حکومەتی هەرێم‌ و بەغدا رێککەوتنێکی نوێ لەسەر مووچە ئەنجام دەدەن

12 مانگ لەمەوپێش



دلێر عەبدوڵڵا

بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەی بودجەو موچەی هەرێمی كوردستان، بڕیارە گەڕێكی تری دانوستانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بەڕێوەبچێت، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە كۆبوونەوەكان لەهەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم_یش ئاماژەی بەوە كرد كەداوا لەبەغدا كراوە موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ رەوانەی هەرێم بكرێت، بەپێی زانیارییەكانیش بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە بەغدا سێ موچە رەوانەی هەرێم بكات.

پاش كۆتایی هاتنی گفتوگۆكان لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان داواكارییەكی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە تایبەت بەپرسی گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەران بڕیارە گەڕێكی تری دانوستانەكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا بەڕێوەبچێت و تێیدا رێكەوتنی ستراتیژی لەبارەی پرسی موچەوە ئەنجامبدرێت.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، گفتوگۆكان لەبارەی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەڕێوەبچێت، جارێكی تر دانیشتن و رێكەوتن لەنێوان شاندی هەرێم و بەغدا ئەنجامبدرێت و ئەندامانی شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكەن، لەوبارەیەوە دكتۆرە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەرپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت «گەڕی ئەمجارەی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جیاواز دەبێت و رێكەوتنی نوێ لەبارەی پرسی موچەوە ئەنجام دەدرێت، ئامانجی كۆبوونەوەی ئەمجارە كۆتاییهێنانە بەناكۆكییەكان و قسەكردنە لەسەر دەركردنی یاسای نەوت و غاز، چونكە لێكتێگەیشتنی تەواو هەیە سەبارەت بەپرسی موچەو بڕیاریش دراوە كەپرسی موچە لەناكۆكییە سیاسییەكان جیابكرێتەوە.»

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، مەسرور بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، داواكارییەكی پێشكەش بە محەمەد شەیاع سودانی كردووە تایبەت بەپرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كەخۆی لەدابینكردنی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەران دەبینێتەوە، لەوبارەیەوە هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت «هیچ زانیارییەكمان پێنەگەیشتووە دەربارەی رێكەوتنی نوێ، ئەوەندە نەبێت كە ئەمڕۆ بەڕێز رێباز حەملان بڵاویكردەوە كەداوا لەسەرۆك وەزیران كراوە موچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكرێت.»

رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ سێشەممە لەشاری سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە داوایان لە شەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە موچەی سێ مانگی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت و دڵنیاییشیدا كە داواكارییەكەیان جێبەجێ دەكرێت و لەكۆتایی ئەم مانگەدا پارەكە دەگات بۆ هەرێمی كوردستان.

لەئێستادا كۆتایی هاتووە بەدابەشكردنی موچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێم، موچەخۆران چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەی مانگی ئەیلول دەكەن و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی-ش چاوەڕێی بەغدان بۆ ئەوەی ٧٠٠ ملیار دینارەكە رەوانە بكات. لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی بەهاوڵاتی وت «پێش كۆتایی ئەم مانگە ٧٠٠ ملیارەكە دەگات و راستەوخۆ پاش گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلول دەكەین و لەماوەیەكی كەمدا كۆتایی بەدابەشكردنە دەهێنین.»

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، گرفتی موچە تاكۆتایی ئەمساڵ درێژەی دەبێت و حكومەتی هەرێم ناتوانێت پارەی پێویست بۆ پێدانی موچە دابین بكات، بۆیە لەڕێگەی بەغداو بەشێوەی رێكەوتن دەیەوێت ئەو گرفتە بەشێوەیەكی كاتی چارەسەر بكات، لەوبارەیەوە یوسف كیلابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «یەكلایی بووەتەوە كە هەرێمی كوردستان توانای دابینكردنی موچەی نییە، ئێمەش وەك لیژنەی دارایی داوامان كردووە كە مافی موچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت و بەدوای دابینكردنی ئەو مافەی فەرمانبەرانی هەرێمەوەین هەروەك ئەوەی كە پێشتر بەڵێنمان دابوو، ئەوپەڕی توانای خۆمان بەكاردەهێنین بۆ ئەوەی لەم نێوانەدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ون نەبێت.»

هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە نوێنەرانی كورد لەهەوڵی ئەوەدان كە دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خەرجی كردەیی دەربهێنێت و گۆڕانكاری لەو بڕگەیەی موازەنەدا بكرێت، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەكخۆی بدرێت، لەوبارەوە نەرمین مەعروف بەهاوڵاتی وت «لەهەوڵی ئەوەداین موچەو بودجەی هەرێم لەخەرجی كردەیی (انفاق فعلی) دەربهێنرێت، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی گرفتی موچە چارەسەر بكرێت و لەكێشەو ناكۆكی سیاسی جیابكرێتەوە.»

لەلایەكی ترەوەو هاوتەریب لەگەڵ پرسی موچە، پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بابەتێكی تری گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدایەو لەماوەی دوو رۆژی رابردووی سەرەتای ئەم هەفتەیە گفتوگۆو دانیشتن لەنێوان وەزیری نەوتی عێراق و بەرپرسانی هەرێم بەڕێوەچووە، كە تێیدا بڕیار لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دراوەو تەنها گرفتێك لەبەردەم ئەو پرسەدا مابێتەوە، بابەتی پشكی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتە كە بۆ ئەوە بەرپرسانی هەرێم چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن.

رۆژی 26ی ئازاری ئەمساڵ، بەبڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراو بەو هۆیەشەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان شكستی خۆی لە دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگەیاند. لەو ماوەیەشداو بەهۆی یاسای موازەنەی عێراقەوە دابینكردنی موچە لەلایەن بەغداوە كێشەی تێكەوت و بەپێی بڕیارێكی حكومەتی عێراقی و مانگانە بەبڕی ٧٠٠ ملیار دینار موچەی فەرمانبەران دابین دەكرێت. ئێستاش كە مانگی تشرینی دووەمە، موچەی مانگی هەشت دابین كراوەو موچەكانی مانگی ئەیلول و تشرینی یەكەم دابەش نەكراوەو ترس هەیە كە موچەی سێ مانگی ئەمساڵ دابەش نەكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار