سودانی: فەرمانم بە هێزە ئەمنییەکان کردووە هێرشکەرەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بدۆزنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی هێرش کرایەسەر بالێۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەئامانجگرتنی نێردە دیبلۆماسییەکان کارێکی "قبوڵنەکراوە"، دەشڵێت، "فەرمانم بە هێزە ئەمنییەکان کردووە هێرشکەرەکان بدۆزنەوە."
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 8ی کانونی یەکەمی 2023، وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاند لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دوو مووشەک هێرش کراوەتەسەر باڵیۆزخانەکە بەبێ ئەوەی هیچ گروپێکی دیارکراو تۆمەتبار بکات، بەڵام باسی لەوە کرد کە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن هێرشەکە لەلایەن گروپە میلێشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام درابێت.
لەسەر هێرشەکە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند کە فەرمانی بە سەرجەم هێزە ئەمنیەکان کردووە بەدوای هێرشبەرانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بگەڕێن و بیاندەن بە دادگا.
سودانی دەشڵێت، "بە ئامانج گرتنی نێردە دیپلۆماسیەکان کارێکی قبوڵ نەکراوە و زیان گەیاندن بە ئارامی و ئاسایشی عێراق کاری تیرۆریستیە."
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند کە لەدوای 17 تشرینی یەکەمی 2023 زیاد لە 75 جار هێرش کراوەتەسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا.
