وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا: پێویستە "لایەنگرانی حەماس" دیپۆرتبکرێنەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، پێوستە لایەنگرانی حەماس لە وڵاتەکەی دیپۆرتبکرێنەوە و دەشڵێت، لە نزیکەوە چاودێری ھەڕەشەکان دەکەن لە وڵاتەکەیاندا.
نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر توانایان ھەبێت پێویستە بە زووترین کات لایەنگرانی حەماس لە ئەڵمانیا دیپۆرت بکەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لەئێستادا لە نزیکەوە چاودێری ھەڕەشەکان دەکەن، بە تایبەتی دوای ھێرشە تیرۆریستییەکەی برۆکسل، کە پەیوەندیی بە شەڕ و پێکدادانەکانی کەرتی غەززە ھەبوو.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی لایەنگری نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینیەکان ئەگەری دروستبوونی گرژی و ئالۆزی هەیە لەلایەن لایەنگرانی بزووتنەوەی حەماسەوە و چاودێری جموجۆڵەکانیان دەکرێت و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانیش خراونەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە لەئەگەری دروست بوونی پشێوەی بتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت .
پێشتریش ئاژانسی رۆیتەز لە زاری بەرپرسێکی ئەڵمانییەوە بڵاویکردەوە، لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەیە بە تایبەتی دیمەنە ئیسلامییەکان، چونکە ئەو هێرشەی لەم دواییانەدا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ئەنجامدرا ئەگەری هەیە پەیوەندی بە نیگەرانییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردو یاری تۆپی پێی نێوان بەلجیکا و سوید بەهۆی روداوێکی تەقەکردن و کوژرانی دو هاوڵاتی سویدی راگیرا، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکاش لە بارەی روداوەکەوە وتی، "ئەوە کردەوەیەکی تیرۆرستی ترسنۆکانەبوە."
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند.