هاوڵاتی هۆكاری دواكەوتنی 700 ملیارەكەو نەچوونی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرادەكات
بەغدا وردبینی لەحساباتی سێ مانگی هەرێم دەكاتو بەوەفدەكەیان وتووە پێویست ناكات بێنە بەغدا
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
وەزارەتی دارایی عێراق داوای كردووە وەفدەكەی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا نەكات، بۆیە چوونی وەفدەكە بۆ بەغدا شكستیهێناوە، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت «لەم هەفتەیەدا هەرێم داواكاریەكانی بەغدا جێبەجێ دەكات لەبەر ئەوەش چوونی وەفدەكە دواكەوتووە»، پەرلەمانتارێكی پارتیش لەپەرلەمانی عێراق پێی وایە «حكومەتی عێراق حسابی داعشیش بۆ هەرێمی كوردستان ناكات، چونكە لەكاتی شەڕی داعشدا بەهێلیكۆپتەر مووچەی بۆ موسڵ و ئەو ناوچانە دەنارد كە لەژێر دەسەڵاتیاندا نەبوون».
بڕیاربوو رۆژی دووشەممە 30-10-2023 وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە، دوای ئەوەی ناردنی 700 ملیارە قەرزەكە لەلایەن بەغداوە دواكەوت.
سەبارەت بەدواكەوتنی ئەو قەرزە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وەفدەكە نەچوونەتە بەغدا هەندێك داواكارییان هەبووە ناردوویانە بۆ وەفدی هەرێم بەپێی بڕیارەكەشیان دەبێت لەم هەفتەیەدا داواكاریەكانیان لەلایەن وەفدی هەرێمەوە جێبەجێ بكرێت و بنێردرێتەوە بۆ بەغدا».
وتیشی:» ئەگەر بیانوویەكی دیكەی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەم هەفتەیە 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت».
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد «ئەو وەفدەی بڕیاربوو سەردانی بەغدا بكەن، سەردانەكەیان هەڵوەشاوەتەوەو سەردانەكە ئەنجامنادەن».
سەرچاوەكە وتیشی «وەزارەتی دارایی بە بەرپرسانی هەرێمیان راگەیاندووە، پێویست بەچوونی وەفد بۆ بەغداد ناكات، چونكە ئەوان داوای راپۆرتی خەرجی مانگەكانی حەوت و هەشت و نۆ-یان كردووەو ئێوەش ناردووتانە، بۆیە پێویست ناكات سەردانی بەغدا بكەن».
سەرچاوەكە لەبارەی 700 ملیارەكە وتی:» رێكارەكانی ناردنی پارەكە لە وەزارەتی دارایی تەواو بووەو بانكەكانیش لە 31-10-2023 ەوە دەست بەناردنی دەكەن، كە رەنگە ئەمڕۆ یان سبەی، یەكێك لەبانكەكانی رەشیدو رافیدەین گوژمەی یەكەمی پارەكە بنێرن».
هاوكات سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشكراكرد «هەركات 700 ملیارەكەی بەغدا بگاتە دەست وەزارەتی دارایی لیستی مووچە رادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب دەكرێت».
پەرلەمانتارێكی پارتی لەپەرلەمانی عێراق پێی وایە حكومەتی هەرێم هەموو داواكاریەكانی جێبەجێكردووەو لەڕووی یاساییەوە هیچ پاساوێك نییە بۆ نەناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان.
شوان محەمەد پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:»ئەوەی من زانیاریم هەبێت شتێك نییە بەغدا داوای كردبێت و هەرێمی كوردستان جێبەجێی نەكردبێت، تەسفیەی حساباتی ئەم سێ مانگەی دوایشیان كردووەو چاودێری دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر داوە».
وتیشی:»نەوت رادەست كراوەو چۆن دەیبەن یاخودنا ئەوە كێشەی هەرێم نییە، ئەوە پەیوەندی بەدەوڵەتی عێراقەوە هەیەو بودجەش پەسەندكراوەو رێنمایی بۆ دەرچووە، بەوتەی هەموو پسپۆڕان ساڵی 16 ترلیۆن و نیو بۆ هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە، بەڵام تائێستا بەو قەرزانەی كە داویشیانە چوار ترلیۆنمان وەرنەگرتووە، ئێستا 12 ترلیۆنمان لای عێراقە».
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت:»ئەمانە هەر مەبەستیان ماندووكردنی خەڵكی كوردستانەو بەهانەیەكی یاساییان نەماوە بۆ نەناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان چییان وتووە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامیداوە رێككەوتنی سیاسیش كراوەو هەردوو حكومەتیش رێككەوتنیان هەیە، لەهەموو جیهان دەوڵەتێك نییە مووچەی فەرمانبەرەكانی لەسەر «نەفەقاتی فیعلی» بدات بەڵام ئیتر ئەمە عێراقەو وڵاتێكی گەندەڵە دەیان پرۆژە هەیە هەر نەكراوەو پارەكەشی خوراوە».
سەبارەت بەناردنی قەرز لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێم شوان محەمەد دەڵێت:»ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت قەرزەو گرەنتییە كەدەدرێتەوە چونكە پارەیەكی زۆرمان لای عێراقە كە ناشیدەن ئەوەیە دەیانەوێت لەنێوان حكومەتی هەرێم و فەرمانبەراندا كێشە دروست ببێت دەشیانەوێت پرۆسەی خوێندن پەكبخەن و پێشمەرگە و ئاسایش و فەرمانبەران بێ مووچەبن و حزبەكان لەناوخۆیاندا یەك نەبن ئەمەش دەستی دەرەكی تێدایە».
