مرۆڤ؛ بوونێکی بیرکەرەوە
11 مانگ لەمەوپێش
ئەحمەد ڕەسوڵ
ئێمە هەروەکو چۆن لەبەشێکی گەورەی ژیانماندا لەپەیوەند بەپرسگەلی جوداوە بەدۆخە جیاوازەکاندا تێپەڕدەبین یان لەنێویاندا دەژین بەبێ وەژێرپرسیارخستن «Questioning» و بەبێ بەگرفتئامێزکردن «Problematizing»ی ئەو دۆخ، پرس و چەمکانە، وادەزانین ئەوەی دەیزانین لەبارەیانەوە هەموو زانین و تەواوی راستییەو هیچ پنتێک و لایەنێکی ناڕۆشن و نەزانراویان تێدا نەماوەتەوە، بەڵام کاتێک لایەنیکەم یەکێک لەئەو دۆخ، پرس و چەمکانەمان بەپڕۆسەی پرسیارلێکردن و بەگرفتئامێزکردندا بردبێت، هێندە قووڵایی و لایەنی ناڕۆشنمان بۆ دەرکەوتووە، دەرکمان کردووە کەئەوەی زانیومانە نەزانین بووەو ئەوەی تێیگەیشتووین تێنەگەیشتن بووە.
پرسیارلێکردن و بەگرفتئامێزکردن، زەمینەی بیرکردنەوە
ئەگەر لەگوزارەی «مرۆڤ، بوونێکی بیرکەرەوە»وە دەستپێبکەین ئەوا راستەوخۆ خەیاڵمان دەچێتەوە بۆ کۆجێتۆی دێکارتی «من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم I think therefor I am «. لێرەدا هەرسێ واژەی «مرۆڤ، هەبوویەکی تایبەت و جیاکراوە لەنێو تەواوی بوونەوەردا»، «بیرکردنەوە، عەقڵ-ئاوەز»و «بوون» پێکەوە گرێدراون و بەجۆرێک پێماندەڵێت ئێمە تەنها بەبیرکردنەوە دەتوانین بوونی مرۆییمان بەرجەستە بکەین. بەڵام لێرەدا دەبێت پرسیار لەسەر هەردوو چەمکی «بیرکردنەوە»و «بوون» دابنێین. ئایا لەبیرکردنەوە مەبەست چییە؟ بیرکردنەوە لەکارە رۆتینیی و رۆژانەییەکانی ژیان یان چ جۆرە بیرکردنەوەیەک؟
هەڵبەت بیرکردنەوە لێرەدا ئاماژەیە بۆ دەرگیربوونی عەقڵ بەپرسگەلێک کە لەکایەی فیکرو فەلسەفەدا بابەتی تووێژینەوەن. هەمانشێوە بوونیش ئاماژەیە بۆ زیاتر لەمانای بوونێکی بایۆلۆژیی و میکانیکی بەپێداویستییەکانییەوە بەڵکو بوون وەکو مانایەکی ئۆنتۆلۆژیی. بوون لەدوو ئاستدا خۆی دەنوێنێت، یەکەمیان بوون وەکو ئەوەی دەردەکەوێت و دەبینرێت کە بەشێوەی هەستەکیی دەرکی دەکەین و پێی دەوترێت فینۆمینەPhenomena . دووەمیان بوون وەکو ئەوەی کەناتوانین بەشێوەی هەستەکیی دەرکی بکەین، بەڵکو بەشیوەی هۆشەکیی دەتوانین تێیبگەین، کەپێی دەوترێت نۆمینەNeumena . نۆمینە لەزمانی یۆنانییدا واتای شتێک دەگەیەنێت کە بیری لێدەکرێتەوە نەوەکو هەستیپێدەکرێت. (د.محەمەد کەمال، فینۆمینۆلۆجی)
بیرکردنەوە لەپەیوەندییەکی تەواوکارییدایە لەگەڵ زمان. لودڤیگ ویتگنشتاین دەڵێت «سنورەکانی زمانم، سنوری ئەو دنیایەیە کەتێیدا دەژیم The limits of my language mean the limits of my world» واتا زمان کەئاستیی قووڵیی و جۆرێتیی بیرکردنەوەمان دەردەخات ئەو دنیایەیە کەبوونی ئێمەی تێدا بەرجەستەیە. زمانی ئێمە «بیرکردنەوەی ئێمە»، دنیای ئێمەیە «بوونی ئێمەیە». فراوانیی سنوورەکانی دنیای بوونمان هێندەی فراوانیی سنوورەکانی زمان و بیرکردنەوەمانە. هایدیگەر دەڵێت، «زمان ماڵی بوونەLanguage is the house of being « واتا بوونی مرۆڤ لەنێو زمان-بیرکردنەوەدایە. زمان و بیرکردنەوە لەنێو یەکتریدان. بوونی ئێمە نیشتەجێی نێو (زمان-بیرکردنەوە)مانە.
پرسیار لەخودی بیرکردنەوە
برایان ماگی لەکتێبی (ددانپێدانانەکانی فەیلەسووفێک)دا لەبارەی بیرکردنەوەوە دەنووسێت: «ناتوانین بەزمان دەریببڕین کەبیرکردنەوە چۆنە پێشئەوەی وەربگێڕدرێتە سەر زمان» واتا بیرکردنەوە کەگفتوگۆیەکی یەکلایەنی ناوەکییەو هێشتا نەهاتووەتە دەرەوە لەڕێگەی زمانەوەو نەبووەتە وشە، ناتوانین وێنای بکەین و لێی تێبگەین، تەنها کاتێک دەتوانین لێی تێبگەین کەکرابێت بەووشە. (Thinking about Thinking; Prof. Raymond Tallis)
ئەوەی کە لەکۆنتێکستی ئەم نووسینەدا ژێر پرسیار خراوە، بیرکردنەوەیە دوای بەرجەستەبوون و گوزارشت لەخۆکردنی، واتا بیرکردنەوە دوای ئەوەی دەبێتە وشە، ئارگیومێنت و ئەنجامگیریی. بەگوێرەی ویتگنشتاین بیرکردنەوە کاتێک لەنێو زماندا جێگە دەگرێت دەکەوێتە نێو سنوورەکانی جیهانی ئێمەوە، بەڵام کاتێک بیرکردنەوە نەهاتبێتە نێو زمانەوە واتا نەهاتووەتە نێو جیهانی ئێمەوە. هەروەها بەگوێرەی هایدیگەریش لەبەرئەوەی بوون لەنێو زماندایە کەواتە ئەگەر بیرکردنەوە نەهاتبێتە نێو زمانەوە، نە لەنێو بووندایە و نە لەنێو جیهانی ئێمەدا.
کاتێک بیرکردنەوە ئاڕاستەی بابەت «بابەتی بیرلێکراوە» دەکرێت، تێگەیشتنێک لەبارەی بابەتەوە دێتە ئاراوەو لەئەمەشەوە راڤەکردن دێتە ئاراوە کەبوونی بابەتەکە پێکدەهێنێت. ئەمە بەگوێرەی مارتین هایدیگەر (د. محەمەد کەمال، هایدیگەرو شۆڕشێکی فەلسەفی)
لێرەوەو بەهەوڵدان بۆ بیناکردن لەسەر ئەم بۆچوونەی هایدیگەر، بیرکردنەوە خۆی دەکەین بەئامانجی بیرکردنەوەو بابەتی بیرلێکراوە. واتا بیرکردنەوە دەخەینە ژێر پشکنین و پرسیارلێکردنەوە.
ئایا هەر جۆرە بیرکردنەوەیەک و هەر شێوازێک لەبیرکردنەوە بە ئارگیومێنتسازیی و ئەنجامگیرییەکانیەوە، دەتوانین بە بەرهەمی عەقڵ و بەگوێرەی پێوەرە زانستییەکان بەدروست بزانین!. ئایا ناکرێت چەندین توێژینەوەو دەرئەنجام یان چەندین پڕۆسەی بیرکردنەوە، تێگەیشتن و راڤەکردن بۆ بابەتگەلی جیاواز، دووربن لەپڕۆسەی بەرهەمهێنانی عەقڵیی و ناکۆک بەهەر بنەماو سەرەتایەکی زانستیی!
