بەڕێوەبەری ئەوقافی دهۆک رێگەنادات مەلا شڤان بگەڕێتەوە سەر کاری وتاربێژی
ماوەی دوو ساڵە مووچەکەی مەلا شڤان بەرۆشکی راگیراوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لەحەوت مانگ بەسەر ئازادكردنی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆك ئامادەنییە جارێكی تر رێگا بە شڤان سەعید، ناسراو بەمەلا شڤان بەرۆشكی بدات وتاری هەینی بدات و زیاتر لەدوو ساڵیشە مووچەكەی بڕاوە.
شڤان سەعید، یەكێك بوو لەزیندانكراوانی بادینان، لە 20ی تشرینی یەكەمی 2020 بەتۆمەتی «سیخوڕیکردن و تێکدانی ئاسایشی گشتی» لەگەڵ چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی تردا دەستگیركرا. هەر لەو مانگەدا بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی دهۆك فەرمانی لادان (فەسڵ) كردنی مەلا شڤانی دەركرد. لەوکاتەوە تائێستا مووچەكەی بڕاوە، زۆر جار هەوڵیداوە بگەڕێتەوە سەر دەوامی خۆی بەڵام بێسوود بووە .
شڤان سەعید بەروشكی، باسی وردەكاری کێشەکەی خۆی دەكات بۆ هاوڵاتی و دەڵێت،»دوای ئازادبوونم رۆژێك چوومە ئەوقافی دهۆك بەو نیازە رۆیشتم كەهەموو شتێك كۆتایی هاتووە بەئاسانی دەگەڕێمەوە سەر دەوامی خۆم، بەڵام بەداخەوە مامەڵەیەكی زۆر خراپیان لەگەڵ كردم، بەڕێوەبەرەكە وتی تۆ دەمێكە فەسڵكراوی تازە تەواو، نابێت جارێكی تر وتار بدەی و پێشنوێژی بكەی، منیش وتم مافی خۆمە بگەڕێمەوە سەر دەوام بەڵام بێسوود بوو «.
شڤان سەعید بەرۆشكی، كۆڵنادەت و بێهیوا نابێت بۆیە جارێکی ترلەگەڵ پارێزەرەكەی دەچنە لای وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی تابگەڕێتەوە بۆ سەر سەردەوامی خۆی، بەڵام ئەو هەنگاوەشی هیچ ئەنجامی نەبوو.
مەلا شڤان دەڵێت، «پێش سێ مانگ لەگەڵ پارێزەرەكەی خۆم سەردانی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیمان كرد، باسی بابەتەكەی خۆم كرد لەگەڵ وەزیر، ئەویش زۆر بەشێوەیەكی جوان و رێكوپێك وتی مافی خۆتە بگەڕێیتەوە بۆ سەر دەوام و هەوڵت بۆ دەدەم ئەو مووچانەی لێت بڕاون جارێكی تر بۆت بگەڕێنینەوە».
رۆژێک دوای سەردانەکەی بۆ لای پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف، شڤان سەعید پەیوەندییەکی تەلەفونی لەبەڕێوبەرایەتی ئەوقافی قەزای دهۆکەوە بۆ دێت و پێی دەڵێن، «سەردانمان بکە تامامەڵەکانت بۆ تەواوبکەین.
«ئەوقافی دهۆک لەوێ هەموو شتێكیان بۆ کردم و دواتر وتیان بڕۆ مامەڵەكەت ببە بەڕێوەبرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆك تا نووسراوەكە لای خۆیان (هاتوو و رۆشتوو -واردە و سادیرە) بكەن، هەفتەیەک هاتوچۆیان پێکردم و نەیانهێشت بچمە لای بەڕێوەری گشتی، ئیتر مامەڵەكەی من هەڵواسراوەو دیار نییە دەگەڕێمەوە یان نا»، شڤان سەعید وای وت.
شڤان سەعید بەرۆشكی لە 2003 تاوەكو 2013 بەشێوەیەكی خۆبەخش وتاربێژ و پێشنوێژ بووە. لەساڵی 2013 فەرمانی دامەزراندنی دەرچووەو دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ لە 2018 ئەوقافی دهۆك بڕیاری راگرتنی دەدات لەوتاربێژی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆرجار لەوتارەكانی رەخنەی لەحكومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەگرت. دوای زیاتر لەدوو ساڵ زیندانیكردن لەئاداری 2023 ئازاد كرا.
شڤان سەعید دەڵێت بێدەنگ نابێت لەسەر دۆسیەکەی و لەکۆنگرەیوەکی رۆژنامەوانیدا هەموو شتێک ئاشکرا دەکات تامافەکەی بگەڕێننەوە.
بەدەل بەرواری، شێروان تەها، مەسعود شنگالی، جەمال زاخۆیی لەگەڵ بەڕێوەبەری خوێندنگایەكی ئاكرێ، کە سەرجەمیان زیندانیکراوی بادینان بوون، گەڕاونەتەوە سەركاری خۆیان دوای ئازادکردنیان.
رێڤینك یاسین، پارێزەری خۆبەخش لەدۆسیەی زیندانكراوانی بادینان بەهاوڵاتی وت، «پێویستە مەلا شڤان سکاڵایەکی ئیداری كردبا بۆ گەڕانەوەی خۆی چونكە ناكرێت ئەوانەی تر گەڕانەوتەوە بۆ سەر دەوامی خۆیان و تەنیا ئەو مابێت، پێشكەشكردنی سکاڵای ئیداری لەسنوری كاری ئێمەدا نییە وەكو تیمی پارێزەران و دەبێت ئەو خۆی بەدواداچوون بۆ كێشەكەی بكات».
« نەگەڕانەوەی ئەو بۆ سەر دەوام مەبەستێكی سیاسی لەپشتەوە هەیە، هەروەها مەلا شڤان تائێستاش هەڵوێستەكانی خۆی لەسەر نادادوەری و گەندەڵی نەگۆڕیوەو هەر بەردەوامە لەسەر ئەم پرسانە بۆیە رێگای پێنادرێت جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر دەوامی خۆی»، رێڤینك یاسین وای وت.
رێبەر نێروەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی قەزای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند کەبڕیاری گەڕانەوەی مەلا شڤان بۆ وتاربێژی لەدەسەڵاتی محەممەد خالید، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی دهۆکەو ئەوان نووسراویان بۆ کردووە تا بیباتە لای و «ئەوەی لەسەر شانی» ئەوان بووە کردوویانە.
رێبەر نێروەیی جەخت لەوەدەكاتەوە كە مەلا شڤان دوورخراوەتەو دەڵێت، « ئێمە بەسیاسەت ئیش ناكەین، بەپێچەوانەوە رێز لەهەموو مامۆستایانی ئایینی دەگرین، مەلا شڤان فەسڵ كراوە بۆچی تائێستا نەگەڕاوەتەوە سەر دەوامی خۆی ئەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆكەوە هەیە لەدەستەڵاتی ئەودایە «.
پەیامنێری هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆكەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەی نەدایەوە.
بەشدار حەسەن، پارێزەری تیمی بەرگری لەڕۆژنامەنوسان و چالاکوانی بادینان بە هاوڵاتی وت، «لەگەڵ مەڵا شڤان سەردانی وەزیری ئەوقاف و بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتمان كرد، هەردووكیان بەڵێنیاندا ئەو ماوەیەی مووچەی لێی بڕاوە جارێكی تر بۆی خەرج بكەن و جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر دەوامی خۆی، وەزارەت نووسراوی فەرمی بۆ ئەوقافی دهۆك كردووە بەڵام بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆك نووسراوەكەی راگرتووەو وەڵام ناداتەوە».