«ئەوان دەزانن كەمووچەیان نەدا پرۆسەی خوێندن و ئیدارەدان پەكی دەكەوێت و خەڵك دێتە سەرشەقام و ئەوكاتەش كێشە دروست دەبێت، بۆ بودجەی 2024 یش دەبێت دیسان رێككەوتنی سیاسی بكرێت چونكە بەزۆرینە و كەمینە هەموو فراكسیۆنە كوردییەكانیش 63 ئەندامیان هەیە و ناتوانین هیچ پرۆژەیەك تێپەڕێنین، ئەوان لەسەرەتاوە ئێمە بەكەسی پلە دوو دەبینن ئەگەرنا ناوێرن 10 رۆژ مووچەی فەرمانبەرانی خۆیان نەدەن، كاتی شەڕی داعش موسڵ لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا نەبوو بەڵام مووچەیان بۆ دەنارد بەهێلیكۆپتەر و داعش دەیپاراست، كەواتە حسابی داعشیش بۆ هەرێمی كوردستان ناكەن».
حكومەتی هەرێم باس لەوەدەكات ئەوكاتی نەوتیان سەربەخۆ فرۆشتووە مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچەیان دابەشكردووە، بەڵام داتاكان شتێكی دیكە دەڵێن
رۆژی 30-10-2023 جوتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری هەرێم رایگەیاند: كاتێك نەوت هەناردە دەكرا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچەی دابەش دەكرد.
وتەكانی جوتیار عادل لەكاتێكدایە، رۆژی ٣ی شوباتی ٢٠١٦، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كورستان بڕیاری لەپاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران دا، كەپاشەكەوتكردنەكە لە ١٥% دەستی پێدەكرد تاوەكو ٧٥%، بەڵام لە ئاداری ٢٠١٨دا حكومەت رایگەیاند پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێژەیەكی زۆر، كەمكردووەتەوە.
دوای ھەڵگرتنی پاشەكەوتیش حكومەتی هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی دارایی مانگانە ٧٢٥ ملیار دینار بۆ مووچە خەرج دەكات، لەكاتێكدا دوای راگەیاندنی پرۆژەی چاكسازی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە خەرجی مووچە بۆ زیاتر لە 900 ملیار بەرزبووەوە.
لەھەرێمی كوردستان، نزیكەی یەك ملیۆن و 300 ھەزار كەس مووچە وەردەگرن، كە ٦٨٣ ھەزاریان فەرمانبەرن.
هاوڵاتی بەداتا قۆناغەكانی لێبڕین و پاشەكەوت و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخاتەڕوو:
یەكەم: پاشەکەوتی مووچە، ئەم قۆناغە لەسەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا، ئەوكات نێچیرڤان بارزانی بەموچەخۆرانی راگەیاند کەئەوە قەرزەو لەکاتێکدا کە باردۆخی ئابووری هەرێم باش بوو دەدرێتەوە.
دووەم: لێبڕینی موچە ئەم قۆناغە لەسەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (8) موچەی تەواویان بڕاو (10) موچەشیان بەلێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکراوە، بەڵگەش بۆ ئەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لەدانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لەپەرلەمان ئەم لێبڕینانەی بەقەرز لەسەر حکومەتەکەی هەژمار نەکردووە.
بەشێوەیەكی گشتی لەکابینەی هەشتەم و نۆیەم) 10 مووچەی بەلێبرینەوە داوەو 12 مووچەی هەر نەداوەو 34 مووچەی فەرمانبەرانیش لێی پاشەكەوت كراوە. حكومەتی هەرێم زیاتر لە (23 ترلیۆن و 209 ملیارو 502 ملیۆن ) دینار قەرزاری موچەی فەرمانبەرانە بەڵام قەرزەكەی خستووەتە سەر حكومەتی عێراق، لەكاتێكدا لەپەرلەمانی عێراقیش پرۆژەیاسای پێدانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەیەكی مانگانە شكستیهێنا.
بەهۆی ناكۆكی و رێكنەكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بەشە بودجەی هەرێم و حساباتی نێوانیان، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تائێستا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە 1-11-20-2023 یە، واتە فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی سێ مانگیان پێنەدراوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆتایی ساڵی 2013ەوە بەشێوەیەكی فەرمی ئابوری سەربەخۆی راگەیاندو دەستی بەفرۆشتنی نەوت كرد، سەرئەنجام لەساڵی 2014 حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، بەڵام دوای زیاتر لە10 ساڵ لەئابوری سەربەخۆ سەرئەنجام بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی پاریس لە 25-3-2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراو حكومەتی هەرێم دەستیكرد بەدانوستان بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، هەرچەندە لە 4-4-2023 حكومەتی عێراق و هەرێم رێككەوتن لەسەر دووبارە هەناردەكردنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم، بەڵام تائێستا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێنەكردووەتەوە، هەرچەندە حكومەتی توركیا رایگەیاندووە بۆرییەكان كە نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەگوازنەوە نۆژەنكراونەتەوەو ئامادەن بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.