"گەشبین نیم بەئازادکردنی"؛ باوکی گۆهدار چۆن باس لەڕۆژی دەستگیرکردنی کوڕەکەی دەکات
"تاپڕەکەیان بۆ خستە ناو ئۆتۆمبێلەکەوەو سەرەتاش دادوەرەکە وتی ئەوە بەچەک هەژمار ناکرێت"
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
تاپڕێکی ئیشنەکردوو بووەتە مۆتەکە بۆ گۆهدار زێباری رۆژنامەنوس و کەسوکارەکەی دەڵێن، ئەو تۆمەتەی بۆ «هەڵبەستراوە»و چەکەکە خراوەتە ئۆتۆمبێلەکەیەوە تا سزای بدرێت، ئێستاش باوکی بێهیوا بووە لەئازادکردنی و دەڵێت، «گەشبین نیم بە ئازادكردنی لەوانەیە پێش ئازادكردنی جارێكی تر كێشەیەكی تری بۆ دروست بكەن».
محەممەد عەبدولحەمید، باوکی گۆهدار، لەسەر رۆژی دەستگیرکردنەکەی گۆهدار چەند نهێنییەک بۆ هاوڵاتی دەدرکێنێت و دەڵێت، ئەو تاپڕەی سزای پێدراوە لەئۆتۆمبێلەکەی گۆهداردا نەبووەو هێزێکی ئاسایش خستوویانەتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە.
«ئەو رۆژەی كوڕەكەم دەستگیركرا لەگوند نەبوو هاتبوو بۆ ماڵی خۆشكی خۆی لەئاكرێ ، دەوروبەری كاتژمێر 9 هێزێكی ئاسایش كەنزیكەی 10 ئۆتۆمبێل بوون گۆهدار دەستگیردەكەن دواتر پشكنینی ماڵ دەكەن، تاپڕێك لەگەڵ چەند فیشەكی تاپڕەكە دەدۆزنەوە دواتر یەكێكیان دەیكاتە ناو ئۆتۆمبێلی گۆهدار تاوەكۆ بڵێن ئەم تاپرەیە هی گۆهدارە، تاپڕەكە هی باپیری گۆهدارەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئینگلیز ئەوەندە كۆنە هەر ئیش ناكات تەنیا بۆ جوانی و یادەوەری هەڵگیراوە».
گۆهدار زێباری كێیە
گۆهدار محەمەد عەبدولمەجید ناسراوە بەگۆهدار زێباری لە 1ی نیسانی 1991 لەگوندی هەشتكا سەر بەناحیەی دینارتە لەسنوری قەزای ئاكرێ لەدایكبووە ، هەر لەمنداڵی و لەتەمەنێكی كەمدا وانەی ئایینی لەلای مامۆستایانی ئایینی ناوچەكە خوێندووە، لەتەمەنی چوارساڵییەوە وەكو گوێگر خرایە بەرخوێندن دواتر قوناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لەقەزای ئاكرێ تەواوكردووە، دبلۆمی لەكارگێڕی یاسادا هەیە.
گۆهدارو ئاشنایەتی بەڕاگەیاندن
سەرەتای ئاشنایەتی گۆهدار زێباری لەكاری راگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011 لەوساڵەوە تا 2015 وەك پێشكەشكارو دەرهێنەر لەڕادیوی پەیام لەئاكرێ كاری كردووە، دواتر دەستیكردووە بەنووسینی وتارو ئامادەكردنی راپۆرت لەگۆڤارەكانی باشورو شەیدا، لەگەڵ ئەوە لەسەرەتای ساڵی 2012 وەك پەیامنێری كەناڵی سپێدە دەستبەكاربوو تا 2015 ، لەساڵی 2014 وەك پەیامنێری سپێدە رۆیشتووە بۆ كۆبانێ بۆ رۆماڵكردنی شەڕی كورد لەو شارە.
لە 2015وە پەیوەندی بەئێن ئاڕتی دەكات، وەكو پەیامنێر لەئاكرێ ئیشدەكات تاوەكو 2019 ، لەو ماوەیەی كاری راگەیاندن 14 جار دەستگیركراوە، دوای 2019 بەردەوامی داواكاری راگەیاندن لەگەڵ ماڵپەری پەرەگراف و وڵات، لە 2018 وەك نوێنەری سەنتەری میترو لەئاكرێ دەستنیشانكراوە.
سەرەتای دەستگیرکردنی و تۆمەتە جیاوازەکان
گۆهدار زێباری و چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی تر لە 16ی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێر بەشەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدارن و بەتۆمەتی « سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتاو ئاژاوەگێڕی».
لەمانگی شوباتی 2022 بەفەرمانێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سزاکەی گۆهدارو هاوڕێکانی بەڕێژەی 60٪ کەمکرایەوە جگە لەشێروان شێروانی کەسزاکەی بەڕێژەی 50% کەمکرایەوە. بەپێی بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، وابڕیاربوو 16ی ئازاری 2023 گۆهدار زێباری ئازاد بکرێت، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بەحەوت مانگی تر زیندانی سزادرا بەتۆمەتی «گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی» پێش دەستگیرکردنی.
دوای ئەو حەوت مانگە بڕیاربوو لەمانگی ئابی ئەمساڵ گۆهدار ئازاد بکرێت، بەڵام بەهۆی تۆمەتی «هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت» جارێکی تر شەش مانگی تر سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا. بڕیارەکە لە رۆژی 2ی تشرینی یەكەمی 2023 درا بەهۆی تۆمەتی هەڵگرتنی تاپڕێكی سەردەمی ئینگلیز.
لەسەر دووبارە سزادانی زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری پێشتر بەهاوڵاتی راگەیاند، «دەیانجار وتوومانە ئەو تاپڕە هی گۆهدار نیە، ئەوەندە كۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئینگلیز ئێستا هەر تەقە ناكات بەڵام بێسوود بووە دادوەر بەو شێوەیە بڕیاری داوە كەئەو چەكە هی گۆهدارە بەڵام ئەمە زۆر دوورە لەڕاستی «.
«دایكم سێ جار لەگەڵ باوكم دەهاتە پێش دەرگای دادگای هەولێر، هەموو جارێك كە دەهات بەیانییەكەی زوو لەخەو هەڵدەساو بەدڵێكی پر هیواوە دەهات، ئاواتی ئەوە بوو گۆهدار لەگەڵ خۆی بباتەوە ماڵ، ئەوەی دادوەر كردوویەتی ناحەقیەكی زۆر گەورەیە، ئەوە دەسەلمێنێت كە بەهیچ شێوەیەك دادگاكانمان سەربەخۆ نین»، زێدان زێباری وای وت.
باوکی گۆهدار دەڵێت، «بەو تەمەنەوە زیاتر لە 100 جار لەگەڵ دایكی و براو خوشكەكانی سەردانی هەولێرمان كردووە، زیاتر لەپێنج جاریش بەدڵێكی پر هیواوە دەهاتینە پێش دەرگای دادگای هەولێر تاوەكو گۆهدار لەگەڵ خۆمان ببەینەوە ماڵ، بەردەوام لەپێش دادگا نزامان دەكرد بەڵام دواجار بەدەست بەتاڵی و خەمێكی قوڵەوە گەڕاینەوە ئاكرێ«.
بەپێی ماددەی 15ی یاسای چەك، هەر كەسێك بەبێ موڵەت چەكێكی ئاگرین یان تفاق هەڵبگرێت، بیفرۆشێت، چاكی بكاتەوە ، یان دەستاودەستی پێبكات، ئەوا بەبەندكردن بۆماوەیەك سزا دەدرێت كە لەیەك ساڵ كەمتر نەبێت و لەسێ ساڵ زیاتر نەبێت ، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێ بژاردنێك سزادەدرێت كە لەدوو ملیون كەمتر نەبێت و لەپێنج ملیون دینار زیاتر نەبێت.
رێڤینك یاسین، پارێزەری تیمی بەرگری لەڕۆژنامەنووسان و چالاكی بادینان بەهاوڵاتی وت، «بەڵگەی تەواو و دروست نەبووە كە بیسەلمێنێت گۆهدار تاپڕی هەڵگرتووە یان موڵكی ئەو بووە، بڕیارێكی نادادوەرانە بوو، كەیسێك دروستكراوەو لەپێش دادوەر دانراوە تا بڕیاری لەسەر بدات، دادوەر خۆیشی بڕوای بەبڕیارەكەی خۆی نییە».
«ئەو ماددەیەی گۆهداری پێ سزادراوە ، ماددەی 15ی یاسای چەكە، بڕیاری سزادانی شەش مانگە، بەڵام لەبەرئەوەی گۆهدار بۆ ماوەی مانگێك و چواردە رۆژ لەئاسایش راگیراوە، ئەو ماوەیەی بۆ حساب دەكرێت، واتە چوار مانگ و 14 رۆژی تر ئازاد دەكرێت»، رێڤینك یاسین وای وت.
«تەحەدا دەكەم بۆ یەك جاریش گۆهدار فیشەكێكی لەكڵاشینكۆف یان هەر چەكێكی تر تەقاندبێتەوە ، زۆر رقی لەچەكەو هەرگیز حەزی نەدەكرد چەك هەڵبگرێت، دوایین كاریشی ئیشی پێشانگای ئۆتۆمبێلی دەكرد لەشاری ئاكرێ « باوكی گۆهدار زێباری وای وت.
محەممەد عەبدولحەمید تەنانەت باس لەوە دەکات کە لەسەر ئەو تاپڕە سزای دارایی گۆهدار دراوە.
«لەسەر ئەو تاپڕە بەقسەی پارێزەرانی پێشتر وەك سزای دارایی 150 هەزار دیناریان بەدادگا داوە، سەرەتا دادوەر وتی ئەمە هەر بەچەك حساب ناكرێت دواتر بابەتەكەیان گەورە كرد، دۆسیەی سیخوڕیكردن و لۆگۆی ئۆتۆمبێل و تاپڕیان هەموو بەئەنقسەت بۆ گۆهدار دروستكرد».
رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەرێكی ترە لەتیمی بەرگری لەڕۆژنامەنوسان و چالاكی بادینان بەهاوڵاتی وت «بەقسەی سێ پۆلیس تاپڕێك لەگەڵ 150 فیشەكی كڵاشینكۆف لەگەڵ دوو (دووربینی سەربازی) لەناو ئۆتۆمبێلەكەی گۆهدار زێباری دۆزراونەتەوە، گۆهداریش رەتیدەكاتەوە كەئەو شتانە هی ئەوبن، دادوەر لەسەر قسەكانی شاهدحاڵەكان بڕیاریدا بەسزادانی شەش مانگ زیندانی «.
رەمەزان ئەرتیسی دەشڵێت، « لەهەرسێ دۆسیەی گۆهدار بڕیارەكەی دادگامان تەممیزكردووە، ئەگەر بڕیارەكان دادوەرانە بوونایە بەدڵنیاییەوە تەممیزمان نەدەكرد، گۆهدار دەڵێت ئەو تاپڕو فیشەكانە لەگەڵ دوو دووربینەكە هی من نین، دادوەر بەخۆشی وتی كاك گۆهدار لەوانەیە قسەكانی تو رادەیەك قەناعەت بۆ من دروستبكات بەڵام سێ پۆلیس سوێندیان خواردووە كەئەمانە هی تۆن بۆیە لەسەر قەسەی ئەوان بڕیاری دەركردووەو بەپێی یاسا ئەگەر سێ كەس بوون بەشاهید لەسەر كەسێك هەرچۆنێك بێت تاوانبارە».
دوای دەركردنی بڕیارە تازەكە پارێزەران و كەسوكاری گەشبین نین بەئازادكردنی گۆهدار زێباری
«ئەو سێ پۆلیسەی سوێندیان خواردووە ماڵی خۆیان وێرانكرد چونكە كوڕەكەم بێتاوانە، هیچ جارێك شەڕە قسەیەك یان شتێكی خراپی نەكردووە، سێ كوڕم هەیە گۆهدارلەهەموویان بچووكترەو زۆرم خوشدەوێت، دوای ئەو هەموو ستەم و بڕیارانەی ناحەق گەشبین نیم بەئازاد كردنی، لەوانەیە پێش ئازادكردنی جارێكی تر كێشەیەكی تری بۆ دروست بكەن، تەنها خوامان هەیە هیچی تر ناڵێم « باوكی گۆهدار وای وت .
«هەموو شتێك چاوەڕوانكراوە نازانم دوای چوار مانگی تر چی روودەدات، ناتوانم بڵێم دوای كۆتاییهاتنی حوكمەكەی خۆی ئازاد دەكرێت « رەمەزان ئەرتیسی وای وت.