كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لەهەولێر بەخێراییو لەسلێمانی بەسستی دادەنرێن
بەڕێوەبەری كامێراكانی هاتوچۆی سلێمانی: لەسەر رێگای تاسڵوجە تاچەمچەماڵ دەست بەدانانی كامێراكان كراوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
لەکاتێکدا هێشتا هەوڵی ئەوە دەدرێت دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ هەڵبوەشێتەوە بەڵام لە هەولێر کامێرای چاودێری زیاتر دادەنرێت و لە سلێمانیش لەسەر رێگایەکی تر داندراوە، بەڵام نەکەوتوونەتە کار.
بەڕێوەبەری كامێراكان لەهاتوچۆی سلێمانی دەڵێت «تائێستا تەنها لەسەر رێگای سلێمانی دوكان كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ كاردەكەن، بەڵام لەسەر رێگای تاسڵوجە تاچەمچەماڵیش دانراوەو هێشتا دەستی بەكاركردن نەكردووە»،
لەسلێمانی بەسستی كامێراكان دادەنرێن و تائێستا تەنها لەسەر رێگای دوكان سلێمانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ كاردەكەن.
عەمید سەعدوڵا، بەڕێوەبەری كامێراكانی هاتوچۆ لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا تەنها كامێراكانی رێگای سلێمانی دوکان (خاڵ بۆ خاڵ) كەوتوونەتە كارو لەهیچ شوێنێكی دیكە كامێراكان كارناكەن».
عەمید سەعدوڵا وتیشی:»هۆكاری ئەوەی كەبۆچی تائێستا كامێراكان لەشوێنی دیكە نەكەوتوونەتەكار پەیوەندی بەكۆمپانیاكەوە هەیە، بەڵام لەئێستادا لەسەر رێگای تاسڵوجە تاچەمچەماڵیش ئامادەكاری بۆ خستنەكاری كامێراكانی (خاڵ بۆ خاڵ) كراوە بەڵام تائێستا نەكەوتوونەتەكار.
فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، شەوی شەممە 21-10-2023 ، 36 كامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەستیان بەكاركردن كردووە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر وتیشی: كامێرای خاڵ بۆ خاڵ پابەندت دەكات كە بەخێراییەكی سنووردار شۆفێری بكەی، چونكە كاتێك لەكامێرایەك تێدەپەڕی، لەپشتەوەی ئۆتۆمبێلیش كامێرایەكی دیكە سەرپێچی و خێراییەكان تۆماردەكات.
فازڵ حاجی دەشڵێت: لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و دووربوون لەسزای یاسایی، پێویستە شۆفێران پابەندی خێرایی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بن، كە 110 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا دیاریكراوە.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ گیرفانبڕینی هاووڵاتیان نییە، ئامانج لەدانانی، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیانە.
«دوای نووژەنكردنەوەو دروستكردنی چەندین رێگاوبانی تازە، بینرا هاووڵاتیان بەدروستی بەكاریناهێنن و رێژەی مردن و برینداربوون بەهۆی رووداوەكانی هاتووچۆ بەرزببوونەوە، بۆیە بیر لەوەكرایەوە كامێرای خاڵ بۆ خاڵ دابندرێت، لەو شوێنانەی كەكامێرای خاڵ بۆ خاڵ داندراوە، یەك رووداوی هاتووچۆ تۆمارنەكراوەو شوفێران لەئێستادا پابەندن بەخێرایی دیاریكراوی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ.» فازڵ حاجی وادەڵێت.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر باسی لەوەشكرد : درێژی رێگای شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر 26 كلیۆمەترە، ئەگەر شوفێران بەخێرایی دیاریكراو ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، 20 خولەكیان پێویستە، ئەگەر كەمتر لەو خێراییە (110 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا) شوفێر ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، بەسەرپێچی بۆی هەژمار ناكرێت، تەنیا لەو خێراییەی كە دیاریكراوە بەسەرپێچی هەژمار دەكرێت.
پێشتریش فازڵ حاجی رایگەیاندبوو، بەپێی سیستمەكە خێرایی ژمارەكان كە لەسەر تابلۆكان دیاریكراوەو لەسەرووی ئەو ژمارانەوە كامێراكان سەرپێچی تۆماردەكەن.
ئاماژەی بەوەشكردبوو خێرایی رێگاكان دیاریكراوەو كامێراكانیش تیژڕۆیی سەرووی خێرایی دیاریكراو تۆماردەكەن.
پێشتریش هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندبوو، كامێرای خاڵ بۆ خاڵ تاساڵی 2030، رووداوو قوربانییەكانی هاتووچۆ بەڕێژەی 50% كەمدەكاتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دانانی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ كەسەرەتا لەسلێمانییەوە دەستیپێكرد، ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، داواكاری گشتی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دانانی كامێراكانیان رەتكردەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم گوێی بەناڕەزایەتی هاووڵاتیان و ئەنجومەنی پارێزگاو داواكاری گشتیش نەداو بەردەوامە لەدانانی ئەو كامێرایانە.
بۆ كۆنترۆڵكردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لەشەقامەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر بۆ دانانی نزیكەی 500 كامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی لەهەرێمی كوردستان كردووە، كە بەشێوەی پۆینت تو پۆینت كاردەكەن، بەڵام تائێستا لەسلێمانی سیستەمەكە بەخاوی دادەنرێت و لەهەولێریش بەخێرایی.
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەلێكۆڵینەوەی یاساییدان بزانین ئەوە پسپۆڕی دادگای فیدراڵییە، چونكە ئەگەر پسپۆڕی ئەوان نەبێت رەتدەكرێتەوە، دادگای فیدراڵی بۆ ئەو بابەتانەیە كەڕەهەندی دەستوری هەیە».
وتیشی:»سەد لەسەد دڵنیا نەبین پسپۆڕی دادگای فیدراڵییە نایبەینە ئەوێ، بۆیە دەبێت پسپۆڕی دەزگا دادوەریەكانی هەرێمەو لەهەرێمیش وەك خۆتان دەزانن حزب باڵادەستە».
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت:»لەڕاستیدا كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بەڕێككەوتنی هەریەك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كراوەو كۆمپانیاكە خاوەنداریەتی بۆ هەردووكیان دەگەڕێتەوە، بۆیە گوێ لەكەس ناگیرێ نە وەزارەتی ناوخۆ نە هیچ لایەنێكی دیكەو داواكاری گشتیش».
ناڕەزایی هاووڵاتیان گەیشتە ئەوەی چەند جارێك كامێراكان لەسلێمانی تەقەیان لێكراو شكێندران، لەپیرەمەگرونیش خۆپیشاندان بەڕێوەچوو دژ بەدانانی ئەو كامێرایانە.
تاڵب محەمەد یەكێك لەڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگرون، كە دژ بەدانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بەڕێوەچوو، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: تا ئەم خولەكە هیچ كەس وەڵامی داواكاری ئێمەی نەدایەوە كەگۆڕینی میكانیزمی كامێراكان بوو، نەك ئەوە بەڵكو بەنیازیشن هەموو كوردستان بكەن بەو كامێرایە.
پێشتریش فیدراسیۆنی رێكخراوەكان سەبارەت بەدانانی ئەو كامێرایانە هاتووەتە سەرخەت و بەنیازن كەیسەكە بگوازنەوە بۆ دادگا، وەك خۆشیان ئاماژەیان پێدابوو قۆناغی باشی بڕیوەو هەنگاوی داهاتووشیان ئەوەیە پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵانە دەكەن كە بۆ دادپەروەری لەدانانی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ دەبێت.
دیلمان حەمەنادر سەرۆكی رێكخراوی ترافیك بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كەئەو كامێرایە واتە خاڵ بۆ خاڵ، سەرەتا لەئوستورالیاوە سەریهەڵداو تائێستا كامێراكە لەهەر شوێنێك دانرابێت لەپڕ نەبووەو لەشوێنی زۆر دانەنراوە، بەڵكو لەوڵاتان لەو رێگایانە دانراوە كەمەترسی رووداوی هاتوچۆی زۆربووەو قەرەباڵغ بووە.
هەروەها وتیشی: ئەوەی لەكوردستان بەدیدەكرێت نیشانەی پرسیارەو بێگومان بازرگانی گەورە لەپشتیەوەیەتی، 60 ملیار دینار لەمانگێكدا داهاتی كۆمپانیاكەیە لەسلێمانی .
دیلمان حەمەنادر دەشڵێت: مانگانە ئەگەر شۆفێریش نەچێت سەرپێچییەكە بدات حكومەت دەبێت ئەو قەرزە بدات بەكۆمپانیاكە كەئەمە دیارە بازرگانی گەورە لەپشتیەوەیەتی، لەهیچ وڵاتێكی دنیا شتی لەو شێوەیە نییە.
«لەناو گرێبەستەكەدا وردەكاری هەیەو تەنانەت باسی شەقامی 100 مەتری و 60 مەتریش هاتووە كەهاتوچۆ دەڵێت لەناو شار دانانرێت، بەڵام مادام لەگرێبەستەكەدا هاتووە لەناو شاریش خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت، ئەگەر ئامانج سەلامەتی شۆفێرو هاوڵاتی بوایە دەبوو سەرەتا لەڕێگەی كەلار- سلێمانی دایانبنایە». سەرۆكی رێكخراوی ترافیك وادەڵێت.
هاوڵاتی سەبارەت بەوردەكاری گرێبەستەكە پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی هاتوچۆی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆشەوە كرد، بەڵام نە ئامادەبوون وەڵامی پرسیارەكان لەبارەی وردەكاری گرێبەستەكەو ئاماری رۆژانەی سەرپێچی تۆماركراو بدەنەوەو خۆشیان بوارد لەوەڵامی ئەو پرسیارەی سەبارەت بەژمارەی كامێراكان لەسەرتاسەری هەرێم و گوژمەی گرێبەستەكە بەگشتی ئاڕاستەیان كران.
بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەچەند سەرچاوەیەك وەریگرتوون، لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێم نزیكەی 900 كامێرای خاڵ بۆ خاڵ جێگیر دەكرێن، هاوكات سەدان ئۆتۆمبێل وەك خەڵات پێشكەش بەوەزارەتی ناوخۆ كراوە وەك شیرینی گرێبەستەكەی نێوان كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم.
رۆژی یەكشەممە 5-5-2023 رێبەر ئەحمەد، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەڕەخنەكان لەخاڵ بۆ خاڵ، رایگەیاند: مەبەست لەدانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ ئەوەیە كەپاراستنی سەلامەتی رێگاكان و هاووڵاتیانە ئەوەش بەكۆنتڕۆڵكردنی تیژڕەویە لەڕێگەی كامێراوە، ئەو كامێرایانەی پێشتر هەبوون كۆن بوون و لەگەڵ سەردەم نەدەگونجان..
«لەسەر بنەمای زۆری ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران و كەمئەندامانی رووداوەكانی هاتوچۆ، بڕیارماندا بەدانانی سیستمی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ، ئەو پۆپۆلیستانەی كە وادەڵێن خەڵك زەرەرمەند دەبێت بیر لەسەلامەتی هاووڵاتیان لەسەر شەقامەكان ناكەنەوە، بۆیە حەق وایە ئەو كارە بۆ خەڵكی پسپۆڕ لێبگەڕێن و هەموو سیاسی و پەرلەمانتارو خەڵكی دوور لەواقعی هاتوچۆ باسی دەكەن، حكومەتی هەرێم پلانی ئەوەیە رووداوەكان كەمببنەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە جێبەجێی دەكەین». وەزیری ناوخۆی هەرێم وای وت.
كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لە (11-4-2021) گرێبەستەكەی ئەنجامدراوە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆو كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، رۆژی دووشەممە 29ی ئایاری 2023، كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لەڕێگای دوكان_تاسڵوجە لەپارێزگای سلێمانی كەوتنە كارو لەناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵیش لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر كامێراكان كەوتنەكار.
بەپێی گرێبەستەكە تەنها لەپارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە 53 ملیارو 590 ملیۆن دیناری تێدەچێت و ماوەی پرۆژەكەش 500 رۆژە، گرێبەستەكەش بەپێی پاشكۆی (ه)ی رێنمایی ژمارە دووی گرێبەستە حكومیەكان كراوە كەساڵی 2016 دەرچووە، هەر بەپێی گرێبەستەكەش تا تەواوبوونی تێچووی پرۆژەكە 70٪ی داهاتی كامێراكان بەكاش دەدرێتە كۆمپانیاو گرێبەستەكەش بۆ 15 ساڵە.