فڕانسیس بەیکن لەکتێبی (ئۆرگانۆنی نوێ)دا بەگشتی چوار جۆری جیاواز لەقاڵبی وەهمیی لەنێو هزری مرۆڤدا دیاریدەکات کەئەم قاڵبە وەهمییانە یان ئەم بتانە رێگرن لەبەردەم بیرکردنەوەیەکی قووڵ و دروستی مرۆڤ. ئەم بت و پەیکەرانە لەهزری مرۆڤدا شکۆو پیرۆزییەکیان پێدراوە بەجۆرێک مرۆڤەکان بەگشتی لەدۆخی ئاسایی ژیانیاندا لەڕێگەی بیرکردنەوەکانیانەوە ناتوانن تێکیانبشکێنن. (فرانسیس بیکون، الاورجانون الجدید، ترجمە: د. عادل مصگفی)
یەکەم: بتەکانی هۆز (Idols of the Tribe)، ئەو بیروباوەڕە فریودەرو چەواشەکارانەن کەڕەگەزی مرۆڤ یان هۆزی مرۆڤ بەگشتی لەساتی بیرکردنەوەدا ناتوانێت تێیانبپەڕێنێت و بەسەریاندا زاڵ ببێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە مرۆڤ زیاتر بەو کڵێشەو چوارچێوانەوە گیرۆدەو وابەستە دەبێت کە لەنەوەکانی پێش خۆیەوە بۆی ماونەتەوە. واتا ئەم جۆرە بتە گشتییە لەئاستێکی کۆمەڵییدایە.
دووەم: بتەکانی ئەشکەوت (Idols of the Cave)، ئەو ئەشکەوتە تاریکانەن یان ئەو بتانەن کە لەهزری تاکەکەسدا هەن و هەر تاکەکەسێک بەگوێرەی تایبەتمەندیی خۆی بتێک یان کۆمەڵێک بتی تایبەت بەخۆی لەنێو هزری خۆیدا دروستکردووە کە لەجۆری ژیان، خوو، پەروەردەو بڕو شێوازی سەرسامبوونی بەکەسێکی تر «یان چەند کەسێک»ەوە هاتوون. ئەم بتانە بیرکردنەوەی تاکەکەس بەهەڵەدا دەبەن. ئەم بتانە دەبنە ئەو سنورو چوارچێوانەی کەتاکەکەس ناتوانێت بیانبەزێنێت.
سێیەم: بتەکانی بازاڕ (Idols of the Market Place)، ئەو بتانەن کە لەکارلێک و پەیوەندیی مرۆڤ بەئەوانیدییەوە دروستدەبن. ئەم بتانە لە کەڵەکەبوونی هەڵەکانەوە دروستبوون. ئەو راستییە هەڵەو ئەو تێگەیشتنە هەڵانەی کە لەهزری مرۆڤدا چوارچێوەو کڵێشەیان بۆ بیرکردنەوەکانی مرۆڤ دروستکردووە لەماناپێدانی هەڵە بەووشەکانەوە هاتوون. وشەکان ئەو مەبەستانە ناگەیەنن و ئەو واتایانە نابەخشن کە لەبنەمادا وشەو دەستەواژەکان بۆ گەیاندنی ئەو ماناو مەبەستانەن. واتا کاتێک ئەو واژەو چەمک و دەستەواژانەی لەسەرەتاوە بۆ گەیاندنی واتا، مەبەست، پەیام و ئامانجێک داڕێژراون لەبەرئەنجامی چەندبارەبوونەوەو گوێزانەوەو گێڕانەوەیان دەم بەدەم لەبازاڕو فەزای گشتییدا لەنێوان مرۆڤەکاندا، وایلێهاتووە ئەو واژە، چەمک و دەستەواژانە لەکۆنتێکستی خۆیان دابڕێنراون و لەمانا، مەبەست، پەیام و ئامانجی خۆیان دوورکەوتوونەتەوەو بەئەم هۆیەش ئەو چەمک، واژەو دەستەواژانە ماناو مەبەستی هەڵە دەبەخشن. لێرەوە کەڵەکەبوونی ئەو ماناو مەبەستە ساختەو هەڵانە بووەتە هۆی دروستبوونی بت و پەیکەر لەهزری مرۆڤەکاندا و رێگرن لەبەردەم بیرکردنەوەی فەلسەفیی و تێگەیشتنی لۆژیکیی و دەرئەنجامی زانستیی.
