«دووکەڵو بۆنی پیس ژیانی ناخۆش کردووین»؛ حەڤدەساڵە پاڵاوگە نایاساییەكانی سێمێل داناخرێنو مەترسیی ژینگەییان دروستکردووە
«کابینەی هەشتو نۆ بڕیاری داخستنی داون، بەڵام هێشتا بەنایاسایی کاردەکەن»
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
لەساڵی 2006ەوە تائێستا حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڵێن بەخەڵك دەدەن كەپاڵاوگە نایاساییەكانی ناوچەی كواشێ سەر بەقەزای سێمێل دابخرێن بەڵام تائێستا لەکارکردن بەردەوامن، جگە لەزیانە تەندروستییەکانی، ژینگەی قەزاكەشی تێكداوە .
پاڵاوگە نایاساییەكان دەكەونە ناوچەی كواشێ سەر قەزای سێمێل، تاپێش ساڵێك ژمارەیان 45 پاڵاوگە بوو، ئێستا تەنها 16 پاڵاوگە ئیش دەكەن، لەسەر ئاستی باڵا چەندینجار بڕیاری داخستنیان بۆ دەركراوە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە .
ساڵح رەمەزان، موختاری كۆمەڵگای باستكێ-یە كەتەنها چوار كێلومەتر دوورە لەناوچەی كواشێ، بەهاوڵاتی وت، «17 ساڵی رێكە ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەرنەكراوەو تازە لێی راهاتووین، رۆژانە دوكەڵی پیس و رەش و بۆنی ناخۆش هەڵدەكێشین، ژمارەیان نازانم بەڵام دڵنیام زۆر كەس تووشی نەخۆشی رەبۆو سییەكان بوونەتەوە بەهۆی ئەم پاڵاوگانە، هەر ماوە ماوە بڕیاری تازە دەردەكەن و جێبەجێ ناكرێت، ئەوەی زیانی پێدەگات تەنها خەڵكی ئاساییە».
دوو هەزارو 500 كەس لەكۆمەڵگای باستكی دەژین. لەساڵی 2010 خەڵكی قەزای سێمێل و دەوروبەری بەنوێنەرایەتی هەموو خەڵكی قەزا 500 ئیمزا كۆكرانەوە، دواتر رادەستی ئیدارەی پارێزگای دهۆك كرا، سەرباری چەندین هەوڵی دیكەش تا لەم كێشەیە رزگاربین بەڵام هەر سوودی نەبووە .
ساڵح رەمەزان دەڵێت، «ئەگەر ئەوانە نایاسایی نەبن ئەی بۆچی بەشەو زیاترو قاچاغی ئیش دەكەن، ماوەیەك هەندێك پاسەوانیان لەسەر رێگای گشتی ناوچەی كواشێ دانا تاڕێگری لەو تەنكەرانە بكەن كەنەوتی خاو دەگوازنەوە بۆ ئەو پاڵاوگانە بەڵام ئێستا پاسەوانەكانیش لەوێ نەماون، خاوەنی ئەو پاڵاوگانە حساب بۆ لایەنی پەیوەندیدارو حکومەت ناكەن».
« هیچ خۆشیمان نیە، بەهاوینان ناتوانین موبەریدەو پانكە دابگیرسێنین بەهۆی بۆنی ناخۆش و دوكەڵ، لەزستانیش بەهەمانشێوە دوكەڵ و بۆنێكی پیس و بۆگەن بەناوچەكەدا بڵاودەبێتەوە، بۆنەكەی ئەوەندە ناخۆشە ناتوانم وەسفی بكەم، جگە لەزیانە تەندروستییەكان هاوكات زیانی زۆر گەیاندووەتەوە ژینگەی قەزاكە، هەروەها زیانی زۆری بۆ جووتیارانی ناوچەكە هەیە « ساڵح رەمەزان وای وت .
پیسكردنی ژینگەو ئاووهەوای كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسیشی بۆ دانراوە، كەزیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆرو شێوازی سەرپێچی دەگۆڕێت .
شەڕی یاسایی و بڕیاری نێوان حكومەت و پاڵاوگەكان نوێ نییە، لەساڵی 2010وە چەندینجار دووبارە بووەتەوە، هەر جارەو زنجیرەیەك رێوشوێن دەركراوە بەڵام پاڵاوگەكان هێشتا لەكاردان.
عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو پیشەسازی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت، «لەكابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم و لەم كابینەیەشدا، بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی ناوچەی كواشی دەركردووە، هاوكات پێشتر لەوەزارەتی ناوخۆو ئێدارەی پارێزگای دهۆكیش بڕیاری داخستنیان دەركردووە، بەڵام تائێستاش بەشێكیان ئیش دەكەن، دوای دەرچوونی هەر بڕیارێك بەماوەیەكی كەم دووبارە ئیشیان كردووە.
عەبدولسەمەد تێلی دەشڵێت: چارەسەركردنی ئەم كێشەیە زۆر ئاسانە، تەنیا بەڕێگریكردن لەو تەنكەرانەی نەوتی خاویان بۆ دابین دەكەن، ئەگەر نەوتی خاویان پێنەگات ناتوانن ئیش بكەن و بەناچاری خۆیان وازدەهێنن، بەڵام ئەمە نەكراوە تائەم ساتەش نەوتی خاویان بۆ دەڕوات و ئیش دەكەن».
نزیكەی 45 پاڵاوگە لەسنوری كواشێ بەشەوو رۆژ كاریاندەكرد، بەڵام بەهۆی تێكدانی ژینگەو ناڕەزایی خەڵك ئیدارەی پارێزگای دهۆك لە 25ی ئابی 2021دا بڕیاریدا بەداخستنی هەموو پاڵاوگەكان، لەئێستادا 16 پاڵاوگە ئیش دەكەن و دۆسیەی ژمارەیەك پاڵاوگە لەدادگان و یەكلایی نەكراونەتەوە.
لەبارەی رێكارەكانی ئیدارەی پارێزگای دهۆك و قایمقامیەتی قەزای سێمێل بۆ داخستنی پاڵاوگەكان، خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل بەهاوڵاتی وت: گوڕانكاری و رێكاری ئیداری بەرامبەر پاڵاوگە نایاساییەكانی ناوچەی كواشێ كراوە، یەکەم ژمارەی پاڵاوگەكان پێشترنزیكەی 45 پاڵاوگە بووە، ئێستا ئەوانەی ئیش دەكەن ژمارەیان 11 بۆ 12 پاڵاوگەن، دووەم ئەوانەی ئێستا ئیش دەكەن لەژێر چاودێری وردی لایەنە پەیوەندیدارەكانن كەكۆمەڵێك مەرج و رێنماییان بۆ دانراوە كەدەبێت جێبەجێی بكەن، بەپێچەوانەوە دادەخرێن «.
خەلیل مەحمود دەشڵێت: بەپێی بەداواداچوونەكانمان ئەو پاڵاوگانەی ئێستا ئیش دەكەن بەشی زۆری رێنمایی و مەرجەكانیان جێبەجێ كردووە، بۆ داخستنی یەكجارەكی كاری ئەو پاڵاوگانەش پێویستی بەبڕیاری حكومەتە «.