەمی ٢٠١٧ مامۆستایان بایكۆتیان شكاند