چوارەم: بتەکانی شانۆ ( Idols of the Theatre)، ئەو بتانەن کە لەئەو سیستمە یاسایی، مەزهەبیی و فەلسەفییانە پێکدێن کەهەروەکو شانۆییەک لەسەر شانۆ نمایش دەکرێن و پەیوەندییەکی راستەقینەو راستەوخۆیان بەواقعی ژیانەوە نییە، بەڵکو نمایشکردنی تایبەتمەندییەکانی ئەو جیهانەن کەمەزهەبەکان و سیستمە فەلسەفییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن کە لەڕاستییدا ئەو جیهانە نە لەڕابردوو هەبووەو نە لەئێستاو داهاتووشدا دەبێت. واتا ئەو بتە نمایشییانەن کە لەدۆگماکان و ئایدیۆلۆژیا فەلسەفیی و مەزهەبییەکانەوە دروستبوون. واتا ئەم بت و پەیکەرانە کەئایدیۆلۆژیاکان و مەزهەبەکان لەهزری مرۆڤەکاندا دروستیانکردوون تەنها نمایش و شانۆیین بۆ جیهانێک کەهیچ نییە جگە لەچەواشەکردن و فریودان.
فەلسەفە - وە زمانهێنانی بیرکردنەوە، گفتوگۆ
کاتێک بیرکردنەوە خۆی مانیفێست دەکات لەنێو زمانداو پرسیار دەورووژێنێت و دەیکاتە بابەتی گفتوگۆ لەبارەی هەریەک لەو پرس و چەمکانەی راهاتنێکی گشتییان لەسەرە لەباری ماناو ماهییەتیانەوە، بەڵام دووبارە رەخنە دەکرێن و ماناو رەهەندی نوێیان پێدەبەخشرێت، هەوڵدەدرێت بیرکردنەوەی گشتیی بەئاڕاستەی بیرکردنەوەیەکی رەخنەییدا ببرێت، ئیدی لەو شوێنە فەلسەفە لەهەوڵی سەر دەرهێنان و سەوزبووندایە.
لەڕاستیدا ئەم نووسینە لەپەیوەند بەڕۆژی جیهانیی فەلسەفەوە نووسراوەو بڵاوبوونەوەی بەهۆی چەند جارێک کورتکردنەوەوە کەمێک دواکەوت. رۆژی جیهانی فەلسەفە لەلایەن رێکخراوی پەروەردەیی، زانستیی و کولتوریی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNESCO)ەوە لەساڵی ٢٠٠٢ بڕیاریلێدراوەو هەموو سێیەمین پێنجشەممەی مانگی نۆڤەمبەری هەر ساڵێکی بۆ دیاریکراوەو چالاکیی، دیبەیت و گفتوگۆی فەلسەفیی لەفەزای گشتییدا سازدەکرێت لەبارەی پرسە جڤاتییەکانەوە.
تێبینی: ئاماژەنەکردن بەسەرچاوەی هەرسێ ستەیتمێنتەکەی دێکارت، ویتگنشتاین و هایدیگەر، لەسۆنگەی زۆر بڵاوبوونەوەو هەرە بەنێوبانگبوونیانەوەیە.
سەرچاوەکان:
*د. محەمەد کەمال، فینۆمینۆلۆجی،چاپخانەی بینایی، لەبڵاوکراوەکانی گۆڤاری کۆچ ١٨
*د. محەمەد کەمال، هایدیگەرو شۆڕشێکی فەلسەفیی، چاپی یەکەم ٢٠٠٧، دەزگای سەردەم.
*فرانسیس بیکون، الاورجانون الجدید، ترجمە: د. عادل مصگفی، الگبعە الاولی ٢٠١٣، رۆیە للنشر و التوزیع.
*Philosophy Now – A Magazine of Ideas – 2021 https://philosophynow.org/issues/143/Thinking_About_Thinking