ئیسرائیل دەستیکرد بە ژێرئاوخستنی تونێلەكانی غەززەی
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە سوپای ئیسرائیل ژێرئاوخستنی تونێلەكانی غەززەی دەستپێكردووە تا چەكدارەكانی حەماس ناچاربكات تونێلەكان چۆڵ بكەن.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویكردەوە،سوپای ئیسرائیل لەرێگای راكێشانی ئاوی دەریاوە هەوڵدەدات تونێلی چەكدارەكانی غەززە ژێرئاو بخات، ئەوەش بەلایەنی كەمەوە هەفتەیەكی پێویست دەبێت.
دەشڵێت، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند لەسەر ئەو بابەتە هیچ لێدوانێك نادات و ئەوە پرۆسەیەكی تەواو نهێنییە.
هاوکات هەندێک لە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەڵێن ئەم پرۆسەیە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە وێرانکردنی تونێلەکان، کە ئیسرائیل پێی وایە حەماس بەکاریدەهێنێت بۆ شاردنەوەی بارمتە و چەکدار و تەقەمەنی، لەهەمانکاتدا کاربەدەستانی دیکە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی بە کارهێنانی ئاوی دەریا مەترسی لەسەر سەرچاوەی ئاوی شیرینی غەزە دروست بکات.
هەرلەوبارەیەوە جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند بەهۆی بۆردومانی هەڕەمەكی غەززە پشتیوانیەكان بۆ ئیسرائیل روو لە كەمبوونەوەن و داوای لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كردووە حكومەتەكەی بگۆڕێت.