دوای گۆڕان پارتی دەیەوێت حزبەكانی تر پەلكێش بکات بۆ رێککەوتنێک لەسەر کۆدەنگیی کورد

یەک ساڵ لەمەوپێش



دلێر عەبدوڵڵا

كۆبوونەوەكەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێشنیارو داواكاری بزووتنەوەی گۆڕان بووە، بەرپرسێكی پارتی بڵاویكردەوە كە لەهەوڵی ئەوەدان یەكێتی و لایەنەكانی تر پەلكێشی ناو رێكەوتنێكی سیاسی بكەن كەئامانج لێی یەكدەنگی كوردو پاراستنی قەوارەی هەرێمە، بەرپرسێكی یەكێتی نییشتمانی كوردستانیش پێی وایە كەئەوەی كراوە خواستی حزبەكەی ئەوانەو لەكۆنگرەی پێنجەمدا لەلایەن سەرۆكی حزبەكەیەوە قسەی لەسەر كراوە.

رۆژی سێشەممە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپیرمام، كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدرا. كەتێیدا جەخت لەسەر كۆكردنەوەی تواناكان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێم بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا كرایەوە.

بەپێی راگەیەنراوی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی، هەردوو حزب كۆكبوون لەسەر دانانی ستراتیژیەتی هاوبەشی نیشتمانی هێزو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی قۆناغەكە بەتایبەت ئەو مەترسییانەی روویان لەهەرێم كردووە.

هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەكۆبوونەوەكە لەسەر داواكاری و پێشنیاری بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامدراوەو ئامانجی بزووتنەوەكە بۆ ئەوە بووە كەبەرەیەكی فراوان لەهێزو لایەنە سیاسییەكانی دروستبكرێت تا پێكەوە بەرپرسیارێتی قۆناغەكە هەڵبگرن، لەوبارەوە عیسمەت رەجەب ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت «كۆبوونەوەكە لەسەر پێشنیاری برایانی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، چونكە ئەوان بەدەر لەوە پرسی تر هەبووە كەویستوویانە قسەی لەسەربكەن، هەروەها برادەرانی گۆڕان لەحكومەتن و وەزیریان هەیەو بەشێكن لەدەسەڵات.»

یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هێزێكی هاوبەش و پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەت، گەشبینە بەم كۆبوونەوەیەو پێیان وایە ئەوەی كەكراوە بەشێكە لەسیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەوبارەیەوە لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «دەتوانین بڵێین ئەو كۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان جێبەجێكردنی بەشێكی سەرەكی سیاسیەتی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە لەكۆنگرەی پێنجەم سەرۆك بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی هەمان پەیامی خستەڕوو بۆ هێزو لایەنە سیاسییەكانی تر، ئومێدەوارین بابەتی هەنگاونان بەرەو ئاشتەوایی سەرتاسەری لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەئایندەیەكی نزیكدا بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە ئەم قۆناغە وادەخوازێت كورد ناوماڵی خۆی رێكبخات و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بخرێتە پێش بەرەژەوەندیە حزبییەكان.»

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی تر گفتوگۆی لەسەر كراوە، لەوانە پرسی یاسای نەوت و هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوەی هەرێم، لەوبارەیەوە سەركردەكەی پارتی بەهاوڵاتی وت «بەشێكی تری كۆبوونەوەكە لەسەر وەزعی ئەمڕۆی هەرێم و حكومەت و مەسەلەی بودجە بووە كەحكومەتی ناوەند لەو رووەوە ئاستەنگی لەبەردەم هەرێم دروستكردووە،  هەروەها مەسەلەی قانونی نەوت كە لەم مانگەدا تەواو دەبێت بۆ ئەوەی جارێكی تر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.»

بزووتنەوەی گۆڕان رووبەڕووی رەخنەی بەشێك لەچاودێران بووەتەوەو بەوە تۆمەتبار دەكرێت كەهۆكاری مانەوەی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتییە، لەوبارەیەوە عومەر عەلی چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت «هاووڵاتیانی ناڕازی و بەشێك لەئۆپۆزسیۆن چاوەڕێی ئەوەبوون ئەمجارە گۆڕان پاشەكشە لەحكومەت بكات و بێتەوە بەرەی گەل، بەڵام ئەم كۆبوونەوەیە ئەوە دەسەلمێنێت كە گۆڕان توانای ئەوەی نییە جارێكی تر بێتەوە بەرەی خەڵك، وەستانەوە بە رووی مەترسییەكان بەكۆبوونەوەو راگەیەنراوی هاوبەش نابێت، دەبێت بە رێگەچارەیەكی سیاسی ئەوتۆ كە بتوانیت جەماوەری ناڕازیی دڵخۆش بكەیت و متمانەی بۆ بگەڕێنیتەوە، لەلایەكی ترەوە كۆتایی هێنان بەو دۆخە ناهەموارەی لەنێوان حكومەت و بەغدا هەیە.»

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەداهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان یەكێتی و پارتی بەڕێوەدەچێت و ئەو بەرەیە فراوان دەكرێت كە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان پێكهێنراوە، لەوبارەیەوە سەركردەكەی پارتی بەهاوڵاتی وت «پاش ئەوە، بەتایبەت بەكۆتایی هاتنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، بەرنامەی یەكێتی وایە كەسەردانی ئێمەش بكەن و لەسەر وەزعی عام و هەرێم و بەغدا كۆبوونەوە بكەین و پێكەوە كاری هاوبەشمان هەبێت.»

هاوڵاتی هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی لێدوان و وتەی بزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێت، بەڵام زۆرێك لەسەركردەكانی ئەو حزبە بەپاساوی جۆڕاوجۆر رەتیانكردەوە قسە لەسەر ئەو پرسە بكەن.

كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان نوقمی قەیران و گرفتی بەردەوام بووەو هاوڵاتیانی كوردستان گرفتاری چەندان كێشەو ئاریشەی دروستكراون، بەتایبەت دابین نەكردنی مووچەی فەرمانبەران و خراپی ئیدارەدانی هەرێم كە بووەتە مایەی بێزاری و توڕەیی هاوڵاتیان.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار