هێمن قەرەداغی نوسەر و شاعیر بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە گیانی لەدەستدا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، نووسەر و شاعیر هێمن قەرەداخی بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە لە کاتی میوە کڕیندا ئەو شاعیرە گیانیلەدەستدا ، بە گوێرەی زانیارییەکان هێمن لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون، کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزیوە بۆ کڕینی میوە بارهەڵگرێک پێیدا کێشاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
هێمن قەرەداخی، نوسەر و شاعیر و سینەماکار، دەرچوی کۆلێژی هونەرە بەشی سینەمای زانکۆی سلێمانی، چەندین پەرتوکی چاپکردووە کە دیارترینیان 'یەک هەناسە، هەریەکەمان لە باخێکدا یاقوتەکانمان لێ کەوت و مەعریفە و ئیمانن'.
لە پاڵ پەرتوکەکانیشدا سیناریۆی بۆ چەندین شانۆگەری و کورتە فیلم نوسیووە و لە کۆتا کاریدا، نوسین و دەرهێنانی بۆ كورتە فیلمی 'ماسكی چوارەم' کردووە.
هاوکات لەبارەی ئەم رووداوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پرسە و پەژارە و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی دوایی نووسەری بەڕێز و ئازیزمان هێمن قەرەداخی دەردەبڕین. داواخوازین خوای گەورە ئارامیی بە هەموو لایەکمان ببەخشێت و جێگای بەڕێزیان بەهەشت بێت".
