راگەیاندنی سۆران: سەرجەم بریندارەکانی روداوەکە دۆخیان جێگیرە و قوربانییەکانیش خەڵکی بیانی تێدایە

2 ساڵ لەمەوپێش



وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە هاوڵاتی راگەیاند لیژنەیەکی باڵا بۆ بەدواداچوون لەسەر هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەی باڵاخانەکەی سۆران پێکهێنراوە، دەشڵێت، بریندارەکان تەندروستییان جێگیرە و ئەوانەیشی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی بیانیشی تێدایە کە ئێرانی و عەرەبن.

شەوی رابردوو ئاگر  باڵەخانەیەک لە ئیدارەی سۆران کەوتەوە و لە باڵەخانەکە ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و خەڵکی تری ئاسایی تێدا دەژیان، روداوەکەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی 14 کەس.

رەوەند هاودیانی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی سۆران تایبەت بە هاوڵاتی وتی، "کۆتا ئاماری قوربانیەکانی روداوەکەی شەوی رابردوو بەم شێوەیە، 14هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، 7 هاوڵاتی سڤیل برینداربوون لەگەڵ 8 کارمەندی بەرگری شارستانی و ئاسایش و پۆلیس کە لەگەڵ ئێمە هاوکاربوون بۆ کۆنتروڵکردنەوەی ئاگرەکە."

لەبارەی دۆخی تەندروستی برینداران، رەوەند هاودیانی وتی: سوپاس بۆخۆا دۆخی تەندورستی هەموو بریندارەکان جێگیرە، ئەوەی پێویست بێت بۆ بریندارەکان کراوە،هەروەها هەموو لایەک ئامادەیی خۆیان  دەربڕیووە بۆ هاوکاریکردنی بریندارەکان.

لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەی گیانییان لەدەستداوە، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران باسی لەوە کرد، "ناسنامەی هەموویان ئاشکرابووە، بەشێکیان خەڵکی سۆرانن، بەشێکی تر خەڵکی ئێرانن هەروەها عەرەبیشی تیادایە، لای ئێمە هەموویان وەکو یەکن هیچ جیاوازییان ناکەین."

هاوکات لەسەر لێکۆلینەوە لە هۆکاری روداوەکە رەوەند هاودیانی دەڵێت، "ناتوانین جارێ باس لە هۆکارەکانی روداوەکە بکەین، چونکە نامانەوێت پێش شتەکان بکەوین، لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە ئەو لیژنەیە بەوردی ئیش لەسەر روداوەکە دەکات، دوای کۆتایی هاتنی کارەی لیژنەکە ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار