تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق درێژکرایەوە

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بەزۆرینەی دەنگ تەمەنی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەرلەمانی عێراق درێژکرایەوە و پەرلەمانتارێک دەڵێت، کارەکانی کۆمسیۆن تا کۆتایی راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023 پەرلەمانی عێراق لە بڕگەی دووەمی دانیشتنی خۆیدا کۆبوونەوەی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا بەزۆرینەی دەنگ بریاردرا کارەکانی بۆ ماوەی شەش مانگی تر درێژبکرێتەوە.

لەو بارەیەوە بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پشکی یەکێتی رایگەیاند، "دەنگدانی پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەواو بوو، بەكۆی دەنگ پەسەند كرا، كارەكانی كۆمسیۆن درێژی دەبێت تاكو بە تەواوی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق‌ و هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت." 

بەپێی بڕیارەکە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تا 7ی تەمووزی 2024 دەبێت، کە پێش ئەو ماوەیە و لە 18ی مانگ داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە دەچێت و دواتریش لە 25ی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. 

درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنەکە گرنگی خۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا بەوپێیەی ئەگەر درێژ نەکرایەتەوە، ئەوا بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، نەیاندەتوانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار