هاوڵاتی دوایین زانیاری سەبارەت بەپلانی بەریتانیا بۆ ناردنەوەی بەزۆری پەنابەرانی عێراقی و كورد ئاشكرادەكات

بەریتانیا بەنیازە وەك پلانی جێگرەوە بۆ رواندا، پەنابەرانی عێراق و هەرێم راستەوخۆ دیپۆرت بكاتەوە

12 مانگ لەمەوپێش



هەناو بابە رەسوڵ

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیا بڵاویكردەوە، حكومەتی بەریتانیا پلانی هەیە هەر پەنابەرێكی كورد بەنایاسایی روو لەبەریتانیا بكات راستەوخۆ رەوانەی عێراقی بكاتەوە بەهۆی ئەوەی بەنیازە عێراق بخاتە لسیتی ئەو وڵاتانەی كە «سەلامەتن، فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراقیش پشتڕاستیدەكاتەوە كەحكومەتی عێراق و هەرێم رێككەوتنیان كردووە لەوبارەیەوە.

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لەڕاپۆرتێكیدا باس لەوەدەكات كەحكومەتی بەریتانیا بەنیازە هەریەك لەوڵاتانی توركیا، میسر، عێراق بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەوە كە «سەلامەتن» بەمەش رێكارەكان بۆ وەزارەتی كۆچی بەریتانیا ئاسان دەكات تاهەر پەنابەرێك روو لەبەریتانیا بكات دەستبەجێ دیپۆرتی بكەنەوە، ئەم پلانەش وەك بژاردەی دووەم سەیر دەكرێت لەحاڵەتی سەرنەگرتنی پلانی ناردنی كۆچبەران بۆ رواندا كەبڕیارە ئەم هەفتەیە دادگای باڵای بەریتانیا كۆبوونەوەی لەسەر بكات.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی پەنابەران، ژمارەی كۆچبەرانی ئەو سێ وڵاتە لەمساڵدا تا كۆتایی ئابی، چوار هەزار كەس بوون كە روویان لەبەریتانیا كردووە. لەئامارەكەدا هاتووە كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاكۆتایی مانگی ئاب، هەزارو 774 كۆچبەری بە نایاسایی لەڕێگەی نۆكەندی ئینگلیزەوە چوونەتە نێو بەریتانیا.

رۆژنامەی تەلەگراف دەشڵێت، وەزارەتی كۆچ (هۆم ئۆفیس) لەلایەن حكومەتی بەریتانیاوە داوای لێكراوە لێكۆڵێنەوە لەئاسانی ئەو كارە بكات كەناردنەوەی كۆچبەرانی عێراقییە بە رەچاوكردنی ئەوەی كە 80%ی ئەو عێراقییانەی داوای مافی پەنابەرێتییان كردووەو داواكانیان رەتكراوەتەوە كوردن.

 رۆژنامەكە باس لەوەش دەكات، رۆبێرت یەنریك، وەزیری كۆچبەرانی بەریتانیا، لەكۆبوونەوەیەكدا لەبارەی ئەو پرسەوە گفتوگۆی لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كردووە.

 لەلایەن خۆشیەوە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا رۆژی 11-8-2023 بڵاویكردەوە: لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمی حكومەتی بەریتانیا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەریتانیاو لەسێ رۆژی سەردانەكەیەدا بەیاوەری كاروان جمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا ژمارەیەك دیداری لەگەڵ كاربەدەستانی ئەو وڵاتەو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی بەریتانیا ئەنجامدا.

نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو: هەر لەوەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەلایەن رۆبەرت جێنریك وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی بەریتانیا پێشوازی لێكرا، لەدیدارەكەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییە دولایەنەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا جەختی لێكرایەوە كە دەبێت بەهێزتربكرێن و تیشك خرایەسەر ئاستەنگییەكانی كەهۆكارن بۆ دروستبوونی ناسەقامگیری ئەمنی و ئابووری و هەردوولا كۆكبوون لەسەر ئەوەی كەدەبێت هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ چارەسەركردنی هۆكارە ریشەییەكانی گرفتەكان و لەسەرچاوەوە چارەسەربكرێن.

هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە كرد سەبارەت بەپرسی ناردنەوەی پەنابەرانی كورد لەبەریتانیا، بەڵام ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن.

لەلایەن خۆیەوە دەشتی جەمال، سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو رێككەوتننامەیەی نێوان حكومەتی عێراق و بەریتانیا شتێكی نوێ نییە، بەڵكو لەچەندساڵی رابردوودا واژۆ كراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەدوای سەردانی بۆ بەریتانیا و دانیشتنی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پێشووی بەریتانیا ئامادەسازییان كرد بۆ بەڕێوەچوونی رێككەوتنەكە».

وتیشی:»لە2022 دا توانیمان بەر بەو رێككەوتنە بگرین لەمانگی شەشی ئەو ساڵەدا ویستیان زیاتر لە 35 پەنابەر بنێرنەوە بۆ هەرێم بەڵام رێگریمان لێكرد بەپشتیوانی چەند پەرلەمانتارێك، دواتریش توانیمان ژمارەیەكیان لەزیندان بهێنینە دەرەوە، وەكو فیدراسیۆنی پەنابەران لەنزیكەوە ئاگاداری دۆخیانین لەئێستادا هیچ پەنابەرێك نەگیراوە بۆ دیپۆرتكردنەوەو حاڵەتێكی واش هەبێت ئێمە دەست بەكاری خۆمان دەكەین».

سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق دەشڵێـت:»بەهۆی ئەو فشارو ناڕەزایەتیانەی بەهۆی جەنگی غەززەوە دروستبووە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەكارەكەی دوورخرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ دادگای باڵای شاهانەی بەریتانیا ئەو بڕیارەی پێشتر رەتكرایەوە بۆ ناردنی پەنابەران بۆ رواندا جارێكی دیكە پێیدا دەچێتەوە، لەوبارەیەوە خۆپیشاندانمان دەستپێكردووە، تا فشار بكەین ئەو هەوڵانەی بەبەردەوامی دەدرێن بۆ دیپۆرتی پەنابەران شكستی پێبهێنین».

سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق، بۆ رێككەوتنی نێوان بەریتانیاو عێراق بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە، كە لە 6-4-2022 تۆم پیرس وەزیری دادو كاروباری كۆچ و پەنابەری نایاسایی نامەیەكی ئاڕاستەی نزار خەیروڵا جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق كردووەو سوپاسی كردووە لەگەیشتن بەڕێككەوتن سەبارەت بەناردنەوەی پەنابەران.

لەنامەكەدا هاتووە:» سوپاس بۆ رێككەوتن لەسەر پێدانی دۆكیومێنت و ناسنامە كەیارمەتی دەدات لەزاڵبوون بەسەر هەر كۆسپ و تەگەرەیەكی ترانزێت (پەڕینەوە) لەبەغدا».

دەشتی جەمال لەوبارەیەوە دەڵێت:»ئەمە كارێكی نایاسایی و هاوكات تاوانێكی گەورەیە بەرامبەر چارەنووسی دەیان پەنابەر كەبەرهەمی داسەپاندنی هەلومەرجێكی ئەوپەڕی نامرۆڤانەیە لەسەركوت و بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێ مافی و لەدەرەوەش دەست لەیەخەی پەنابەران ناكەنەوەو كردوویانن بەوەرەقەیەكی سیاسی و ئابووری لەپێناو قازانج و بەرژەوەندیەكانیان».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار