حەماس ئازادکردنی دوو دیلی ئەمریکی راگەیاند
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باڵی سەربازی سەر بە بزووتنەوەی حەماس ناسراو بە کەتائیبی قەسام رایگەیاند، بە هۆکاری مرۆیی، دوو بارمتەی ئەمەریکی کە دایک و کچێکن ئازادکردووە.
رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بە نێوەندگیری قەتەر، دوو بارمتەی ئەمەریکییان ئازاد کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی و هۆکاری مرۆیی.
حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئازادکردنی ئەو دوو بارمتە ئەمەریکییە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ هەوڵەکانی قەتەر، کە نێوەندگیری دەکات لە نێوان حەماس و ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییان لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون.
ئەوەشی خستەڕوو، بە ئازادکردنی ئەو دیلانە دیانەوێت وەڵامی سەرجەم ئەو دەنگۆ ناڕاست و چەواشەکارییانە بدەنەوە کە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لەبارەی بزووتنەوەی حەماسەوە بڵاویدەکەنەوە.
وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس راشیگەیاند، نزیکەی ٢٥٠ دیلیان لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی کەرتی غەززە دەستبەسەرکردووە و لەو ژمارەیەش ٢٢ دیلیان بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیانلەدەستداوە، لەئێستاشدا ١٩٩ دیل لەلایان دەستەبەسەرە.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.
لەو هێرشەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لەکاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکی موزیک بوو، لەو رۆژە و لە هێرشەکانی رۆژانی دواتر، ژمارەیەک زۆر هاوڵآتی لە هەڵگری رەگەزنامەی جیاواز بە بارمتە گرت، لە نێویاندا، هاووڵاتی و سەربازی ئیسرائیلیش هەیە.
لەم پەیوەندەدا بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 13 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سێ هەزار و 785 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.