وتەبێژی کۆشکی سپی: ئێران لە هەندێ هێرشدا بۆ سەر بنکەکانمان لە عێراق و سوریا ئاسانکاری کردووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە چەند هێرشی ئەم دواییانەدا بۆ سەر بنکەکانیان لە عێراق و سوریا ئێران "بەکردەیی ئاسانکاری کردووە" تییاندا و سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کردووە بەشێوەیەکی دروست وەڵامی هێرشەکانی داهاتوو بدرێنەوە. 

جۆن کێربی، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا ئەو هێرشانە زیادیان کردووە و واشنتن ناهێڵێت ئەم هێرشانە بە ئاسانی تێپەڕێت، هەرچەندە ئێران دەیەوێت "نکوڵی لێ بکات."

لەدوای هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئەم مانگە، هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیان کردووە. لەماوەی هەفتەی رابردوو و ئەم هەفتەیەش چەند جارێک هێرشکرایەسەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق و چەند بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە سوریا. تەنانەت جارێکیش هێرشکرایەسەر بنکەی سەربازی هەریر لە هەولێر کە هێزی ئەمریکای تێدایە. 

جۆن کێربی لەسەر هێرشەکان دەڵێت، "دەزانین کە ئێران لەنزیکەوە چاودێری ئەم رووداوانە دەکات و لە هەندێک رووداوەکاندا بەکردەیی ئاسانکاری بۆ ئەم هێرشانە دەکات و هانی لایەنی تر دەدات کە رەنگە بیانەوێت ململانێکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان ئێران بقۆزنەوە."

بەهۆی ناجێگیری دۆخەکەوە، رۆژی یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە هاوڵاتیانیدا کە سەردانی عێراق نەکەن لەبەر چەند هۆکارێکی مەترسیدار کە یەکێک لەوانە هێرشە بۆ سەر هیزەکانی وڵاتەکە لە عێراقدا.  لە ئاگادارییەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "سەردانی عێراق مەکەن بە هۆکاری هەبوونی تیرۆریزم، رفاندن، ململانێی سەربازی، پشێوی ناوخۆیی و توانای سنورداری ئەرک [بالیۆزخانە و کونسوڵخان]ی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لە هاوڵاتیان."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار