لەجوانکاریی بووکیشدا لەزۆرنی سەوزو زەرد جیاوازیی گەورە لەنرخدا هەیە
یەک ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح- عەممار عەزیز
خانمان لەڕۆژی هاوسەرگیرییاندا خوازیاری ئەوەن بەجوانترین شێوە دەربكەون بۆ ئەم مەبەستەش باشترین ئارایشتگاكان هەڵدەبژێرن، ئەوەی جێگای پرسیارە ئارایشتگاكانی هەولێرو دهۆك نرخێكی خەیاڵییان هەیە بەپێچەوانەی شاری سلێمانی كەهەزارو 200 دۆلار گرانترین نرخە.
بەشێوەیەكی گشتی لەئارایشتگاكاندا پاكێج هەیەو بەپێی داواكاری بووكەكە نرخەكانیش دەگۆڕێن، تا داواكاری و پێداویستییەكانی زیاتر بێت نرخی چاككردنەكەشی زۆرتر دەبێت.
نرخی چاككردنی بووك لە 100 دۆلارەوە دەستپێدەكات و گرانترین نرخیش لەئارایشتگاكانی هەرێمی كوردستاندا تۆماركرابێت 5 هەزار دۆلارە.
خاوەنی یەكێك لەئارایشتگاكانی شاری هەولێر كەنەیویست ناوی ئاشكرابكرێت و ماوەی زیاتر لەپێنج ساڵە كاری ئارایشتكردن دەكەن بەهاوڵاتی وت:» لەئارایشتگاكەی ئێمەدا نرخی چاككردنی بووكێك بەپێی ئەو پاكێجەكەی داوای دەكات دەگۆڕێت، ستافی ئارایشتگاكەش چەند بەناوبانگتربێت نرخەكەی گرانتر دەبێت».
وتیشی:» بەشێوەیەكی گشتی بووك لەو رۆژەدا تەنها قژو نینۆك و میكیاجی پێویستە، بەڵام هەندێكجار هەیە بووك قژی چاكدەكات، لێزەر دەكات، پیدیكیۆر مینیكیۆر دەكات، ئەمانە بەشێك نین لەپاكێجی بووك بێگومان لەو كاتەدا نرخەكەی زیاتر دەبێت». خاوەنی ئەو ئارایشتگایە باسی لەوەشكرد چاككردنی بووك لای ئەوان لە 500 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 1000 دۆلار، نرخی بەشی ڤی ئای پیش لەهەزار و 200 تا هەزارو 500 دۆلاردایە.
«هەندێكجاریش بووك هەیە لەسلێمانی یان لەدهۆكە رۆژی پێنجشەممەو هەینی حیجز كردووە 3 هەزار تا 5 هەزار دۆلاری داوە، چونكە ستافی ئارایشتگاكەی بردووە بۆ شارێكی دیكە ئەوكاتە ئیشەكە جیاوازە». خاوەنی ئەو ئارایشتگایە وای وت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی لەشاری سلێمانی نرخی چاككردنی بووك تاڕادەیەك جێگیرەو لە 100 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 700 دۆلار.
هاوڵاتی لەگەڵ چەند ئارایشتگایەكی شاری سلێمانیدا گفتوگۆی كردو خاوەنی یەكێك لەئارایشتگاكانی گەڕەكی بەختیاری ئەوەی بەهاوڵاتی وت: « نرخەكانیان تاڕادەیەك جێگیرن و نرخی چاككردنی بووك لای ئێمە لە 200 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 300 دۆلار، بەشی ڤی ئای پی-شمان هەیە ستاف دەچێتە دەرەوەی ئارایشتگاو نرخەكەی 500 دۆلارە».
هاوكات یەكێكی دیكە لەئارایشتگاكانی شاری سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» لەئارایشتگاكەی ئێمەدا نرخی چاككردنی بووكی مارەبڕین و گواستنەوە جیاوازە، بووكی مارەبڕین لە 300 هەزارەوە دەستپێدەكات تا 750 هەزار دینار، بووك گواستنەوەش لە 450 هەزارەوە تا 750هەزار دینارە».
وتیشی: «بەشی «ڤی ئای پی» یشمان هەیە كە ستافەكەمان دەچنە لای بووكەكەو هەندێكجاریش دەچنە دەرەوەی شاری سلێمانی كە لەم كاتەدا نرخەكە زۆرتر دەبێت و دەگاتە هەزارو 200 دۆلار».
لە دهۆك تێچوووی رازاندنەوەی بووك لەنێوان 800 بۆ 2 هەزارو 500 دۆلارە.
لەدهۆك خاوەن ئارایشتگاكان بەئارەزووی خۆیان پارە لەبووك و زاوا وەردەگرن، نرخەكانیان وەكو یەك نین، لە 800 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 2 هەزارو 500 دۆلار، تائێستا لیژنەكانی چاودێری و قایمقامیەت لەسەر ئەم بابەتە هیچ كەسێكیان سزا نەداوە.
زانا سەعید، دانیشتووی گەرەكی بەرۆشكێ-یە، زیاتر لەساڵێكە هاوسەرگیری كردووە، خێزانەكەی لەڕۆژی زەماوەندەكەی بە 1000 دولار كاری جوانكاری بۆ كراوە، بە هاوڵاتی وت «خاوەن ئارایشتگاكان بووك و زاوا ( ئیستغیلال ) دەكەن بەئارەزوی خۆیان نرخ دادەنێن، زاواكەش ئەو رۆژە لەوانەیە شەرم بكات بڵێت كەمێك هاوكاریم بكە یان بەئەوەندە گرانە ناچاردەبێت پارەكە بدات «.
«خاوەن ئارایشتگاكان رەچاوی دۆخی زاوا ناكەن بەتایبەت لەم بارودۆخەدا، لەلایەك دۆلار زۆر بەرزبووەتەوە بەرامبەر نرخی دینار لەلایەكی تر كێشەی مووچەو نەبوونی هەلیكارو دەیان كێشەی تر، لایەنی پەیوەندیداریش خۆیان بێدەنگ كردووە، چۆن دەكرێت هەركەسێك بەئارەزوی خۆی پارە لەزاوا وەربگرێت یەكێك هەزارو 500 دۆلار یان كەسێكی تر 2 هەزار دولار، هەمووشی بۆ چەند كاتژمێرێك « زانا سەعید وای وت.
عومەر كەریم ، خاوەنی ئارایشتگای ئاریسایە لەشاری دهۆك تایبەت بەبووك و زاوا بەهاوڵاتی وت: «نزیكەی دوو ساڵە ئارایشتگایەكی تایبەت بەجوانكاری بووكمان كردووەتەوە، لای ئێمە هەموو جۆرە جوانكارییەك بۆ ژنان و بووكەكان دەكرێت، حەمامی مەغریبیمان هەیە كەتایبەتە بەخۆشوشتنی بووك پێش ئەوەی جوانكاری بۆ بكرێت، دواتر لەلایەن ستافێكی راهێنراوو شارەزا كاری جوانكاری بۆ دەكرێت».
«بۆ جوانكاری هەر بوكێك ئێمە تەنها 800 دۆلار وەردەگرین، ئەمە نرخی ئێمەیەو جێگیرە كەم و زیاد ناكرێت، بەڵام لەئارایشتگاكانی تر تا 2 هەزارو 500 دۆلاریش وەردەگرن كە رەنگە هەمان ئەو شتە بێ كەئێمە بۆیان دەكەین، ئێمە دەزانین لەو رۆژە كەسوكاری زاوا زۆر پارە خەرج دەكەن، بۆیە نامانەوێت زیاتر باری ئەوان گرانتر بكەین»عومەر كەریم وای وت.
شوكری شەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی چاودێری بازرگانی لەشاری دهۆك بەهاوڵاتی وت: «لیژنەكانمان بەردەوام سەردانی ئارایشتگاكان و سەنتەرەكانی جوانكاری دەكەن، بەشێكیان سزادراون بەگوژمەیەك پارە، بەڵام بۆچەند رۆژێك یان هەفتەیەك دانەخراون تەنها سزاكەیان پارە بووە، هەندێكیان دوو تا سێجار سزادراون «.
لەبارەی دەركردنی هەندێك رێنمایی تایبەت بۆ نرخی ئارایشتگاكانی تایبەت بەبووك و زاوا، شوكری شەفیق دەڵێت: « گفتوگۆو دانیشتنمان لەسەر ئەم بابەتە كردووە، كارێكی ورد لەسەر ئەم پرسە دەكرێت، چاوەڕێی ئەوەدەكەین كۆمەڵێك رێنمایی دەربكرێن دواتر ئەم رێنماییانە لەسەر خاوەن ئارایشتگاكان دابەشدەكرێت تاوەكو وەك خۆی جێبەجێی بكەن».
لەسنوری پارێزگای دهۆك تائێستا ژمارەیەكی دروست لەسەر ئارایشتگاكان و سەنتەرەكانی جوانكاری نیە، بەڵام بەقسەی چاودێری بازرگانی دهۆك ژمارەیان سەرووی 150 شوێنە .
میللەت ئەمین، سەرۆكی لیژنەكانی چاودێری بازاڕ لەقایمقامیەتی قەزای دهۆك بەهاوڵاتی وت: « پێش دوو ساڵ لیژنەیەكی تایبەتمان هەبوو لەسەر ئارایشتگاكان، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە ئەمە زیاتر كاری چاودێری بازرگانی و تەندروستییە، وەكو بازاڕ ئێمە سەردانی هەموو شوێنەكان دەكەین بەئارایشتگاو سەنتەرەكانی جوانكاری، لەسەر ئارایشتگاكان سكاڵامان بۆ هاتووەو بەدواداچوونیشمان كردووە».
وتیشی: « تائێستا هیچ رێنماییەكی تایبەت بەكاری ئارایشتگاكان و سەنتەرەكانی جوانكاری دەرنەچووە، بۆیە هەر كەسێك بەئارەزوی خۆی نرخ دادەنێت لە 800 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 2 هەزارو 200 دۆلار، بەمدواییە ڤی ئای پی-ش پەیدابووە».