zhyr

ئێران ڕێگەی نەدا خێزانی ژینا ئەمینی گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
هێزە ئەمنیەكانی ئێران لە فڕۆكەخانەی "ئیمام خومەینی" لەتاران ڕێگەیان نەدا خێزانەكەی ژینا ئەمینی گەشتی فەڕەنسا بكەن، مەبەستی سەردانەكە بۆ ئەوەبوو خەڵاتی ساخارۆڤ وەربگرن.

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان، سەر لە بەیانیی  شەممە، 9-12-2023  هێزە ئەمنیەكانی ئێران بە موژگان ئیفتخاری، دایكی ژینا، ئەمجەد ئەمینی، باوكی ژینا و ئەشكان ئەمینی، برای ژینایان وتووە، گەشتكردن بۆ دەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەغە كراوە، جگە لەوەی هەر لەوێش دەست بەسەر پاسپۆرتەكانیاندا گیراوە، بەڵام هێزە ئەمنیەكان تەنیا رێگەیان بە ساڵح نیكبەخت، پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی داوە گەشت بكات و بڕیارە لەبری خێزانی ژینا ئەمینی لە رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆفدا لەفەڕەنسا بەشدار بێت.

پەرلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساڵی 2023ـی ساخارۆفی پێشكەش بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان و ئازادی كردووە و رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەكە بڕیارە رۆژی 12-12-2023 بەڕێوەبچێت، خێزانی ژینا ئەمینی لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە بە فەرمی بانگهێشت كرابوون و بڕیار بوو لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا خەڵاتی ساخارۆف وەربگرن.

خەڵاتی ساخارۆف بەو كەس و گرووپانە دەدرێت، كە ژیانی خۆیان بۆ داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین تەرخان دەكەن.

 پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 1988ـدائەم خەڵاتەی بۆ رێزگرتن لە ئاندرە ساخارۆف، هاووڵاتی رووسی راگەیاند.

ژینا ئەمینی كچێكی تەمەن 22 ساڵی خەڵكی سەقزی پارێزگای سنەبوو لە رۆژهەڵاتی كوردستان ، رۆژی 13-9-2022 لە وێستگەیەكی شەمەندەفەری تاران بە تۆمەتی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەر كرا ، دواتر لە رووداوێكی جێگەی گوماندا باری تەندروستیی تێكچوو، سێ رۆژ دواتر گیانی لەدەستدا، گیانلەدەستدانەكەشی بووە هۆی ناڕەزایەتییەكی بەرفراوان و ماوەی چەند مانگێك بەردەوام بوو.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار