پێکهاتەکان: لە ئەگەری نەمانی کورسییەکانمان بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نوێنەرانی ژمارەیەك لە حزبەكانی پێكهاتەی توركمان‌ و مەسیحی لە هەولێر ڕایانگەیاند، ئەگەر بێتو دادگای فیدراڵی شێوازی هەڵبژاردنەكەی كوردستان بكات بە فرەبازنەیی‌ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

نوێنەرانی ژمارەیەك لە حزبەكانی پێكهاتەی توركمان‌و مەسیحی لە هەولێر كۆبونەوە، و ئەم كۆبونەوەیە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پرسی دابەشكردنی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن.

چوار ساڵە پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر یاسای هەڵبژاردن و بەتایبەتیش كۆتاكان ناكۆكن، ئێستاش لەچاوەڕوانی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراقدان بۆ بڕیاردان، یەكێتی پێی وایە پێكهاتەكان لەلایەن پارتییەوە بەكاردەهێندرێن، بۆیە سكاڵای لەسەر كورسی كۆتاكان ئەنجامداوە، پارتیش قسەكردنی لەوبارەیەوە هەڵگرتووە بۆ دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، توركمانەكانیش سكاڵاكەی یەكێتی بەهەڕەشە لەسەر ناسنامەی نەتەوەییان لێكدەدەنەوە .

لەم پەیوەندەدا، ئەو لایەنە توركمان‌و مەسیحییانەی ئەمڕۆ لە هەولێر كۆبونەوە، هەڕەشەی بایكۆتكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی كوردستان دەكەن ئەگەر بێتو دادگای فیدراڵی شێوازی هەڵبژاردنەكەی كوردستان بكات بە فرەبازنەیی‌و كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دابەش بكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.

رۆژی 3ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی دواین دانیشتنی  لەسەر سكاڵاكەی یەكێتیی بەڕێوەبرد، لەم دانیشتنەدا دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد، بۆچونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو، كورسییەكانی پەرلەمان چۆن بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشدەبن، لە وڵامی ئەمەدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەکردووە،  لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارەی (12)ی ساڵی 2018ی هەمواركراو، هەرێمی كوردستان دەكرێت بە سێ ناوچەی هەڵبژاردن‌.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیشی بەمشێوەیە دابەشكردووە بەسەر بازنەكاندا:

• پارێزگای سلێمانی: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی

• پارێزگای هەولێر: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی

• پارێزگای دهۆك: (3) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی بەردەكەوێت، (1) كورسی توركمان‌و (1) كورسی ئەرمەن‌و (1) كورسی مەسیحی

بڕیارە لە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت كە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

ئەو پێنج ماددەیەی تانەیان لێدراوە:

ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت.

ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستانی عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.

ماددەی 15: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەكان.

ماددەی 22: هەر كیانێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان مافی هەیە لیستێكی تایبەت بەكاندیدەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات، كە رێژەیەك ژنی تێدابێت لە 30% كەمتر نەبێت.

ماددەی 36: بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەبری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات سكاڵاكەی سەری كۆتایی هاتووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار