ئومێد خۆشناو: زانیمان پارەدان بۆ وەستاندنی ئۆتۆمبێل رای خەڵکی لەگەڵ نییە بۆیە جێبەجێ ناکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پرۆژەی بەکرێدانی شەقامەکان لە ساڵی 2018 داندراوە و جێبەجێ ناکرێت بەهۆی ئەوەی "زانیمان رای خەڵکی لەگەڵ نییە."

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2023، ئومێد خۆشناو لەسەر پرۆژەی بەکرێدانی شەقامەکان لە شاری هەولێر وتی، "ئەوە تەنها دیراسەیەک بوو و هی ئەمڕۆ نییە، لەساڵی 2018ەوە کراوە."

ئومێد خۆشناو وتیشی، "هەموو رێکخستنێک یەکەم کەس هاوڵاتی تێیدا سوودمەند دەبێت و تەنها دیراسەیەکە ئامادە کراوە، ئێمە گوێبیستی خواستی هاوڵاتیان بووین و زانیمان رای خەڵکی لەگەڵ نییە بۆیە جێبەجێ ناکرێت."

بڕیاربوو بەپێی بڕیارێکی بەرێوبەرایەتی شارەوانی هەولێر، وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکان بکرێتە بە پارە و لە قۆناغی یەکەمدا لە شەقامی 60 مەتری هەولێر جێبەجێ بکرێت و دواتر تەواوی شەقامەکان بگرێتەوە. پرۆژەکە بەپێی کاتژمێری وەستاندن پارەی زیاتری لە شۆفێران وەردەگرێت.

هاوکات وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم دوێنێ دووشەممە روونکردنەوەیەکی لەسەر بابەتەکە بڵاوکردەوە و وتی، "سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی شار و شەقام و جەنجاڵی هاتوچۆ لەسەر کەوانەیەکی شەقامی شەست مەتری لە هەولێر، بابەتێكی دراسە كردووە، بەمەبەستی زانینی کاریگەرییەکان، بەڵام ئەم بابەتە تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی دیراسەتكردنە و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار